چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی چەڵتوکەی سەر بە ناحیەی شوان و دەستڕێژی گولـلەیان کردووە و هەڵهاتوون.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی گەیشتووە، لە کاتژمێری ٦:٠٠ی ئێوارەی ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی چەڵتوکەی سەر بە ناحیەی شوانی سنووری پارێزگای کەرکوک. لەوبارەیەوە یەکێک لە گوندنشینەکان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی وت، ئەو چەکدارانە دەستڕێژی گولـلەیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە و دزییان لێکردوون و دواتر هەڵهاتوون.
هەر بەپێی بەدواداچوونی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، هێزی ئەمنی عێراقی رەوانەی ناوچەکە کراون و وتەی گوندنشینەکانیان وەرگرتووە و بە دوای چەکدارەکاندا دەگەڕێن.
ناحیەی شوان سەر بە پارێزگای کەرکوکە و ئەو ناوچەیە لە ٧٤ گوند پێکهاتووە و زۆربەی گوندنشینەکانی کوردن و لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە بە هاوبەشی سەرپەرشتی ئەمنی دەکرێت.
