نوێترین

recent

10/07/2023

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ : یەکێتیی وەک هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانە

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٠/٧/٢٠٢٣ شاڵاو کۆسرەت رەسول بە هاوڕێیەتی هەڤاڵان بورهان سەعید سۆف و سەرکەوت زەکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتی، سەردانی مەڵبەندی خانەقینی کردو لەلایەن هەڤاڵ شێرکۆ میروەیس لێپرسراوی مەڵبەند و ستافی مەڵبەندەوە پێشوازی لێکرا.


لەمیانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ستافی کارگێڕی مەڵبەندو کادیرانی سنوورەکە، شاڵاو کۆسرەت رەسول کورتەیەکی لەبارەی دۆخی کوردستان و عێراق، هەڵوێستی یەکێتیی لە پرسەکان و کارکردنی ئۆرگانە حزبییەکان و هەنگاوەکانی داهاتووی کارکردن پێشکەش کرد.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، شاڵاو کۆسرەت رەسول باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانییەکان کردو دووپاتی کردەوە کە زۆر گرنگە لەو ناوچانە کورد یەکدەنگ و یەکگرتوو بێ و هەوڵ بدرێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و پاراستنی ناسنامەی کوردستانیەتی ئەم ناوچانە، بۆ ئەمەش کادیران و هەڤاڵانی سنوورەکەی راسپارد بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاربکەن و هەوڵی بەشداری زۆرترین دەنگدەر بدەن لە پڕۆسەکە.

شاڵاو کۆسرەت رەسول گوتیشی یەکێتیی وەک هەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانەو هەوڵ دەدات بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت پێیان، ئەمەش بە هەوڵ و هیمەتی هەموو یەکێتییەکان دەکرێت. 

هەڤاڵانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە بە سەرنج و تێڕوانینەکانیان بەشداربوون لە گفتوگۆکان و هەنگاونان بۆ زیاتر کارکردن و بەشداری هەمووان لە خزمەتکردنی خەڵک و هەنگاونان بۆ سەرخستنی بەرنامەی یەکێتی لە ناوچەکە کوردستانییەکان.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085