نوێترین

recent

28/09/2023

لەکۆی سێ ئەنجومەنی یەکێتی ئەندامانی دوانیان بەبێ هەڵبژاردن دەستنیشان دەکرێن

 


ئەندامێکی کۆنگرەی یەکێتی رایگەیاند پەیکەری نوێی حزبەکە وا دادەڕێژرێتەوە کە سێ ئەنجومەنی هەبێت و ئەندامانی یەکێک لەو ئەنجومەنانە بە هەڵبژاردن دەگەنە پۆستەکە و ئەو دوانەکەی دیکە لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە ئەندامەکانیان دەستنیسان دەکرێت.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتیمانیی کردستان بە میدیاکانی راگەیاند؛ ئەوەی تائێستا پێشنیازکراوە ئەوەیە کە یەکێتی سێ ئەنجومەنی هەبێت و سەرۆکی یەکێتی سەرۆکی هەرسێ ئەنجومەنەکە بێت و هەر ئەنجومەنە و سکرتێری تایبەتی خۆی هەبێت.

گەڵاڵی ئاشکرایکرد؛ سەبارەت بە ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی، دوو پێشنیاز لەئارادایە، ژمارەی ئەندامەکانی ٥١ کەس بێت یان ٦١ کەس، ئەندامەکانی بە دەنگدان لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن و هەر بە دەنگدان سکرتێرێکیشی بۆ هەڵدەبژێردرێت.

“ئەنجومەنی دووەم، ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتییە، گفتوگۆ هەیە کە ٢١ یان ٣١ کەس بێت، دوای تەوابوونی گفتووگۆکان ئەوە یەکلایی دەکرێتەوە و دەخرێتە دەنگدانەوە” سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی وای وت.

بەپێی وتەی ئەندامەکەی کۆنگرەی یەکێتی؛ ئەنجومەنی سێیەم، بریتییە لە ئەنجومەنی پشتیوانیی، ژمارەی ئەندامەکانی ٧٠ تا ١٠٠ کەس دەبێت، لە کۆنگرەدا ئەو پێشنیازانە یەکلایی دەکرێنەوە.

 ناوبراو وتیشی “کۆنگرە دەسەڵات دەدات بە بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆکی یەکێتی کە ئەندامانی هەردوو ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان و ئەنجومەنی پشتیوانیی دەستنیشان بکات”.

ئەمە پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتییە و یەکەمین کۆنگرەیە کە لەدوای گۆڕینی سیستمی هاوسەرۆکییەوە ئەنجامدەدرێت، لە کۆنگرەکەدا، ٦٠٠ کەس بەشدارییان کردووە.

کۆنگرەکە دوێنێ چوارشەممە دەستیپێکرد و بڕیار وایە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بێت و تێیدا پەیڕەو و کارنامە و ئۆرگانەکانی یەکێتی دەنگیان لەسەر بدرێت.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085