ئاژانسى وڵات
ڕاپۆرتى شیكارى تیمى ڕۆژنامه‌نوسانى وڵات
٣١ى ئاب بووه هۆكارى له‌باربردنى ئه‌و پلانه‌ى كه جه‌لال تاڵه‌بانى، سكرتێرى كۆچكردووى یه‌كێتى نشتمانى كوردستان له‌ژێر چاودێرى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریك بۆ رزگاركردنى كه‌ركوك داینابوو.
٣١ى ئابى ١٩٩٦ ئه‌و ڕۆژه‌یه كه دواى ٢٣ ساڵ هێشتا مشتومڕى جۆراوجۆرى له‌سه‌ره، چونكه بۆ پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ئه‌م ڕۆژه "ڕۆژى رزگاربوونیه‌تى له‌و پلانه كه یه‌كێتى نشتمانى كوردستان بۆ له‌ناوبردنى داینابوو"، لاى زۆرینەى خەڵکى كوردستانیش ئه‌م ڕۆژه "ڕۆژى خیانه‌تكردنه له نه‌ته‌وه‌ى كورد و هێنانى ده‌بابه‌یه بۆ ناو په‌رله‌مانى كوردستان و پێشكه‌شكردنیه‌تى به‌و ڕژێمه‌ى كه كوردى كیمیاباران و ئه‌نفال كرد"، ئه‌گه‌ر له‌هاووڵاتیه‌كى كوردیش بپرسیت:٣١ى ئاب چیه؟ ئه‌وه ده‌ڵێت: "رۆژێكى ڕه‌شى مێژووه كه تێیدا هێزێکى سیاسى هه‌رێمێكى سێ پارێزگایی ڕادەستى سەددام کرد"، به‌ڵام ئه‌ى ڕاستیه شاراوه و دركپێنه‌كراوه‌كانى ئه‌م ڕووداوه دواى دوو ده‌یه چین؟ به‌ڵگه‌نامه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا (سى ئاى ئه‌ى) چى له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێن؟ ئه‌م رۆژه چى بۆ پێنج ملیۆن كورد هێنا كه له باشورى كوردستان ده‌ژین؟
![]() |
| پێشمەرگەیەکى یەکێتى لەکاتى هێرشدا_شەڕى ناوخۆ |
ئه‌و ڕووداوه‌ى له ٣١ى ئابى ١٩٩٦، ڕوویدا ته‌نیا ڕووداوێكى ساده و ڕۆژێكى ڕه‌ش نه‌بوو له مێژووى نه‌ته‌وه‌یه‌كدا كه تازه به‌تازه له ده‌ستى رژێمى به‌عس رزگاربووبوو، به‌ڵكو به‌رهه‌مى دوو ساڵ شه‌ڕى ناوخۆى نێوان پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانبوو، كه له ساڵى ١٩٩٤ه‌وه ده‌ستیاندابوویه له كوردستان زیاتر به (شه‌ڕى براكوژى) ناسراوه. له هاوینى ساڵى ١٩٩٦دا هه‌ژموونى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له هه‌ركاتێكى تر زیاتربوو، زۆربه‌ى ئه‌و ناوچانه‌ى كه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان به ناوچه‌ى خۆى ده‌زانین كه‌وتبوونه ژێرده‌ستییه‌وه، لە شەوى ١٨ى ئاب، یەکێتى لە قۆڵى ڕواندزەوە هێرشیکردە سەر پارتى، شەقڵاوە و شاخى سەفینى کۆنترۆڵکرد، نزیکبووەوە لە گەمارۆدانى سەرى ڕەش كه بنه‌ماڵه‌ى مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان تێیدا نیشته‌جێن، له‌دواى ئه‌م ڕووداوه پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌ستیكرد به هه‌وڵدان بۆ وه‌رگرتنى یارمه‌تى له سه‌دام حسێن، دیكتاتۆرى پێشووى عێراق كه دوژمنى سه‌ر سه‌ختى كوردبوو. لە ٢٢ى ئاب، نێچیرڤان بارزانى، جێگیرى سه‌رۆكى پارتى له‌گه‌ڵ ئازاد به‌روارى، نامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ى سه‌دام حسێن كرد و بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تیانبده‌ن له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى ئه‌و هێرشانه‌ى كه یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ده‌یكاته سه‌ریان، سه‌دام حسێن یش پاش وه‌رگرتنى ده‌سته‌به‌رى به‌وه‌ى كه به‌زاندنى هێڵى دژه فڕینى ٣٦ هیچى رووبه‌ڕوونابێته‌وه له توركیا به سه‌ركردایه‌تى كوڕه‌كه‌ى به‌ناوى قوسه‌ى، له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجى كوشتنى سه‌ركرده‌كانى ئۆپۆزسیۆنى عێراق، به ٤٠ هەزار سەرباز و ٥٠٠ تانک و سوپایه‌كى به‌هێزى پیاده‌وه هێرشى كرده سه‌ر هه‌ولێر و ناوچه‌كانى ژێرده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى له شه‌شه لاوه. ئه‌م پرۆسه‌یه ناونرا (ئاب متوکل على اللـە). ئه‌م پۆڕسه‌یه به‌شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووبوو كه هێزه‌كانى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان ته‌واوى ئه‌و ناوچانه‌یان له‌ده‌ستدا كه پێیانووابوو كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتیانه‌وه، حزبى به‌عس یش گه‌یشت به ئامانجه‌كه‌ى، چونكه له‌و ڕۆژه‌دا ٢٢ سه‌ركرده‌ى به‌ره‌ى توركومانى و سه‌دان سه‌ركرده‌ى کۆنگرەى نیشتمانى عێراق (ئۆپۆزسیۆنى عێراق) یان ده‌ستگیر كرد، سه‌رجه‌میان له‌ناو هه‌ولێردا له‌سێداره دان.
![]() |
| چەند پێشمەرگەیەکى پارتى لە ناوەندى هەولێر _٣١ ئاب |
ئه‌وه‌ى كه له‌سه‌ره‌وه باسكرا ئه‌و ڕووكه‌شه مێژووییه‌یه كه ڕووداوى ٣١ ئاب، هه‌یه‌تى و پارتى دیمو‌كراتى كوردستا و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و به‌ڵگه مێژووییه‌كانى به‌عس باسى لێوه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌ڵگه‌كانى ده‌زگاى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا باسى لێوه‌ده‌كه‌ن بابه‌تێكى تره، روویه‌كى شاراوه‌ى ئه‌م ڕووداوه باسده‌كات كه ره‌نگه دركپێكردنى پێشتر قورسبووبێت.
به‌گوێره‌ى چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كى ئاژانسى هه‌واڵگرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا "له ساڵى ١٩٩٦دا ئۆپۆزسیۆنى عێراق كه ئه‌وكات له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی یه‌وه سه‌رپه‌رشى كراوه و له هه‌ولێر نیشته‌جێبووه، پلانى ئه‌وه‌ی داناوه كه به هاوكارى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، سه‌دام حسێن بڕوخێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش هاوكارى له ناو به‌غداش كۆكردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له به‌عس وه‌ربگرنه‌وه، سى ئاى ئه‌ى ئه‌مریكى له ورد و درشتى ئه‌و پلانه ئاگاداركردووه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بێڵ كلینتن، سه‌رۆكى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا له كۆتا ساڵى سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌یدا بووه، ویستویه‌تى دووباره خۆى بۆ خولێكى تر‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا كاندید بكاته‌وه، نه‌یویستووه سه‌ركه‌شى به پۆسته‌كه‌یه‌وه بكات كه له‌لایه‌ن سى ئاى ئه‌یه‌وه پلانه‌كه‌ى پێ راگه‌یه‌نراوه، ڕاسته‌وخۆ ڕه‌تیكردووه‌ته‌وه و ڕازینه‌بووه".
"سى ئاى ئەى پلانى تاڵەبانى پەسەندکرد بۆ ڕزگارکردنى کەرکوک و ڕوخاندنى سەددام"
له به‌شێكى تر‌ى به‌ڵگه‌كاندا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو "یه‌كێكى تر له‌و هۆكارانه‌ى كه وایكرد كلینتن، ڕ‌ازى نه‌بێت به پلانه‌كه‌ى ئۆپۆزسیۆنى عێراق، بریتی‌بوو له‌وه‌ى، له‌وكاته‌دا ئۆپۆزسیۆنى عێراق به‌ته‌واوه‌تى له‌ژێر هه‌ژموونى ئێران دا بوو، ئه‌و سه‌رۆكه ده‌ترسا به ڕووخاندنى رژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن، عێراق به‌ته‌واوه‌تى بكه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئێران، هه‌ربۆیه پلانه‌كه‌ى چه‌له‌بى و هاوڕێكانى به ڕاوێژكارى سى ئاى ئه‌ى ڕه‌تكرده‌وه".
ئاژانسى هه‌واڵگیرى ناوه‌ندى ئه‌مریكا له به‌شێكى تر‌ى به‌ڵگه‌كانیاندا باسى ئه‌و پلانه ئه‌كه‌ن كه له‌وكاته‌دا جه‌لال تاڵه‌بانى، سكرتێرى كۆچكردووى یه‌كێتى دایڕشتووه و لاى ئه‌وان په‌سه‌ند بووه و نوسیویانه "له سه‌روبه‌ندى ٣١ى ئاب، دا یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان له‌وپه‌ڕى هێزى خۆیدا بوو، زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ئێستا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتیدابوون، جه‌لال تاڵه‌بانى كه ئه‌وكات زۆر په‌یوه‌ندیشى پیته‌ونه‌بوو له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا، پلانى داده‌ڕشت بۆ رگاركردنى ته‌واوه‌تى كه‌ركوك، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌یویست له باكورى هه‌ولێره‌وه، هێزه‌كانى هێرشبكه‌نه سه‌ر كه‌ركوك و دایببڕێت له موسڵ. رێك له‌وكاته‌دا كه تاڵه‌بانى سه‌رقاڵى داڕشتنى ئه‌م پلانه‌بوو، ئۆپۆزسیۆنى عێراقى به پلانه‌كه‌ى زانى، ئه‌وه‌یان به هه‌لزانى بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن له‌ڕێگه‌ى تاڵه‌بانییه‌وه خه‌ونه‌كه‌یان به‌دیبهێنن و هاوكارى ئه‌مریكا ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، ئه‌وه‌بوو ویستیان كه كه‌ركوك له عێراق دابڕا، پاشان موسڵ له سه‌دام حسێن بسه‌ننه‌وه، دواتر له‌ڕێگه‌ى سى ئاى ئه‌یه‌وه هاریكارى به‌ده‌ستبهێنن و به‌عس له‌ناوبه‌رن".
![]() |
| مام جەلال لەناو پێشمەرگەکانی یەکێتی دا |
هه‌ر له‌و به‌ڵگانه‌دا ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو "له‌مانگى ئاب، جه‌لال تاڵه‌بانى ده‌ستى به ئۆپراسیۆنه‌كان كرد، ئه‌مریكاش بێده‌نگى له‌م بابه‌ته‌دا هه‌ڵبژارد، چونكه پلانه‌كه‌ى تاڵه‌بانى به‌لاوه په‌سه‌ندبوو، ته‌نانه‌ت خێراى به‌ره‌وپێشچوونه‌كانیان سى ئاى ئه‌ى شۆككردبوو، ڕێك له‌وكاته‌دا كه تاڵه‌بانى سه‌رقاڵى ڕزگاركردنى كه‌ركوك بوو، مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له‌ڕێگه‌ى نامه‌یه‌كه‌وه سه‌دام حسێنى بانگهێشتكرد بۆ هه‌ولێر و وایكرد هێزه‌كانى بێنه ناو هه‌ولێر".
یه‌كێتى تر له‌و بابه‌تانه‌ى كه زۆرترین كات په‌رده‌پۆشده‌كرێت و كه‌مترین كات ده‌ستى بۆ ده‌برێت، ئه‌و كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌یه ئه‌منییه‌یه كه به‌هۆى ڕووداوه‌كان و رێككه‌وتننامه نهێنییه‌كانى پیشت ٣١ى ئابى ١٩٩٦، توشى هه‌رێمى كوردستان بوو تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كه‌ى ماوه.
به‌گوێره‌ى چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه له‌سه‌ر رووداوه‌كانى ٣١ى ئاب، ده‌ستكه‌وتوون هه‌م له‌سه‌ر زارى شایه‌دحاڵانى ڕووداوه‌كه‌وه و هه‌میش وه‌ك به‌ڵگه، كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانى ئه‌م ڕووداوه مێژوویه له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و تاكى كورد ده‌رده‌خه‌ن و ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، تا ئێستاش كاریگه‌رییه‌كه‌یان ماوه.
به‌گوێره‌ى به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك كه باس له‌و رێككه‌وتنانه ده‌كات كه له‌پێناو گه‌یشتن به ٣١ ئاب، له‌نێوان ڕژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و توركیادا كراوه ده‌ریده‌خات "٣١ى ئاب، گه‌وره‌ترین ده‌رگاى فه‌رمى كرده‌وه بۆ داگیركردنى كوردستان له‌لایه‌ن توركیاوه".
![]() |
| ڕۆژنامەى هاوکارى باسى ٣١ ئاب دەکات |
له به‌ڵگه‌نامه‌كه‌دا هاتووه "له سه‌روبه‌ندى ڕووداوه‌كانى ٣١ى ئاب، دا به‌ته‌واوه‌تى له‌و كاته‌ى مه‌سعود بارزانى، داوا له سه‌دام حسێن ده‌كات هاوكاربێت له پاراستنى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له داڕوخانى ته‌واوه‌تى، رژێمى به‌عس سه‌ره‌تا ره‌تیده‌كاته‌وه، به‌هۆى هیڵى دژه فڕینى ٣٦ كه بۆ هه‌رێمى كوردستان دانراوه، چونكه به شكاندنى ئه‌و هێڵه ده‌كه‌وێته به‌ر هێرش، بۆ رزگاربوون له‌م به‌ربه‌سته پارتى دیمو‌كراتى كوردستان په‌ناده‌باته به‌ر توركیا، پاش مشتومڕێكى زۆرى نێوان رژێمى به‌عس و توركیا و پارتى دیمو‌كراتى كوردستان، ڕێككه‌وتنێك دێته‌ئاراوه كه ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كه‌ى بریتیى ده‌بێت له، چاوپۆشیكردن له سنوربه‌زاندنى سه‌دام حسێن و ده‌ستوه‌ڵاكردنى توركیا له عێراق".
له به‌شێكى تر‌ى ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو "ڕێككه‌وتننامه‌كه بووه یه‌كه‌مین ده‌رگاى فه‌رمى بۆ هێنانى سه‌ربازگه‌كانى توركیا، بۆ ناو خاكى عێراق و به دیاریكراویش هه‌رێمى كوردستان بۆیه، توركیا له‌دواى ٣١ى ئاب، بنكه و باره‌گاى سه‌ربازى خۆى به گشتى به دیاركراوى له دهۆك له ناوچه‌كانى: بامه‌ڕنى، شیلادزێ، دێره‌لوك و نوێنه‌رایه‌تى هه‌واڵگرى خۆى له هه‌ولێر داده‌مه‌زرێنێت، پاشان شه‌ڕى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان و په‌كه‌كه‌ى لێده‌كه‌وێته‌وه"، به ئێستاشه‌وه ئه‌و باره‌گایانه له هه‌رێم بوونیان هه‌یه و رۆڵى سه‌ره‌كى له ڕووداوه سیاسییه‌كانى هه‌رێمدا ده‌بینن.
"بۆ یەکەمجار پارتى لە ٣١ ى ئابدا دەستى تورکیا هێنایە ناو خاکى کوردستان"
یه‌كێكى تر له كاریگه‌رییه‌كانى ڕووداوه‌كانى ٣١ى ئاب كه له به‌ڵگه‌نامه‌كاندا باسكراوه بریتیه له‌بابه‌تى له‌ده‌ستدانى ره‌وتى سیاسه‌ت و باڵانسى هێز له‌ناو پارتى دیمو‌كراتى كوردستان دا وه‌ك حزبێكى كوردستانى، به‌ڵگه‌كه نامه‌ى هه‌واڵگرێكى به‌ریتانییه و بۆ ده‌زگاى هه‌واڵگرى وڵاته‌كه‌ى نێردراوه ده‌ڵێت: "له‌دواى په‌نابردنى سه‌رۆكى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بۆ سه‌دام حسێن، قبوڵكردنى سه‌رجه‌م ئه‌و رێككه‌وتنه هه‌واڵگرى و ئه‌منییانه‌ى كه به‌سه‌ریدا سه‌پێنران، چیتر پارتى دیمو‌كراتى كوردستان بووه، حزبێكى جێبه‌جێكارى سیاسه‌تى توركیا، ئه‌و ستراتیژیه‌ته ڕوونه‌ى كه بۆ داهاتووى خۆى هه‌یبوو له‌لایه‌ن مسته‌فا بارزانى یه‌وه داڕێژرابو له‌ده‌ستیدا، ناچاربوو به سیاسه‌ته‌كانى توركیا كاربكات".
ئه‌وه‌ى له كۆتایدا گرنگه ئاماژه‌ى پێبكرێت ئه‌وه‌یه، پێش ٣١ى ئابى ١٩٩٦، شاره‌كانى: سلێمانى، هه‌ولێر، به‌شێكى هه‌ڵه‌بجه، ڕانیه، قه‌ڵادزێ، هه‌رێمى قه‌ندیل و پێنجوێن له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستاندا بوون. پارتى دیمو‌كراتى كوردستان شاره‌كانى: دهۆك، زاخۆ، سۆران و به‌شێكى هه‌ڵه‌بجه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌بوو كه به‌ڕێژه‌ى ٣٠٪ى خاكى كوردستان مه‌زه‌نده ده‌كرا، به‌ڵام دواى ٣١ى ئاب، ئه‌م ڕێژه‌یه به‌رزبووه بۆ ٦٠٪ى خاكى هه‌رێمى كوردستان.
ته‌واوى ئه‌و به‌ڵگانه‌ى كه له‌م ڕاپۆرته‌دا به‌كارهاتوون لاى وڵات پارێزراون و له‌لایه‌ن تیمى ڕۆژنامه‌نوسانى وڵات له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى به‌دواداچوونیان بۆ كراوه.




