نوێترین

recent

26/08/2019

نێچیرڤان بارزانى دواى ١٠٠ ڕۆژ لە سەرۆکایەتى



شیکارى_ چلانە قادر

دواى نزیکەى ١٠٠ ڕۆژ لە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان، هێندەى بەجلى ئاسایى و بەکارى ئاساییەوە دەرکەوتووە، هیچ چالاکیەکى سیاسى و ئابورى گرنگى ئەنجام نەداوە، تەنانەت چالاکیەکانیش بڵاوناکرێتەوە لە پێگەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و بیناى سەرۆکایەتى هەرێمیشى نەدراوەتێ.


چالاکیەکانى نێچرڤان بارزانى لەماوەى ١٠٠ ڕۆژدا

نێچیرڤان بارزانى لەماوەى نزیکەى ١٠٠ ڕۆژى سەرۆکایەتیەکەیدا کۆمەڵێک کارو چالاکى ئەنجامداوە کە ئەویش سپۆنسەریکردنى خولە وەرزشیەکان و بەشداریکردن لە کوڕبەندە ئابورییەکان و سەیرکردنى یارى تۆپى پێ، بەشداریکردن لەچاڵێنجى پاراستنى ژینگە.

پێچەوانەى سەرۆکایەتى حکومەت، هیچ بەشدارییەکى کاراى نیە لە کۆڕە هەواڵگرى و سەربازییەکان، لە سلکە دیبلۆماسى و ئابورییە جیهانیەکان، لە چالاکییە مەیدانیەکان، تەنانەت هیچ بڕیارێکى گرنگى نەداوە لەبارەى ژیانى خەڵک و یان پەیوەست بە ژیانى هاوڵاتیانیەوە تەنها دوو مەڕسومى دەرکردووە ئەوانیش (ڕاسپاردنى سەرۆکى حکومەت و دانانى کوڕەکەى فڕانسۆ هەریرى بە سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان)، لەکاتێکدا کۆمەڵێک دۆسیەى گرنگ و گەرم هەن دەبوو نێچیرڤان بارزانى ڕۆڵى هەبێت تێیاندا لەوانە (پرسى هەولێر و بەغداد، کێشەى ناوچە جێناکۆکەکان، ئایندەى داعش، ئابورى کوردستان، ڕێکخستنەوەى هێزى پێشمەر) و دەیان پرسى تر، کە بەشێکیان لەژێر دەسەڵاتى ڕاستەوخۆى ئەودان کە سەرۆکى هێزە چەکدارەکانە، بەڵام نەبوونى رۆڵى لەم پرسیانەدا جێگەى پرسیارە، بۆچى نێچیرڤان بارزانى خوى داوەتەوە ئەو پرسانە لەکاتێکدا پرسى گەورەتر هەن ڕۆلبگێڕێت؟





نێچیرڤان بارزانى سەرقاڵى چیە؟

نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان دواى زیاتر لە ١٦ ساڵ لە سەرۆکایەتى حکومەت و دواى لادانى لەو سەرۆکایەتیە و هاتنى مەسرور بارزانى بۆ سەرۆکایەتى حکومەت، وردە وردە هەرچى پێگەى ئابورى و سیاسیە لەژێر فشارى ململانێدا بێت یان بە خواستى خۆیەتى ڕادەستى سەرۆکى حکومەتى کردوون، بۆیە ئێستا زۆرینەى لینکەکانى کە لە سەرۆکایەتى حکومەت دروستى کردوون، گوازراونەتەوە بۆ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

بۆیە ئەوەى بۆ نێچیرڤان بارزانى ماوەتەوە، تەداروکات و تەشریفاتە و سەرجەم رۆڵە فیعلیەکانى لێسەنراوەتەوە کە پێشتر هەیبوون، ئەمەش بوارى بۆ نێچیرڤان بارزانى تەسککردووەتەوە و کە بتوانێت یاریچیەکى بەهێزبێت چۆن پێشتر ئەو رۆڵى  مەسعود بارزانى سنوردارکردبوو ئێستاش توشى هەمان دۆخ هاتووە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان.

بۆیە ئێستا نێچیرڤان بارزانى خۆشى تێگەیشتووە کە کۆتایى بە رۆڵە گەورەکەى هاتووە، بۆیە سەرقاڵى ئەوەیە، یەکەم: دەیەوێت پیشانى بدات سەرۆکێکى خاکیە و تێکەڵاوى خەڵک دەبێت پێچەوانەى بارزانى "گەنج و مۆدێرنە" بۆیە لەماوەى ئەم سەرۆکایەتیەدا نێچیرڤان بارزانى ئەوەندەى بەجلى وەرزشى و نافەرمیەوە دەردەکەوێت ئەوەندە بەجلى فەرمیەوە دەرنەکەوتوو ئەوەندە لە بۆنە وەرزشى و چاڵنجەکاندا دەرکەوتووە ئەوەندە لەسەر کورسیەکەى دەرنەکەوتووە، تەنانەت یەک وێنەشى نیە لەسەر کورسیەکەى، دووەم: سەرقاڵى دروستکردنى پێگەیە بۆ "ئیدریسى" کوڕى و ئامادەکردنى بۆ پۆستى سەرۆکایەتى حکومەتى داهاتووى هەرێمى کوردستان، هێنانە پێشەوەى خەڵکانى نزیک لەخۆى.


نێچیرڤان بارزانى سەرۆکێکى بێ مەکان

تائێستاش نێچیرڤان بارزانى لەماڵەکەى خۆیەوە حکومى کوردستان دەکات، واتە تائێستا سەرۆکایەتى هەرێمى بەتەواوى ڕادەست نەکراوە کە ماڵى مەسعود بارزانیە و بۆیە تەنها چالاکیە فەرمییەکانى دەباتە سەرۆکایەتى هەرێم نەک هەمووکات لەوێ بێت تەنانەت یەکجار سەردانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردووە لە سەرى ڕەش کە ئەویش لەدیوانەکەى موبارەکەى مەسرور بارزانى کرد.
هاوکات پێگەى فەرمى سەرۆکایەتى هەرێمیش، هیچ چالاکیەکى نێچیرڤان بارزانى تێدا بڵاوناکرێتەوە تەنها دوو مەرسوم نەبێت ئەویش: "ڕاسپاردنى سەرۆکى حکومەت و دیاریکردنى سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان".
بۆیە ئێستا چالاکیەکانى نێچیرڤان بارزانى زۆرینەى لە فەیسبوکى خۆى دادەبەزێنێت، لەگەڵ ئەوەش کارەکانى سەرۆکایەتى لە ماڵەکەى خۆى لە هەولێر ئەنجامیان دەدات.


چارەنوسى نێچیرڤان بارزانى چى دەبێت؟

نێچیرڤان بارزانى هاوشێوەى مەسعود بارزانى دەسەڵاتێکى تەشریفاتى دەبێت بەڵام لەڕاستیدا دەسەڵاتەکان لاى مەسرور بارزانى و هاو کۆلکەکانى دەبێت، بۆیە نێچیرڤان بارزانى تێگەیشتووە لەوەى ئەو دەسەڵاتە بەهێزەى جاران هەیبوو ئێستا نە سروشتى دەسەڵاتەکەى نە بنەماڵەى بارزانیش قبوڵى دەکەن، ئەوەى هەیە ئەوەیە پێویستە وەکو سروشتى بنەماڵە نەوەى چوارەم کە (ئیدریس)ى کوڕیەتى ئامادەى بکات بۆ سەرۆکایەتى حکومەت، ئەمەش ڕەنگە چەندین ساڵى داهاتوو بخایەنێت.
بەڵام ئەمە ساڵانێکى پڕ لە ململانێ دەبێت بۆ (مەسرور بارزانى و نێچیرڤان) هەروەکو لە ڕووداوەکەى هۆقەبازدا ئەم ململانێیە گەیشتە ترۆپک و ڕەنگەش لەچەندین پرسى هاوشێوەدا هەمان ڕووداو ڕووبدات.






Picsart-24-02-23-21-31-09-085