نوێترین

recent

14/07/2019

لەنێوەندى فشارەکانى (بەریتانیا و تورکیا)، چارەنوسى ئاشتى هەورامى دیاریکرا





وڵات _ چلانە قادر

سەربارى فشارى تورکیا و بەریتانیا و خودى نێچیرڤان بارزانى دووبارە دەستبەکاربونەوەى ئاشتى هەورامى بە وەزیرى سامانە سروشتیەکان، بەڵام مەسرور بارزانى ڕێگەى نەدا ئاشتى هەورامى وەکو وەزیر دەستبەکاربێتەوە.

ماوەى ٨ ساڵە ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانە، بەڵام لەکابینەى نۆهەمدا کە هەفتەى پێشوو لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەى وەرگرت، ئاشتى هەورامى ناوى لەناو وەزیرەکاندا نەبوو.

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى پێش پێکهێنانى کابینەى نۆهەم گرفتى گەورەیان ئاشتى هەورامى بووە، مەسرور بارزانى بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەنەبوو ئاشتى هەورامى ببێت بەوە وەزیر بەڵکو ویستویەتى لە تیمەکەى دورى بخاتەوە لەبرى کەسایەتیەکى کورد بەناوى (سالم غەبان) کاندیدبووە بۆ شوێنەکەى، بەڵام نێچیرڤان بارزانى بڕواى وابوو ئەگەر ئاشتى دوربخرێتەوە لە وەزارەت هەموو ڕایەڵەکان تێکدەچن.

هەر بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ لەو ماوەیەدا ئاشتى هەورامى نەیتوانیوە سەردانى کوردستان بکات بەهۆى دۆخى ئاڵۆزى نێوان مەسرور بارزانى و نێچیرڤان بارزانى، تەنات پارتى لەو ماوەیەدا چراخان ڕەفیق یان بۆ لەکەدارکردنى کەسایەتى ئاشتى هەورامى بۆ ڕاستکردەوە کە چەندین ڕاگەیەنراوى لەسەر دەرکرد.

بەریتانیا و تورکیا ئاشتى هەورمیان بەسەر مەسرور بارزانى فەرزکرد

هەر بەگوێرەى زانیاریەکانى وڵات_ تورکیا و بەریتانیا بەنافەرمى و لەڕێگەى چەند کەناڵێکى تایبەتەوە فشاریان بۆ مەسرور بارزانى و مەسعود بارزانى هێناوە کە دەبێت ئاشتى هەورامى بڕواتەوە شوێنەکەى خۆى و وەکو وەزیر دەستبەکاربێتەوە، تەنانەت هۆشدارى ئەوە دراوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ ئەو دەکەن، بەتایبەت بەریتانیا زۆر جەختیان لەسەر ئاشتى هەورامى کردووەتەوە، بۆیە بەناچارى مەسرور بارزانى چارەسەرى ناوەندى هەڵبژاردووە.


مەسرور بارزانى چى دەکات؟

بەگوێرەى چەند سەرچاوەیەکى زانیارى، مەسرور بارزانى بەنیازى ئەوەیە ئاشتى هەورامى بکاتە ڕاوێژکارى وزەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تاوەکو دوو ساڵى حکومەت خۆشى وەزیرى سامانە سروشتیەکان بێت کە سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى هەرێمى بۆ کاوربارى نەوت غاز، تاوەکو وەزیرێکى نوێ بۆ ئەو پۆستە ئامادە دەکرێت، چونکە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت دەمووچاوى ئاشتى هەورامى لە چوارساڵى داهاتوودا لە حکومەتەکەى دیاربێت.

ئەمەش وەکو چارەسەرێکى ناوەندى دانراوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانى و مەسرور بارزانى.


بۆچى مەسرور بارزانى وڕکى لەئاشتى گرتووە؟

بۆ لێدان لە نێچیرڤان بارزانى، ئاشتکردنەوەى جەماوەرى پارتى "ئاشتى هەورامى" لەلایەن مەسعود بارزانى و مەسرور بارزانیەوە لەماوى چوارساڵى ڕابردوودا وەکو سەرچاوەى نەهامەتى و قەیرانەکان وەسفکراوە بۆیە هەردوو کەسایەتى بەڵێنیان بەڕێکخستنەکانى پارتى داوە لە چوارساڵى داهاتوو ئاشتى هەورامى لەکۆڵبکەنەوە، ئێستا کاتێک مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتە بەهیچ شێوەیەک نایەوێت لاى جەماوەرى پارتى بەڵێنەکانى بشکێت، بۆیە بەهەموو جۆرێک دەیانەوێت ئاشتى لەکۆڵبکەنەوە، بەڵام لینکە بەهێزەکانى ئاشتى هەورامى ڕێگربوون لە پلانەکەى مەسرور بارزانى.





کاریگەرى ئاشتى دەمێنێت؟

تا دووساڵى داهاتوو ئاشتى هەورامى وەکو وەزیر دەسەڵاتێکى ڕانەگەنراوى دەبێت، بەڵام دواى دووساڵ سەرجەم لینکەکانى لێوەردەگرێتەوە وەزیرێکى نوێ دەخرێتە شوێنى، بۆیە پێشبینى بە هێز ئەوەیە لەسەر بنەماى زانیارى، ئاشتى هەورامى تا دوو ساڵى داهاتووش نەوتى هەرێم لەژێر هەیمەنەیدا دەبێت بەڵام دواتر ڕەنگە تەنها کارى ڕاوێژکارى بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەگەڕێتەوە لەندەن و سەرۆکایەتى کۆمپانیاکەى خۆى دەکات لەکارى ڕاوێژکارى، کە دواى دەرچوونى لە کۆمپانیاى نەوتى نیشتمانى بەریتانیا ئەو کۆمپانیاى دامەزراندووە و سەرپەرشتى دەکات، لەماوەى ئەم هەشت ساڵەدا بووەتە یەکێک لەکۆمپانیا دیارەکانى بەریتانیا.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085