
وڵات _ چلانە قادر
٢٠ ڕۆژى سەرکردایەتى گۆڕان شەرعیەتیان نامێنێت، ئەوەش تاقیکردنەوەیەکى قورس دەبێت لەبەردەم گۆڕانى سەر گردەکە، هەر لەئێستاشەوە دەنگى ناڕزاى پەیدابووە لەناو گۆڕان و کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
بەگوێرەى پەیرەوى ناوخۆى بزوتنەوەى گۆڕان، کە لە کۆنفراسى بزوتنەوەى گۆڕان پەسەندکراوە ڕۆژى ٢٥ ى تەموزى ئەمساڵ کۆتایى بەدەسەڵاتى شەرعى سەرۆکایەتى بزووتنەوەکە دێت، لە ڕێکخەرەوە تا خانەى ڕاپەڕاندن.
هوشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، لەبەرئەوەی لەگەڵ جۆری رێکەوتنەکەی گۆڕان و پارتی نەبوم بۆ حکومەت، هیچ بایەخێکیشم نیە کە چۆن پۆست دابەشدەکرێت، بەڵام ئەوەی دەبێ بۆ هەمو گۆڕانخوازێک جێگەی بایەخ بێت ئەوەیە؛ ئەم رێکخەر و خانەی راپەراندنە تەنها تا ۷/۲٥،واتا ۲٠ رۆژی تر شەرعیەتیان ماوە.
گۆران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکى نوێدا؟
٢٠ ڕۆژى تر گۆڕان لەدواى نەوشیروان موستەفا ڕێکخەرى کۆچکردووە بەدووەم تاقیکردنەوەدا تێپەڕ دەبێت ئەویش ئەوەیە چ بژادەیەک بۆ ڕێکخەر و سەرکردایەتیەکەى پەسەند دەکات، ئایا وەکو حیزبەکانى تر ماوەى نایاسایى درێژ دەکەنەوە یان کۆنفرانس دەبەستن.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو ڕێکخەرى رێكخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و باژێروانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی خۆڕێكخستنەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ناوخۆیی بزوتنەوەكە لە مەکۆى سەرەکی گۆڕان لە سلێمانی كۆبووەنەتەوە.
لەکۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە گۆران پێویستە خۆى ئامادەکات بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە دواى ٢٥ى تەموزى ئەمساڵەوە، ئەوەش لەپێناو ئامادەکارى بۆ کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەکە.
پێشتر خانەى ڕاپەڕاندنى گۆڕان ئەوەى نەشاردووەتەوە، کە ئەوان ئامادەن لەنزیکترین کاتدا کۆنفرانسى نیشتمانى ببەستن وەکو وەڵامێک بۆ ئەو ناڕازییانەى کە لەدەرەوە هەردوو سەرکردەى زویربووى گۆڕان (قادرى حاجى عەلى و عوسمانى حاجى مەحمود) کۆبونەتەوە.
بەشێک لە کادیرەکانى گۆڕان، گومانى خۆیان ناشارنەوە، بڕوایان وایە ئەم سەرکردایەتیەى ئێستاى گۆڕان تەنها لەیەک باردا کۆنفرانس دەبەستن ئەویش گۆڕان لەناڕەزاییەتیەکان خاڵى بکەنەوە.
ئەم دۆخە تاقیکردنەوەیەکى قورس و کۆتا هەل دەبێت لەبەردەم ڕێکخەرى گشتى و سەرکردایەتى ئێستاى گۆڕاندا، ڕەنگەشە سەرەتاى لێکترازان و دەستبەردان بێت لەناو گۆڕاندا، ئەگەر گۆڕانکارى بەئاڕاستەى ناڕەزایەتیەکان هەنگاوى دروست هەڵنەگرێت.
عوسمانى حاجى مەحمود و قادرى حاجى عەلى سەرقاڵى خۆکۆکردنەوەن
دەنگە ناڕازییەکانى خوار گردەکە؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، دەنگە ناڕازییەکانى خوار گردەکە ڕەتیدەکەنەوە بەشدارى کۆنفرانسى نیشتمانى بکەن، چونکە سەرکردایەتى ئێستاى گۆڕان لە خیابى عوسمانى حاجى مەحمود و قادرى حاجى عەلى و کادیرە ناڕازییەکان، سەرجەم ئەو کەسانەیان خزاندووەتە ناو بازنەکانی گۆڕان کە گوێڕایەڵى گردەکە و لایەنگرى چیا و نمان و هیچ ناڕەزایەتیەکانیان نیە، بەجۆرێک وا گومان دەکرێت ئێستا ئەوان پاکتاوکراون لەناو ڕێکخستنەکانى گۆڕان.
بەگوێرەى ووتەى سەرچاوەیەکى تایبەت لە ناڕازییەکانى گۆڕان، بەشێک لەوان لەناو ڕێکسختنەکان ماون، بەشێکى دیکەش لەماڵەوە دانیشتوون، بەڵام ئەمە واتاى ئەوە نیە ئەوان لەناو گۆڕان پاکتاوکرابن، ووتى: "لەپەرلەمانەوە تا خوارەوە جەماوەرمان هەیە لەناو ڕێکسختنەکانى گۆڕان".
ئەو سەرچاوەیە ووتیشى: "نیگەرانى ئێمە لەوەیە ئێستا گۆڕان وەکو فیلمێکى کۆنى ڕەش و سپى لێهاتووە هەر جامێکى دەشۆیتەوە چیا و نما و خانەى ڕاپەڕاندنى تیا دەردەچێت".
پۆستەکان و کۆنفراس، هەلى ناڕازییەکانە؟
جەلال جەوهەر، ئەندامی خانەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی میکانیزم و وادەی پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکانەوە ڕایگەیاند، لەماوەى رابردودا بۆ پرسی بەشداریکردن لە حکومەت، رێککەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئیمزا کرد و لیژنەیەک پێکهێنرا بۆ هەڵسەنگاندنی سیڤی کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەردو جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی لەسەر هێڵ بون بۆ ئەو مەبەستە، ووتیشى: "لەماوەی دو رۆژی داهاتودا رێکارەکانی دیاریکردنی کاندیدەکان کۆتایی دێت و ناوەکان رەوانەی هەولێر دەکرێن".
هاوکاتى یەکلایکردنەوەى کاندیدەکان، عوسمانى حاجى مەحمود و قادرى حاجى عەلى لەناوخۆ و دەرەوەى وڵات خۆیان کۆدەکەنەوە و لایەنگرانیان کۆدەکەنەوە، پێشتر وڵات لەچەندین سەرچاوەوە ئەوەى ئاشکراکرد کە ئەو دوو سەرکردەیە بەنیازى حیزب نین بەڵکو بەنیازن لەڕێگەى کودەتایەکى سپیەوە گۆڕان لەو دۆخە خراپە ڕزگاربکەن، بۆیە ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو کە کاتى یەکلایکردنەوەى پۆستەکانى گۆڕانە بۆ حکومەتى داهاتوو کاتێکى سەخت دەبێت بۆ سەرکردایەتى سەر گردەکە هەلێکى زێڕین دەبێت بۆ هەردوو سەرکردە ناڕازییەکە، بۆیە ئەگەر هەیە ئەو دوو سەرکردەیە لەم کاتەدا جوڵە لەناوخۆى گۆڕان دروستبکەن، لەلایەکى دیکەوە کۆنفرانس هەمان هەلە لەبەردەم ئەواندا بۆیە پێشبینى کراوە جوڵە دەستپێبکەن.
بەگوێرەى زانیارییەکان، باڵى ناڕازى گۆڕان لەماوەى ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوودا پەیجێکیان بەناوى (باڵى ناڕازى گۆڕان) کردووەتەوە یەکەم پۆستیان لێدانە لە عەلى حەمەساڵح و بە پاراستنى پارتى ناویان دەرکردووە.