
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رایگه‌یاند، سێ مێردمنداڵ كه هه‌ستابون به هه‌ڵكوتانه سه‌ر بینای یه‌كێتی مامۆستایانی رانیه و شكاندنی ده‌رگا و په‌نجه‌ره و دزیكردن، له‌لایه‌ن هێزه‌كانیانه‌وه ده‌ستگیركران.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ڕاپه‌ڕین له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له به‌شی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی ڕاپه‌ڕین (مكافحه) ئاگاداركرانه‌وه له ڕوداوێكی دزیكردن و شكاندنی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی بینای یه‌كێتی مامۆستایانی ڕانیه، ده‌ست به‌جێ هێزه‌كانمان له به‌شی پۆلیس نه‌هێشتنی تاوانی ڕاپه‌ڕین گه‌یشتنه شوێنی ڕوداوه‌كه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه ڕێكخرا، بڕیاری دادوه‌ر به ده‌ستهات بۆ ده‌ستگیركردنی تۆمه‌تباری نادیار".
توانرا له‌لایه‌ن هێزێكی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی ڕاپه‌ڕین له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سێ تۆمه‌تبار ده‌ستگیربكرێن
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "دوای لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچونی ورد زانیاری پێویست به‌ده‌ستهات و توانرا له‌لایه‌ن هێزێكی پۆلیسی نه‌هێشتنی تاوانی ڕاپه‌ڕین له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا سێ تۆمه‌تبار به‌ناوه‌كانی (ئ، س، ح) و (ڕ، م، ه) و (ح، س،ا) ده‌ستگیربكرێن كه هه‌رسێكیان نه‌وجه‌وانن و له ڕه‌گه‌زی نێرن، دوای لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیاندا له به‌رده‌م دادوه‌ر و پۆلیسدا دانیان نابه تاوانه‌كانیادا كه هه‌ستاون به‌دزیكردن و شكاندنی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌ی بینای یه‌كێتی مامۆستایانی ڕانیه".
هه‌رسێ تۆممه‌تباری نه‌وجه‌وان هه‌ستاون به‌دزیكردن له‌دوكانێك و ئامێری فاستپه‌یان دزیوه
ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "هه‌ر له‌میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌دا ده‌ركه‌وت كه هه‌رسێ تۆممه‌تباری نه‌وجه‌وان هه‌ستاون به‌دزیكردن له‌دوكانێك و ئامێری فاستپه‌یان دزیوه، دادوه‌ریش بڕیاریدا به ڕاگرتنی ناوبراوانی سه‌ره‌وه به به‌پێی مادده‌ی 446 له یاسای سزادانی عێراقی له‌كۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵیان به‌رده‌وامه".