ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پاش پاکتاوکردن خەرجییەکانی شەش مانگی رابردوو لەگەڵ بەغدا هەرێم پارەی پێویستی دەبێت بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی شەش. دەشڵێت، "لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە سوتەمەنی پاڵپشتیکراوە دەنێردرێت بۆ هەرێم."
ئەمڕۆ دووشەممە نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەکرد، پاش جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پاکتاوکردنی خەرجییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ئەو پارەیەی لە پاکتاوکردنەکە دەمێنێتەوە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی شەش بەکاریدەهێنێت.
راشیگەیاند، لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە قەرزەکانی هاوسەرگیری و بنیادنیان و پرۆژەکان دووبارە بەردەست دەبن بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، بەڵام ئیستا لقی بانکە فەرمییەکانی عێراق لە هەرێم نییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، رۆژنامەی وەقائیعی فەرمی حکومەتی عێراق لە ژمارەی چوار هەزار و ٧٢٦یدا بودجەی ساڵانی ٢٠٢٣و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ـی عێراقی بڵاوکردەوە.
رێکەوتی ١٣ی ئازارى ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پڕۆژەياسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد.
دواتر، لە درەنگانی شەوی ٨ی حوزەیرانى ٢٠٢٣ پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی ٢٥٨ پەرلەمانتار لە کۆی ٣٢٩ پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنەکانی بۆ پەسەندکردنی بودجە کرد، پێشتریش پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کردبوو.
دواجار، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١ی حوزەیرانى ٢٠٢٣ لە دانیشتنی چوارەمی پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بودجە، لە دانیشتنی ژمارە ٣١ی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمان و بە ئامادەبوونی ٢٢٩ پەرلەمانتار پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی عێراق پەسەند کرا.
رۆژی چوارشەممە ٢١ ئەم مانگەش سەرۆک کۆمارى عێراق، واژۆى لەسەر پڕۆژەیاسای پەسەندکراوى بودجەى گشتى عێراق کرد.
یاسای بودجە، بودجەی سێ ساڵی عێراق لەخۆدەگرێت و بڕی تەرخانکراو بۆ بودجەی هەر ساڵێک نزیکەی ١٩٩ ترلیۆن دینارە و لەو بەشەش ١٦ ترلیۆن دیناریشی پشکی هەرێمە.
