بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لەسلێمانی ڕونکردنەوە لەبارەی خەرجکردنی دەرماڵەی تایبەت بە ھاوسەرگیری و منداڵ بۆ ئەو خانەنشینانە دەدات، کە لەمساڵدا بۆیان خەرجنەکراوە، ڕاشیدەگەیەنێت: وەزیری دارایی بەڵێنی خەرجکردنی داوە و تەنھا دەرکردنی فەرمانەکەی ماوە.
عەزیز عەلی فەتاح، بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لەسلێمانی، راگەیاند: ئەو خانەنشینانەی لەمساڵدا دەرماڵەی تایبەت بەھاوسەرگیری و منداڵیان بۆخەرجنەکراوەو مافی خۆیانە بۆیان خەرجبکرێت، کە لەشێوەی قەرەبوودا پارەکەیان پێدەدرێت.
رونیشیکردەوە، ئێمە بۆ خەرجکردنی ئەو قەرەبووە، نوسراومان بۆ وەزارەتی دارایی کردووەو لەئێستادا نوسراوەکە لەبەردەستی وەزیردایە، ھەرکات فەرمانی بۆ دەرکرد پارەکە بۆ خانەنشینان خەرجدەکرێت.
بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە لەسلێمانی ئاماژەی بەوەکرد کە وەزیری دارایی بە زارەکی بەڵێنی خەرجکردنی ئەو قەرەبووەی داوەو تەنھا ئەوە ماوە فەرمانی بۆدەربکات، بەڵام لەئێستادا موچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ ماوە و دوای ئەوەی موچەی ئەو سێ مانگەی خانەنشینان خەرجدەکرێت، ئەو قەرەبووەشیان دەدرێتەوە کە لەمساڵدا دەرماڵەی ھاوسەرگیری و منداڵ لەگەڵ موچەکەیاندا بۆ خەرجنەکراوە .
