وەزیری پێشمەرگە ئاماژە بە چڕكردنەوەی هەوڵەكان دەكات بۆ هاوتاكردنی مووچەی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی تر، ئەمریكاش تەئكید لەسەر بەردەوامبوونی لەسەر پشتگیریی و پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم و كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، بارودۆخی ناوچەكە و دوایین ِرووداو و پێشهاتەكانیان تاوتوێكرد و لەسەر پرسی رێكخستنەوەو یەكگرتنەوەی هێزەكان هەردوولا بەبایەخەوە لەهەنگاوەكانی ئەو پڕۆسەیان ڕوانی، وەزیری پێشمەرگەش بە كونسڵی ئەمریكای راگەیاندووە كە پشتیوانی ئەوان و هاوپەیمانان ڕێگاكەیان ئاسانتر دەكات، شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، لەگەڵ ستیڤن فیگن كونسڵی گشتیی ئەمریكا و كۆلۆنێل شەین سێلین و كۆنەر لۆڤ، راوێژكارانی باڵای سەربازی ئەمریكا له هەرێم، بەووردی گفتۆگۆیان لەسەر میكانیزمی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكان و بەردەوامی پڕۆسەی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا كرد.
وەزیری پێشمەرگە، وێڕای ستایشی هەوڵە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی ئەمریكا، هاوكارییە سەربازی و راوێژكارییەكانی ئەو وڵاتەی بۆ حكومەت و هێزی پێشمەرگە بەرزنرخاند، هاوكات روونی كردەوە لەمەسەلەی بنبڕكردنی تیرۆر و تیرۆریستان لەناوچەكە، خەباتی پێكەوەیی هەردولا ، شانازییەكی مێژووییەو لەهزری هەموواندا دەمێنێتەوە.
لەسەر پرسی باشتكردنی ژیانی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی لیوا هاوبەشەكان و یەكگرتنەوەی هێزەكان، وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاندووە، هەوڵەكانیان چڕتر كردۆتەوەو پێویستییان بەهاوكاری زیاتری ئەوان دەبێت، هاوكات روونی كردووەتەوە، سوورن لەسەر ئەوەی مووچەی پێشمەرگە باشبكرێ و هاوتای هێزەكانی تر بكرێت، بۆ ئەمەش دەستیان پێكردوەو هەوڵدەدەن بەربەستەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە نەهێڵین.
كونسوڵی گشتیی ئەمریكا، دڵناییی داوەتە وەزیری پێشمەرگە، كە هێزەكان و راوێژكارانیان لەپاڵپشتی و پشتگیری پێشمەرگە بەردەوام دەبن و بەئومێدی زۆریشەوە دەڕواننە پڕۆسەی چاكسازی و ” ئەوەی دەستان پێكردووە جێگەی بایەخ و گرنگیدانی بێ سنوری ئەوانە”.
لەكۆتاییی كۆبوونەوەكەشدا، بەوردی ئاراستەو روانگەی پرسی پەیوەندیەكانی نێوان هەولێرو بەغدا پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەردولا كۆكبوون كە دیالۆگەكان بەردەوامی هەبێ و پابەند بوون بەدەستووریش بكرێتە بنەمای چارەسەر.
