نوێترین

recent

11/01/2023

کاروان گەزنەیی گەندەڵییەکانی هەردوو مەرزی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلی ئاشکرا دەکات

 ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان بەڵگەی وردی لەبارەی گەندەڵییەکانی هەردوو مەرزی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیلی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، قاچاخچێتی بە دەرمانی شێرپەنجەوە کراوە.

کاروان گەزنەیی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: گەندەڵییەکی گەورە لە مەرزەکانی حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل دەکرێت و هەرچەندە بە یاسای هاوردەکردنی چیمەنتۆ قەدەغەیە، بەڵام رۆژانە لەلایەن کۆمپانیای خۆشناوەوە بۆ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون چوار سایلۆ چیمەنتۆ هاوردە دەکرێت و یەک یەکە لەناو پڕۆژەکەشدا بە سێ ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێتەوە.

باسی لەوەشکرد: کۆدی سفر بۆ هاوردەکردن لەو مەرزانە بەناوی هێزەکانی 80ی پارتییەوەیە و رۆژانە چەندین بار کارتۆن داخڵ دەکرێن و کەس نازانێ چیان تێدایە و بارهەڵگرەکان بەپڕی دێن و دواتر بەبەتاڵی دەگەڕێنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئێستا فێربوون دەچنە مەرزی وەلید لەوێوە قاچاخچێتی دەکەن بەهۆی ئەوەی چاودێری لەسەر نییە و داهاتی چەند بەرپرسێکی پێ زیاد دەکرێت.
ئەوەشی ئاشکراکرد: دەرمانی شێرپەنجە بە قاچاخ و لەسەر ئەگزۆزی ئۆتۆمبێلی دەهێندرێت و دەرزی بەنج و نیو بەنجیش کەس نازانێ چۆن دەهێندرێت و لەسەر ماتۆڕسکیل دەفرۆشرێت ئەمە جگە لەوەی پیشتر دۆسیەیەکمان داوەتە داواکاری گشتی کە وەزارەتی تەندروستی ستیکەری دەرمانی بەنایاسایی داوە بە کۆمپانیایەک و وەزارەتی شەهیدانیش بەنایاسایی گرێبەستی لەگەڵ رێکخراوێکی وەهمی کردووە، بەڵام تا ئێستا لە ئەندام پەرلەمانێکەوە بگرە تا ئەندامێکی سەرکردایەتی نەچوونەتە بەردەم دادگا و هیوادارم ناچارنەبین پەنا بۆ دادگاکانی عیراق ببەین.
دەشڵێت: لە هەولێر زەوی بە ناوی دژەتیرۆری پارتییەوە داگیركراوە و هەڕەشەی كوشتن لە خاوەنەكانیان دەكرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085