نوێترین

recent

17/02/2022

ده‌ستورى (نه‌وت وغاز) داڕێژرا




سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم 

ئه‌توانین بڵێین .. بڕیارى دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق ، سه‌باره‌ت به‌ دۆزینه‌وه‌ وده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردن فرۆشتنى نه‌وت له‌ كێلگه‌كانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێم، له‌ 15/2/2022 ، ته‌نها بڕیارێكى ئاسایى نییه‌ ، به‌ڵكو ده‌ستوورێكى ڕێكخه‌رى مامڵه‌كردنى هه‌ردوو حكومه‌تى عیراق و هه‌رێمه‌ به‌ سامانى نه‌وت وغاز و به‌رهه‌مه‌كانى .

ئه‌و (بڕیاره‌ – ده‌ستووره‌) ته‌نها حكومه‌تى هه‌رێم پابه‌ند ناكات به‌ بڕگه‌كانیه‌وه‌ ، به‌ڵكو حكومه‌ته‌ عیراقییه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى داهاتوى عیراقیش پابه‌ند ئه‌كات به‌ ڕێزگرتن له‌ مافى هاوڵاتیانى هه‌رێم و قه‌واره‌ى هه‌رێم وشایسته‌ و ده‌رامه‌ته‌كانیان ، ئه‌گه‌ر پسپۆڕانى یاسا و شاره‌زایانى ناوه‌نده‌كانى بڕیار له‌ هه‌رێمدا به‌ وردى ئه‌و 10 بنه‌ما یاساییه‌ شیكاریه‌ ده‌ستوورییه‌ بخوێننه‌وه‌ كه‌ ناوه‌رۆِكى داڕێژراوى بڕیاره‌كه‌ى دادگا پێكده‌هێنێت ، ئه‌م خاڵانه‌یان بۆ ده‌رئه‌كه‌وێت:

1- بڕیاره‌كه‌ جه‌خت له‌ مانه‌وه‌ و ڕێزگرتن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ جیاجیاكانى (جێبه‌جێكارى ویاسادانان و دادوه‌رى هه‌رێم) ده‌كات ، به‌ پێى ئه‌حكامى مادده‌ 117/1 له‌ ده‌ستوورى عیراق .(بنه‌ماى 1 له‌ بڕیاره‌كه‌).

2- خاوه‌نداریه‌تى سامانى نه‌وت وغازى عیراق-ى وه‌ك سامانى هاوڵاتیان ناساندووه‌ و (مافى زانین و ئاگاداربوونى هاوڵاتیان)ى جێگیر كردووه‌ له‌ باره‌ى قه‌باره‌ى ئه‌و سامانه‌ وچۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌پێوه‌كردنى به‌ پێى ئه‌حكامى مادده‌ 111 له‌ ده‌ستوور (بنه‌ماى 4 له‌ بڕیاره‌كه‌).

3- ماف و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى هه‌رێمى له‌ پاڵ حكومه‌تى فیدرالى به‌ هاوبه‌شى پاراستووه‌ له‌ ده‌رهێنان و وكارگێڕیكردنى بیره‌ نه‌وتییه‌كانى ناو خاكى هه‌رێم به‌ پێى مادده‌ (112/1) له‌ ده‌ستوور و هه‌ردوو حكومه‌ته‌كه‌ى پابه‌ندكردووه‌ به‌ به‌كارهێنانى ئه‌و سامانه‌ بۆ گه‌شه‌پێكردنى ناوچه‌جیاجیاكان به‌ پێى شایسته‌یى و ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى (بنه‌ماى 5 له‌ بڕیاره‌كه‌).

4- ماف و ده‌سه‌ڵاته‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى له‌ پاڵ حكومه‌تى فیدرالى به‌ هاوبه‌شى پاراستووه‌ له‌ دارشتنى سیاسه‌تى ستراتیجى په‌ره‌پێدانى نه‌وت وغاز و حكومه‌تى فیدرالى پابه‌ندكردووه‌ به‌ به‌كار هێنانى نوێترین ته‌كنه‌لوژیا له‌و په‌ره‌پێدانه‌دا ومه‌رجدارى كرددوه‌ به‌ هاندانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمدا ووابه‌سته‌كردنى به‌ بازاڕه‌ جیهانییه‌كان و ڕێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى (ئۆپیك) به‌ پێى مادده‌ (112/2) له‌ ده‌ستوور (بنه‌ماى 6 له‌ بڕیاره‌كه‌).

5- بڕیاره‌كه‌ ، حكومه‌تى فیدرالى پابه‌ندكردووه‌ به‌ پێنج یاساوه‌ ، گرنگترینیان یاساى (كۆمپانیاى نه‌وتى نیشتمانى عیراق ژماره‌ 4 ساڵى 2018) كه‌ پێگه‌ى هه‌رێم له‌و یاسایه‌دا پارێزراوه‌ ووه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێم جێگاى بۆ كراوه‌ته‌وه‌ تیایدا (بنه‌ماى 8 له‌ بڕیاره‌كه‌).

6- بڕیاره‌كه‌ ماف وپشك وبه‌شه‌ بودجه‌ وشایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم و مافى خاوه‌ن مووچه‌كانى پاراستووه‌ و بڕیارى لێداوه‌ له‌ بودجه‌ى گشتى عیراقدا ، و به‌ ده‌ق ، ده‌ستى هه‌ردوو حكومه‌تى عیراق و هه‌رێمى هه‌ڵگرتووه‌ له‌ به‌كارهێنانى ئه‌و مافه‌ داراییانه‌ له‌ ململانێ وكێشه‌كانى نێوانیان له‌به‌ر ڕۆشنایى مادده‌ (110/3) له‌ ده‌ستوور (بنه‌ماى 10 له‌ بڕیاره‌كه‌).

ئه‌و خاڵانه‌ى سه‌ره‌وه‌ ، خزێندنه‌وه‌یه‌كى یاسایى كورتن ، جیاوازن له‌و وێنا كردنه‌ى ناوه‌نده‌كان ئه‌یكه‌ن سه‌باره‌ت به‌ سیاسیكردنى بڕێاره‌كه‌ى دادگاى باڵاى فیدرالى عیراق .
پێویسته‌ هه‌موان داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم بكه‌ین ، لۆژیكێكى یاسایى و ده‌ستوورى به‌كار بهێنێت له‌ لێكدانه‌وه‌ى بۆ بڕیاره‌كه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئاستى عیراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ وجیهان ، بڕیارى دادگا پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ى تیادا نییه‌.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085