
"بارزانیو بافڵ تاڵەبانی پشوودرێژیی یەكتر تاقیدەكەنەوە"
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) لە راپۆرتێكدا:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتیو بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی لە دانوستانەكانیاندا پشوودرێژیی یەكتر تاقیدەكەنەوە
ئەندامانی چینی دووەمی هەردوو حزبەكە باسلەوە دەكەن، كەشوهەوای "عینادی"و دەستشكاندنەوە، هەردوولا بەرەو ئاڕاستەی "گرێی پۆست" رادەكێشێت نەك دانوستان لەبارەی دۆخی هەرێمەوە.
سلێمانی كە مەڵبەندی سەرەكی یەكێتی نیشتمانییە، نایەوێت جەنگی دورودرێژی لەپێناو سەلماندنی بوونی خۆی بدۆڕێنێت، لەیەك كاتدا دەیەوێت لە بەغدادو لە هەولێریش مانۆڕ بكات، پۆستی سەرۆك كۆمار ماركەیەكی تۆماركراوە بەناوی یەكێتییەوە، لە 2006 پۆستی سەرۆك كۆمار لای ئەم حزبەیە.
لە بەغداد لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە فشار لە یەكێتی نیشتمانی دەكەن بڕیارێكی خێرا بدات "باجەكەی هەرچییەك بێت" بۆ ئەوەی بە كاندیدێكەوە بچێتە بەردەم پەرلەمان كە لایەنە شیعەكان دەنگی بۆ بدەن.
بەڵام هەولێر كە مەڵبەندی سەرەكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، پێناچێت ئەو حزبە پاشەكشێی لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كردبێت، هەرچەندە هەندێك نەرمی نیشانداوە بۆ دانوستان لەپێناو باجێكی سیاسیدا لەسەر ئەم سوربوونەی خۆی.
سەركردەیەك لە حزبەكەی بارزانی دەڵێ" چوارچێوەی هەماهەنگییو یەكێتی نیشتمانی دركیان بەوە كردووە هەرگیز ناتوانن خۆیان بە تەنیا بچنە ناو پەرلەمانەوە، ئەم هاوكێشەیە چوارچێوەی ناچاركردووە لەبارەی شێوەی حكومەتو كردنەوەی گرێی سەرۆك كۆمار، دانوستان لەگەڵ بارزانیدا بكات، هەروەك یەكێتی نیشتمانیشی ناچاركردووە خۆی بۆ سیناریۆی بەدیل ئامادە بكات.
پارتیو یەكێتی گفتوگۆی بەراییان كردووە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی گۆڕانكاری سیاسیو ئیداریی لە هەرێم، لەدیارترینیان پرسی شەراكەت لە ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتو ئیدارەدانی ناوچە جێناكۆكەكانو ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان لە هەرێم.
ئەندامانی حزبەكەی بارزانی دەزانن هەر گۆڕانكارییەك لە پێگە باڵاكانی حكومەتدا كارێكی سەخت دەبێتو سەرچڵییەكی مەترسیدار دەبێت بۆ پارتیو بەرژەوەندییەكانی لە هەرێم، بۆیە لەناوخۆیاندا گفتوگۆی چڕ دەكەن لەبارەی ئەگەری گۆڕانكاری لە پۆستەكانو بەدورگرتنی مەترسییە نەرێنییەكانی لەسەر حزبێك كە لە هەولێر سەرۆكایەتی حكومەت دەكات.