سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو ڕایدەگەیەنێت، ئەو دامەزراوە دەستورییانەی لەهەرێمی كوردستاندا بوونیان هەیە، دەبێت مەرجەع بن و بەهێز بكرێن.
هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، تا ئێستا بەفەڕمی یان نافەڕمی هیچ لایەنێك نەهاتووە بابەتی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسی لەگەڵ سەركردایەتی یەكگرتوو بكات، بەڵام بۆچوونی خۆم ئەوەیە ئێستا پێكهاتەی دامەزراوەكانی سیستمی سیاسی لەهەرێمی كوردستاندا هەمووی هەیە لە پەڕلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم، هیچ بۆشاییەكی دەستوری نابینرێت كە لەدەستوردا جێگای بۆ بكرێتەوە تا دامەزراوەیەكی تری بۆ دروست بكرێت، لەبەرئەوە ئەسڵ ئەوەیە ئەو دامەزراوە دەستورییانەی هەن، دەبێت مەرجەع بن و بەهێز بكرێن.
سەبارەت بە كۆبوونەوەی حزبەكان لەبارەی گرفتەكان ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دەكرێت حزبەكان بەشێوەیەك لەشێوەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا كۆببنەوە، كاتێك سەرۆكی هەرێم داوای كۆبوونەوەیەكی حزبەكان بكات ئەوكات هەموویان كۆببنەوە ئەگەر پێویستی كرد یان حزبەكان لەنێوان خۆیاندا دەكرێت كۆببنەوە.
وتیشی”ئەوەش باسی مەرجەع بوون و ئەنجومەنێك بكرێت كە “كاكە حەمە” باسی كردووە بابەتێكی ترە و دەبێت لەچوارچێوەی دەستوردا جێگای بكرێتەوە تا ئێستا شتێك نییە كە لەناو دەستوردا جێگای بكرێتەوە، بەپێویستی نازانم، چونكە ئێستا دامەزراوەی دەستووری هەمووی بەتەواوەتی لەكوردستاندا هەیە، دەبێت لەڕێگای ئەم دامەزراوانەوە هەموو كێشەكان یەكلایی بكرێتەوە”.
ئاشكراشیكرد، وادەزانم ئەگەر سەرۆكی هەرێم داوای كۆبوونەوە بكات، شتێكی ئاساییە و حزبەكان لەگەڵ سەرۆكی هەرێم كۆببنەوە یان سەرۆكی پەڕلەمان بۆ مەسەلەیەكی تایبەت ڕاوێژیان لەگەڵ بكەن، دەبێت هەوڵی بەهێزكردنی دامودەزگا دەستورییەكان بدەین مادام هەڵبژاردن و دیموكراسی هەیە، دەبێت سیاسەتی گشتی هەرێمی كوردستان لەوێوە ڕەسم بكرێت.
جەختی لەوەش كردەوە، كە بێگومان پەڕلەمان ببێتە مەرجەع باشترە، چونكە نوێنەری هەموو ئەو لایەنانەی تێدایە كە خەڵك دەنگی پێداون.
ڕوونیشیكردەوە، كەموكوڕییەك لە سیستمی سیاسی هەرێمدا هەیە كە سەرۆك حزبەكان نەچونەتە ناو پەڕلەمان یان حكومەت، ئەسڵ ئەوەبوو بەوە ئەو كێشانە چارەسەر بكرێت كە سەرۆكی حزبەكان خۆیان ڕاستەوخۆ لەو دەزگایانەدا بن، ئەوكاتە ئەگەر سەرۆكی حزبەكان خۆیان لەپەرلەمان یا حكومەت بن ئەوكات ئەو بۆشایی و كێشانە لەوێش چارەسەر دەبێت.
