نوێترین

recent

01/10/2022

بەرپرسانی ئێران: هێرشی سوپاکەمان بۆ سەر کوردستان ڕێککەوتنێکی ئەمنی بووە لەگەڵ حکومەتی هەرێم




میدیاكانی ئێران لە زاری گەورە بەرپرسانی ئەمنیی ئەو وڵاتە بڵاویان كردەوە، هێرشەكانی ئەم دواییەی سوپا بۆسەر هەرێمی كوردستان و بارەگاكانی كۆمەڵە و دیموكرات بە ئاگاداری بەرپرسانی هەرێم بووە و لەچوارچێوەی رێكکەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوولا بووە.

ئەمڕۆ 1ـی تشرینی یەکەمی 2022، بەرپرسانی ئێرانی بە میدیاکانی وڵاتی خۆیان ڕاگەیاند، بەر لە سێ‌ رۆژ لە ئەنجامدانی هێرشەكە سەركردایەتی پارتی و یەكێتی و پارێزگاری سلێمانی و هەولێریان ئاگادار كردوەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشەكان.

هەروەها ئاشکراشیانکردووە، هێرشەكەی ئەم دواییە بە ئاگاداری حكومەتی هەرێمی كوردستان بووە و لە چوارچێوەی رێكەوتنێكی ئەمنیدا بووە كە پێشتر بەناوی حكومەتی هەرێمەوە لە تاران لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم ئیمزا كراوە.

بەوتەی بەرپرسانی ئێرانی، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە ناوەراستی مانگی ئایاری ئەمساڵ سەردانی تارانی كردووە و لەو سەردانەدا رێكکەوتنێكی ئەمنیی لەگەڵ ئێرانیەكان واژۆ كردووە كە بەپێی رێكکەوتنەكە حكومەتی هەرێم دەبێت رێگە لە هەر جموجوڵ و مەترسییەك بگرێت كە لە هەولێرەوە دژی ئێران ئەنجام بدرێت، هەروەها دەستی بەرپرسانی باڵای ئێرانیش واڵا دەكات كە راستەوخۆ روبەروی هەر هێرش و مەترسیەك ببنەوە كە لە هەرێمەوە ئاراستەی ئێران بكرێت.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزیرەكەی هەرێم بەڵێنی سنورداركردنی چالاكیی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێرانی داوە و تەنانەت بەڵێنی ئەوەش دراوە كە رێگە لە بەكارهێنانی كردەی چەكداری ئەو حیزبانە بگیرێت لە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

لەسەر تێوەگلانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم و رێكەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێرانیەكان بۆ لێدانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران، دوێنێ هەینی وەزارتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "نوێنەر و شاندە ئیرانییەکان لە کۆبوونەوەکان و لە ڕاگەیاندنەکانیش، بە ئاشکرا و بەردەوام هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئوپۆزسیۆن و بنکەکانی ئەمریکایان کردووە، لایەنە ئوپۆزسیۆنەکانیش ئاگاداری ئەو گەف و ھەڕەشانە بوون، بەڵام هەرێمی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک و ھیچ کاتێک، ڕەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێڕشانە نەداوە و بە توندیش سەرکۆنەیان دەکەین".

رۆژی چوارشەممە 28ـی ئەیلول، بەشێکی زۆر لە بارەگاکانی کۆمەڵە و هێزەکانی دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە سنوری شاری سلێمانی – زرگوێز و سنوری هولێر -کۆیە، بە درۆن و موشەک هێرشکرایە سەریان و 75 کەس شەهید و برینداربوون.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085