نوێترین

recent

05/09/2019

گوانتانامۆی یۆنان گۆڕستانى کۆچبەران


كەم كۆچبەر هەیە لە یۆنان، ناوبانگە خراپەكەی كەمپی مۆریای لە دوورگەی لێسبۆس بەرگوێ‌ نەكەوتبێ‌. كەمپێكی بێ‌ خزمەتگوزاری، داخراو بەڕووی میدیای جیهانیدا، كۆچبەرێك چانسی نەبێ‌ دەكەوێتە ئەم كەمپە، بەڵام كۆچبەرانی كورد پێدەچێ‌ چانسیان هەبێ‌، چونكە كەمترین كۆچبەری كورد لەو كەمپەن.

لەدوای رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتیی ئەوروپا و توركیا لە ساڵی 2016، ژمارەی كۆچبەران لە دوورگەكانی یۆنان رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێ‌، ئێستا 22 هەزار كۆچبەر لە دوورگەكانی یۆنانن. نزیكەی نیوەی ئەو ژمارەیە لە دوورگەی لێسبۆسن.

دوای ئەوەی لێشاوی كۆچبەران رووی لە یۆنان كرد، ساڵی 2015 كاربەدەستانی شاری میتیلینی (ناوەندی ئیداریی دوورگەی لێسبۆس) لە باكووری دەریای ئیجە، بڕیاری دروستكردنی كەمپێكیان بۆ كۆچبەران دا. كەمپەكە بە دووریی 10 كیلۆمەتر لە شاری میتیلینی لە ناوچەی مۆریا دروستكراوە، بۆیە كەمپەكەش ناوی مۆریای وەرگرتووە.
شەڕی نێوان كۆچبەران لە كەمپەكە، كەمیی خواردن و شوێنی حەوانەوە، داخستنی كەمپەكە بەڕووی میدیای جیهانیدا، هەموو ئەمانە وایان كردووە  ناوبانگێكی خراپی هەبێ‌ و لەنێو كۆچبەراندا بە "گوانتانامۆی یۆنان" ناو دەربكات.




ساڵێك دواتر كەمپەكە فراوان كرا بۆ ئەوەی شوێنی 3000 كۆچبەری تێدا ببێتەوە، بەڵام ئێستا 9000 كۆچبەری تێدایە. زۆریی ژمارەی كۆچبەران لە كەمپەكە، خراپیی مامەڵەی ئیدارەی كەمپەكە لەگەڵ كۆچبەران، شەڕی نێوان كۆچبەران لە كەمپەكە، كەمیی خواردن و شوێنی حەوانەوە، داخستنی كەمپەكە بەڕووی میدیای جیهانیدا، هەموو ئەمانە وایان كردووە  ناوبانگێكی خراپی هەبێ‌ و لەنێو كۆچبەراندا بە "گوانتانامۆی یۆنان" ناو دەربكات.

گوانتانامۆ، ئاماژەیە بۆ ناوی ئەو بەندیخانەیەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كەنداوی گوانتانامۆ لە كوبا دروستی كردووە و ساڵی 2002 یەكەمین گیراوی بۆ بەندیخانەكە گواستەوە كە تایبەتە بە بەندكراوانی گرووپە رادیكاڵەكان، لەوانەش سەرانی ئەلقاعیدە.  

زۆربەی كۆچبەرانی كەمپەكە ئەفغانین. دوای ئەوانیش كۆچبەری عەرەب (عێراقی و سووری) بە پلەی دووەم و ئەفریقی (ئەریتیری و سۆماڵی) بە پلەی سێیەم و كورد بە پلەی چوارەم دێن. ئەو كوردانەی لە كەمپەكەن، سەرجەمیان كوردی رۆژئاوان و ژمارەشیان نزیكەی 100 كۆچبەر دەبێ‌.

محەممەد ئەحمەد، گەنجێكی كوردی تەمەن 21 ساڵە، سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ لە ئیزمیرەوە بە رێگای دەریای ئیجەدا گەیشتووەتە دوورگەی لێسبۆس. ئەو دەڵێت: "لێرە چارەنووسمان دیار نییە، نازانین چیمان بەسەردێ‌، بۆیە داوا لە كۆچبەرانی كورد دەكەم خۆیان لەو رێگەیە نەدەن".

رۆژی 13ی ئاب، هاوشارییەكی محەممەد لە دەریای ئیجەدا خنكا. برایەكی ئەو گەنجە لە باكووری یۆنان هاتبووە لێسبۆس بۆ ئەوەی پشكنینی (دی ئێن ئەی)ی بۆ بكرێ، تاوەكو بتوانێ‌ لاشەی برا خنكاوەكەی وەربگرێتەوە و لەوێ‌ بینێژێ‌.
یان ئەوروپا یان نەمان



ئەو كۆچبەرانەی خۆیان لە دەریای ئیجە نادەن و بە رێگەی وشكانی لە توركیاوە دەگەنە یۆنان، زۆربەیان لە شاری سالۆنیكی لە باكووری یۆنان دەگیرسێنەوە. زۆربەی كۆچبەرانی كورد لەو شارەن. سێ‌ كەمپی كۆچبەران لە باكووری یۆنان هەن كە یەكێكیان دەكەوێتە نێو شاری سالۆنیكی، نزیكەی 300 كۆچبەری كورد كە تازە گەیشتوونەتە یۆنان، لەو كەمپە دانراون.

گەنجەكان دەیانگوت لەبەر ناسەقامگیریی بارودۆخی كوردستان، سەری خۆیان هەڵگرتووە. ئەوان دەیانگوت "لێرە ژیانمان خۆش نییە، بەڵام خۆشترە لە كوردستان". گەنجێك دەیگوت "ئێمە لەمەودوا ناڵێین یان كوردستان یان نەمان، بەڵكو دەڵێین یان ئەوروپا یان نەمان".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085