وڵات_شیکارى
د.سەنگەر سەیدقادر
لێكۆڵەری سیاسی و ستراتیژی لە ناوەندی ئیمارات و ناوەندی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی
ئەستەمە هەفتەیەك یان مانگێك تێپەڕبووبێت و ئەردۆگان بەرەیەكی نوێی ململانێی نەكردبێتەوە، پێی وایە ململانێكان پێگەی خۆی و توركیا لەسەر ئاستی ناوچەكە بە هێز دەكات، بە پێچەوانەی ئەحمەد داود ئۆغڵۆی هاوڕێیەوە كە خاوەنی تیۆری ( توركیای بێ كێشە و ململانێ لە پێناو گەشەپێدانی ئابوریدا) هەر بۆیە توركیای سەردەمی داود ئۆغلۆ بە یابانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەناسرا.
كۆتای هاتنی ئەردۆگان
ئەردۆگان لەسەرەتای هاتنە سەركاریەوە وەك فریاد ڕەسێك توانی ئابوری توركیا لە قەیرانێكێ قوڵ ڕزگاربكات و لەماوەیەكی كەمدا توانی توركیا لە وڵاتێكی قەرزدار و ئابوری داڕماوەوە بكات بە هێزێكی گەورەی ئابوری جیهان
بەڵام لە دوای بەهاری عەرەبیەوە لە ساڵی ٢٠١١ توركیا بە تەواوی گۆڕا، چونكە ئەردۆگان دەیویست پشێویەكانی بەهاری عەرەبی و هاتنە سەر كاری ئیسلامی سیاسی بقۆزێتەوە و لەسەر پشتی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی جیهان جەلافەتی عوسمانی لە بەرگێكی نویدا زیندوو بكاتەوە
بۆیە كەوتە دەستێوەردانی لە كاروباری ناوخۆی میسر و سودان و لیبیا و قەتەر و یەمەن. و تونس و مەغریب. وسوریا و عێراق و سۆماڵ ، هەوڵیدا لە چەند وڵاتێكدا میلیشیای سەربازی دروست بكات و هێزی سەربازی ڕەوانەی ١٦ دەوڵەتی جیهان كرد ئەم هەنگاوانەی ئەردۆگان وایكرد لە فریادڕەسەوە بگۆڕێت بۆ كابوسێك كە توركیا ڕووبەڕووی دەیان كێشە كردوە و بە جۆرێك لە ئێستادا لە گەڵ ٤٦ دەوڵەتی جیهاندا لە كێشەدایە و بەرەی شەڕی و ململانێی لەگەڵ چەندین دەوڵەتدا كردوەتەوە لەوانە:
![]() |
١- بەرەی جەنگی توركیا - ولاتانی عەرەبی: شەڕو ململانێی ( سعودیە- توركیا- میسر) جگە لە ڕەهەندە ئایدۆلۆژی و ستراتیژیەكەی، ڕەهەندێكی كەسیشی تێدایە و شەڕ لەسەر ئەوەیە كێ براگەورە و سوڵتان و خەلیفە و دەمڕاستی جیهانی سونەبێت، كەلە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانیەوە ماوەی ١٠١ ساڵە جیهانی سونە دابەشبووە بەسەر چەند بەرەیەكی دژ بەیەكدا لەڕووی بیری ئاینیەوە ئەم ململانێیانە شەڕە لە نیوان بەرەی ئیسلامی سیاسی ئیخوان ڕابەڕایەتی دەكات، بەرە سەلەفیەتی ( وەهابیەت) و سۆفیزم ( ئەشعەریەكان) كە هەریەكەیان دەیانەوێت لەژێر سایەی دەسەڵاتی سیاسیدا دەسەڵات و نفوزی ئاینی خۆیان بسەپینن
ئامانجى ئەردۆگان لەکردنەوەى ئەم بەرانەى شەڕ ئەوەیە پێگەى خۆى و تورکیا بەهێز بکات
ڕوویەكی تری ململانێكان نەتەوەییە لە نیوان هەردوو نەتەوەی عەرەب و توركدا كە هەریەكەیان خۆیان بە میراتگری كلتور و ئاینی ئیسلام دەزانن، هەر بۆیە ناكرێت سەرپێیانە لەو ڕوودا و ململانێیانەبڕوانین كە مێژیەكی ١٠٠٠ ساڵەی هەیە.
لە ئێستادا میسر و ئیمارات و سعودیە وەك چۆن پرۆژەی توركیایان لە سودان شكست پێهێنا و دورگەی سەواكنی ستراتیژیان لەژێردەستی توركیادا دەرهێنا كە عمر بەشیر بەخشیە توركیا بەهەمان شێوەش دەیانەوێت دەسەڵات و نفوزی توركیا لە لیبیا و سوریا و سۆماڵ و قەتەر و عێراق و تونس كۆتای پێبهێنن چونكە فراوان خوازی توركیا بە مەترسیەكی گەورە دەزانن لە سەر ئایندەی وڵاتانی عەرەبی و دەیانەوێت ڕێگە بگرن لە خەونی ئەردۆگان بۆ زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی
٢- بەرەی دەریای ناوەڕاست و كێشەی غاز:
بەپێی ئاماری ناوەندی وزەی جیهانی ١٢٠ تلریۆن مەتر سێجا غاز لە ژێر دەریای ناوەڕاستدایە و لە ساڵی ٢٠١٨ میسر و ئیسرائیل و یونان وقوبرس و ئیتاڵێا هاوپەیمانی غازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ڕاگەیاند و میسر دەستیكرد بە دەرهێنانی غاز لە دەریای ناوەڕاست لە كێڵگەی (الظهر) كە ٦٠ ترلیۆن یەدەكی غازی تێدایە و كێڵگەی تامارا كە ئیسرائیل كاری تێدا دەكات ١٢ ترلیۆن یەدەكی هەیە و ئەفرۆدیتش كە قوبرس و یۆنان بە هاوبەشی كاری تێدا دەكەن ٦ ترلیۆن مەتر سێ جا غازی تێدایە.
هەڵوێستی ئەو وڵاتانە بووە هۆی نیگەرانكردنی توركیا و توركیاش دەستی بە دەرهێنانی غاز كردوە لە سنورە ئاویە جیناكۆكەكانی نێوان قوبرسی توركی و قوبرسی یونانی، ئەمەش كاردانەوەی توندی یەكێتی ئەوروپا و میسر و یۆنان و قوبرسی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئەمڕۆش نزیك بوو پێكادانی سەربازی ڕووبدات
٣- ململانێ كانی توركیا و ئەمەریكا:
ململانێكانی توركیا و ئەمەریكا لە ئێستادا و لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپدا لە مێژووی پەیوەندیەكانیاندا هاوشێوەی نەبوە، گرنگترین پرسی جێناكۆكی نێوانیان بریتیە لە هاوكاری توركیا بۆ حەماس و ئێران و پرسی دەستێوەردانی لە سوریا و لیبیا و عێراق و فەلەستین و كڕینی سیستەمی موشەكی s400 و تەسلیم نەكردنەوەی فەتحولا گولەن و هاوكاری ئەمەریكایە بۆ پەكەكەو پەیوەندیەكانی توركیا و ڕۆسیا و چین و كەندێك كێشەی تر
٤- ململانێكانی توركیا و بەرەی ئەوروپا:
توركیا لە ئێستادا كێشە و ململانێی قوڵی لە گەل ١٣ وڵاتی ئەوروپی دا هەیە كە گرنگترینیان فەرەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و هۆڵەندا و قوبرس و یۆنان و بەریتانیایە، هۆكاری ئەم ململانێیانە پەیوەستە بە پرسی غازی دەریای ناوەڕاست و هەوڵی توركیا بۆ زیندوكردنەوەی خەلافەتی عوسمانی كیشەی مافی مرۆڤ. و دۆزی كورد و جینۆسایدی ئەرمەنەكان و پشتیوانی توركیا لە ڕێكخراوە توندڕەوەكان و دەستێوەردانی هەردوو لا لە كاروباری ناوخۆی یەكتر.
٥- توركیا و ڕوسیا:
سەرەڕای ئاسای بونەوە و لێكنزیكبونەوەی توركیا و ڕۆسیا لە چەند مانگی ڕابردودا بەڵام هێشتا لەسەر چەند پرسێكی ستراتیژی لە ململانێی قوڵدان گرنگترین پرسە جێناكۆكەكان بریتیە لە كیشەی سوریا و پارێزگای ئیدلب و داگیركردنی بە شێك لە خاكی سوریا و پرسی دەستێوەدانی توركیا لە كاروباری و مسوڵمانی ڕوسیا و هاوكاری گروپە چەكداریە چیچانیەكانیەكانە.
تەحەداى گەورە لەبەردەم ئەردۆگاندا ناوخۆى وڵاتە
٦- ململانێكانی توركیا و ئیسرائیل:
پەیوەندیەكانی ئیسرائیل و توركیا ستراتیژین و توركیا یەكەم. دەڵەت بوو دانی بە ئیسرائیلدا ناوە، لە ساڵی ١٩٥٥ هاوپەیمانێتێان دژی شوعیەت و یەكێتی سۆڤیەت ڕاگەیاند ، دوای ساڵی ١٩٧٣ كۆتای هاتنی شەڕی عەرەب. ئیسرائیل ئیسرائیل ڕۆڵی گرنگی هەبوو لە پڕچەكردنی سوپای توركیا و ڕاهێنانی دا
بەڵام لە دوای هاتنەسەركاری ئەردۆگان لە ٢٠٠٣ پەیوەندیەكانیان ساردوو سڕی تێكەوت بە هۆی پشتیوانی ئەردۆگانەوە بۆ بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیلیش هاوكاری پارتی كرێكاران ( پەكەكە) دەكرد، لە ٢٠١٠ دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر كەشتی مەمەڕەی توركی كە دەیویست گەمارۆی ئابوری غەزە بشكێنی و لە هێرشەكەدا ٩ هاوڵاتی تورك كوژران. و ٤٥ دیكە بریندار بوون، بەو هۆیەوە پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاند
![]() |
دای ٣ ساڵ و لە ٢٢ مارسی ٢٠١٣ ناتانیاهۆ داوای لێبوردنی لە توركیا كرد و قەرەبووی قوربانیەكانی كردەوە و بەوهۆیەوە پەیوەندیەكانیان ئاسایی بویەوە بەڵام هێشتاش پەیوەندیەكان سارد و سڕە بە هۆی پرسی سوریا و پەكەكە و حەماس و پرسی دەرهێنانی نەوت و غازی دەریای ناوەڕاستەوە.
٧- ململانێكانێكانی چین و توركیا جگە لە پرسی فراوانخوازی و شەڕی ئابوری لە ئەفریقا پەیوەندی بە پرسی دەستێوەردانی توركیاوە لە كاروباری ناوخۆی چین بە هۆی پشتیوانیەوە بۆ ئیگۆڕە توركمانەكانی چین
-ئەردۆگان بۆچی ئەم بەرانەی شەڕ دەكاتەوە؟
ئامانجی ئەردۆگان لە کردنەوەی ئەم بەرەی شەڕانە بەهێزکردنی پێگەی خۆی و تورکیایە بەڵام ئەوەی جێگای پرسیارە ئایا ڕەجەب تەیب ئەڕدۆگان لە یەكاتدا توانای بەڕێوەبردنی ئەم هەموو ململانێیانەی هەیە؟ لەکاتێکدا لە ناوخۆ تورکیاشەوە لەململانێی سەختدایە، چونکە ئەوەی جێگای مەترسیە گەورەکەیە بۆ ئەردۆگان ناوخۆی توركیایە بەتایبەت دوای شكستە گەورەكەی لە هەڵبژاردنی ناوخۆی توركیادا، ئێستاش لەلایەن علی باباجانی ئەندازیاری سەركەوتنەكانی ئابوری توركیا و پارتی ئاكەپەوە بە هاوكاری عبدلله گویل و ئەحمەد داود ئۆغلۆ هەوڵی پێكهێنانی حیزبێكی نوێ دەدرێت كەچەند ڕۆژی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت، بەوەش مەترسی بۆسەر دەسەڵاتی ئەردۆگان دروست دەبێت و ئەستەمە بتوانێت بەردەوام بێت لە دەسەڵات.


