نوێترین

recent

16/05/2023

وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی لە پڕۆژەی دامەزراندنی "كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان" دەكات

 


وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی لە پڕۆژەی دامەزراندنی "كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان" دەكات
هەولێر, سێشەممە (16ـی ئایار/ مایۆی 2023)
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی وەزارەتی بۆ پڕۆژەی دامەزراندنی "كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان" و بە دیجیتاڵكردنی كتێبخانە گشتییەكان و كتێبخانە تاكە كەسییە گرنگەكان دەربڕی.
ئەمڕۆ لە دیوانی وەزارەت، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی كرد لە "بەدران حەبیب"، جێگری سەرۆکی ڕێكخراوی "KCAC" بۆ كولتوور و خوێندنەوە، لە دیدارێكدا پرسەكانی پەیوەست بە پێشخستنی بزاوتی چاپ و بڵاوكردنەوە لە هەرێمی كوردستان تاوتوێكران و باس لە پڕۆژەی دامەزراندنی "كتێبخانەی نیشتمانی كوردستان" كرا، كە وەك پڕۆژەیەك ڕێكخراوی "KCAC" بۆ كولتوور و خوێندنەوە، كاری لەسەر دەكات.
لەو بارەیەوە، حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پشتیوانی خۆی بۆ پڕۆژەی ڕێكخراوەكە دەربڕی و ڕایگەیاند، وەزارەت بە هەموو توانایەك پشتیوان و سەرخەری ئەو پڕۆژە نیشتمانییە دەبێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بیروڕا لە بارەی بە دیجیتاڵكردنی كتێبخانە گشتییەكانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان كرا و وەزیری ڕۆشنبیری پێشوازی لەو دەستپێشخەرییە كرد و ڕایگەیاند، گرنگە ئەو پڕۆژەیە فراوانتر بكرێت و بەشێك لە كتێبخانە تاكەكەسییە گرنگەكانیش بایەخیان پێ بدرێت و بكرێنە دیجیتاڵی بۆ ئەوەی خوێنەران بە ئاسانترین شێوە بتوانن لێیان سوودمەند بن.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085