جەمال حاجى محەمەد:
نەوشیروان مستەفا تەنها لە دەست بزوتنەوەى گۆڕان نەچوو لە دەست هەموو خەڵکى کوردستان چووە
لە شەشەمین ساڵى کۆچى دوایى رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا، جەمال حاجى محەمەد رایدەگەیەنێت؛ نەوشیروان مستەفا تەنها لە دەست بزوتنەوەى گۆڕان نەچوو لە هەموو خەڵکى کوردستان چووە، چونکە لە زۆر قۆناغدا پێشەنگ بوو، لە هەڵسانەوەى شۆڕشى نوێ و لە راپەڕین و شۆڕشى چاکسازى، نەوشیروان مستەفا پێشەنگ بوو، ئێستاش پڕۆژەکەى بەردەوامە.
جەمال حاجى محەمەد باسى لەوەشکرد، لە دواى راپەڕینەوە ئەو پڕۆژانەى نەوشیروان مستەفا هەیبوو بۆ بەڕێوەبردنى حکومەت و نەوت و ئاو و پەروەردە و هێزە ئەمنییەکان، ئەگەر گوێى لێبگیرایە هەرگیز ئەم دۆخە خراپەى ئێستا دروست نەدەبوو.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە هەڵبژاردنەکانى 2009 و دواتریش هێزى هاوپەیمانان بیانویستایە دەتوانرا ئاڵوگۆڕ لە هەرێمى کوردستان بکرێت، چونکە ئۆپۆزسیۆن هەم دەنگى هەبوو هەم کەرەستەى پێویستى هەبو، جەختیش دەکاتەوە، تائێستا بەدیلى بزوتنەوەى گۆڕان دروست نەبووە، دەشڵێت: پڕۆژەکەى نەوشیروان مستەفا بەردەوامە و درێژە پێدەرى ئەو رێبازەین، سەرەڕاى ئەو کێشانەى تێیکەوتوین و ئەو گەلەکۆمەى لێمانکراوە، بەڵام لە پڕۆژە و رێبازى نەوشیروان مستەفا لامان نەداوە.
لەبارەى هەنگاوەکانى بزوتنەوەکە بۆ پڕۆژەى ئاشتەوایى، جەمال حاجى محەمەد ئاشکرایی کرد کە پڕۆژەى ئاشتەوایى بەردەوامە و کارى زۆر جدى بۆ دەکرێت و لە هەوڵدان.
