هاوپەیمانی گەل.. یەكەم و كۆتا دەرفەت، بۆ گەڕانەوەی لاهور شێخ جەنگی
بوار، سلێمانی
وردە وردە پەردە لەسەر ئەو هەنگاوانە لادەچێت، كە ماوەیەكە لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی پێشووی یەكێتی نیشتمانی دەینێت بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەك بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق.
ئەو هاوپەیمانییەی لاهور شێخ جەنگی دەیەوێت دروستی بكات، خۆی لە لیستێك دەبینێتەوەو دەیەوێت بەو لیستە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكات، كە لەمانگی 12ی داهاتوو ئەنجامدەدرێت.
هەڵبژاردنەكە لە 15 پارێزگای عێراق بێ پارێزگاكانی هەرێم بەرێوەدەچێت و فۆكسی لاهور شێخ جەنگیش لەو هەنگاوەی پارێزگای كەركوكە، كە یەكێتی نیشتمانی تێیدا زۆرینەیە.
لاهور شێخ جەنگی بەم هەنگاوەی دەیەوێت دوو ئامانج بپێكێت، یەكەم بیكاتە دەرفەتێك بۆ گەڕانەوەی خۆی، دووەم ئەوەیە لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق و هەرێم سەنگ و قورسایی خۆی نیشانی دۆست و نەیارەكانی بدات، بۆیە ئەم هەڵبژاردن و ئەزموونەی لاهور شێخ جەنگی دەبێتە یەكەم و كۆتا دەرفەتی بۆ گەڕانەوە.
لە پرۆژەكەی لاهور شێخ جەنگی هاتووە، ئامانجی درووستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی و هەوڵدان بۆ تۆماركردنی وەك هاوپەیمانێتیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، ئەوەش بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، ناجێگیری رەوشی سیاسی و ئابوری لەسەر ئاستی جیهان و پەرەسەندنی كێشە و ململانێ نێودەوڵەتیەكان، زاڵبوونی ئینتیمای تەسكی حزبایەتی و گواستنەوەی ناكۆكی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەكان لە هەرێمی كوردستان كە رەوشی كەركوی گەیاندە ئەو دۆخەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری لێبكەوێتەوە، بێهیوایی خەڵكی ئەو ناوچانە بە گشتی گەیشتووەتە ئاستێك پێویستی بە مۆدێلێكی تر لە حوكمڕانی هەیە.
لاهور شێخ جەنگی ئامانجی پرۆژەكەی بە چەند خاڵێك دەستنیشاتكردووە، كە گرنگترینیان بریتین لە:
درووستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی لە كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان.
بەشداریكردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەیەك لیستی كوردستانی.
جەختكردنەوەو هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەکان لە رێگای پەنابردن بۆ رێكارە دەستوری و یاساییەكان.
هەر لە پرۆژەكەیدا لاهور شێخ جەنگی پەیامێكی ئاراستەی لایەنەكان كردووەو نووسیویەتی: ئەگەر پرۆژەكە لەلای ئێوە پەسەندكرا بەرنامەرێژی و میكانیزمی كاركردن دابڕێژرێت (ناوو ئامانج و درووشم لۆگۆی لیستێك) ئامادەبكرێت بەمەبەستی تۆماركردنی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان لە شارەكانی (كەركوك، موسڵ، سەڵاحەدین، دیالە)
