نوێترین

recent

14/07/2019

لاهور شێخ جەنگى چۆن دەبێتە عەڕابى هەستانەوەى ئابورى سلێمانى؟




وڵات _ چلانە قادر

بەگوێرەى قسەکانى لاهور شێخ جەنگى بێت، چوار ساڵى داهاتوو بۆ سلێمانى دەبێت قەربووى ١٠ ساڵ تێکشکانى ئابورى سلێمانى بکاتەوە، پلانەکەش هەر لەئێستاوە چالاک کراوە و یەکێتى بە قەرزە کۆنەکانى دەچێتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەى ئاژانس _ کە هەفتەى ڕابردوو بڵاوبویەوە لاهور شێخ جەنگى ئاماژەى بۆ ئەوەکردووە مەرجیان لەبەردەم پارتى داناوە لەبەرامبەر پشتیوانى حکومەت، دەڵێت: "لە ڕێككەوتنە سیاسییەكە لەگەڵ پارتی كردوومانە، بە هیچ شێوەیەك ئێمە قبووڵی ناكەین ئەم چوار ساڵەی داهاتوو وەكو چوار ساڵی ڕابردوو بێت، زۆنی سەوز پشتگوێ بخرێت، و هەرچی سەروەت و سامان و داهاتی ئەم ناوچەیە هەیە ببرێت و لە شوێنی تر بە كار بهێنرێت. بە دڵنیاییەوە ئێمە مەرجمان هەیە و لیژنەیەكی باڵا پێك دەهێنین بۆ چاودێریكردنی دۆخەكە و ئەمجارە دەبێت ئیمكانیات بگەڕێنرێتەوە بۆ زۆنی سەوز. هەندێك دەسەڵاتی پێویست بگەڕێتەوە بۆ زۆنی سەوز بۆ ئەوەی كاروچالاكی و داواكاریی هاووڵاتییان هەمووی نەگەڕێتەوە هەولێر و مامه‌ڵه‌کانیان دوا بخرێت، بەڵكوو هاووڵاتییان ئاسانتر بتوانن ئیشوكارە ئیدارییەكانیان ڕایی بكرێت. ئەمە یەكێك بووە لە خاڵە ئەساسییەكان كە موناقەشەی گەرموگوڕمان لەگەڵ برایانی پارتی كردووە لەسەری و ئێمە چاودێریش دەبین و دەبێت هەوڵ بدەین لەم ساڵانەی ئاییندە ئەو غەدرانەی ڕابردوو لا ببرێن و ڕاست بكرێنەوە. هەوڵ بدەین ژێرخانی ناوچەی سەوزیش ببووژێنینەوە بە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕینیشەوە. دڵنیاشم وەكو یه‌کێتیی، ئێمە چاودێرێكی ورد دەبین بۆ چۆنییەتی بڕگەكانی ئەو ڕێككەوتنه‌ی لە نێوان ئێمە و پارتی هەیە.".

ئەم قسانەى لاهور شێخ جەنگى ئاماژەیەکى ڕوون بە پلانى چوار ساڵى داهاتوو بۆ ئابورى شارەکە، کە ماوەى ١٠ ساڵى تەواوە لەهەموولایەکەوە تەوژمى خراپى بەردەکەوێت ڕۆژ بەڕۆژ لاوازتر دەبێت.
            




سلێمانى لەئابورى پێشەنگەوە بۆ داتەپین!

بەگوێرەى ڕوو پێوییەکى حکومەتى عێراقى، ساڵى ٢٠٠٦ تا پێش یەکگرتنەوەى کابینەى حکومەت سلێمانى ڕێژەى بێکارى ٣% بووە لەبەرامبەردا هەولێر ٧% بووە و دهۆکیش ٩% بووە، بەڵام ئێستا ڕێژەى بێکارى لە سلێمانى و هەولێر و دهۆک وەکو یەکە و ١٣%ى تێپەڕکردووە، ئەوە جێگەى پرسیارە چۆن بەو جۆرە ئەو دۆخە یەکسان بوویەوە؟

بەگوێرەى ووتەى بازرگانان ساڵى ٢٠٠٦ کاتێک کابینى یەکگرتوو دروستبوو، گەورەترین شکست بەر ئابورى سلێمانى کەوت، کە پێشتر تاڕادەیەک ئابورییەکى جێگر و خۆژێن و ئارام بوو، بەڵام دواى ئەو ساتە بەسروشتى و هاوکات بەدەستێوەردان ئابورى سلێمانى ڕۆژ بەڕۆژ توشى داتەپینکرا.



پارتى چۆن کارى لەسەر ئابورى سلێمانى کردووە؟

پارتى وەکو حکومەت و حیزب بەچەند ئاستێک کارى لەسەر ئابورى سلێمانى کردووە:

_ سەپاندنى مەرکەزیەت: بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_ کە لەفەرمانگە و ژورەکانى بازرگانیەوە وەریگرتوون، تیمى پارتى بەهەموو نرخێک هەوڵیداوە مەرکەزییەتێکى قورس بسەپێنێت بەسەر سلێمانی دا سەرەتاى هەنگاوەکەش ئەوەبوو هەرچى بەڕێوەبەرایەتى بەسود و گرنگ هەبوو بردیە هەولێر بۆیە بازرگانان و تەنانەت خەڵکیش بۆ واژویەک دەبێت بچێنە هەولێر  ئەوەش ڕۆتینێکى زۆر خراپى دروستکردووە وایکردووە کۆمپانیاکان لەترسى ماندووبون سەر ئێشە سەرمایەکانیان لە سلێمانى وەگەڕنەخەن، بەپێچەوانەوە لە هەولێر و دهۆک پارتى ئەو پەڕى ئۆفەرى خۆى بۆ کۆمپانیاکان خستووەتە گەڕ، ئەمەش ڕاستەوخۆ سەرنجى وەبەرهێنەرانى ڕاکیشاوە چونکە قازانج لەکوێ بێت پارەش لەوێ ئارام دەگرێت.

 شێخ سەعد تەیب بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى قەیوان، کە ئێستا خاوەنى گەورەترین سەرمایەیە لە سلێمانى، لەدیدارێکى ڕۆژنامەوانیدا لەبەرامبەر ئەگەرى جیابونەوەى سلێمانى لەهەولێر ساڵى ٢٠١٦ دژایەتى خۆى ناشارێتەوە، پێى وایە "سلێمانى ئابورییەکى بەهێزى نیە بەبێ هەولێر هەڵبکات".

سەرمایەدارەکانى سلێمانى یان پارەکانیان دەشارنەوە یان هەڵدێن

مەخزاى قسەکەى بەڕێوەبەرى قەیوان لەوەوە سەرچاوەى گرتووە، ئێستا هەموو تەندەرەکان سەریان لەهەولێرەوە دەردەچێت کە سەرچاوەى پارەن بۆ سەرمایەدارەکان، بەتایبەت تەندەرەکانى نەوت، دەڵێت: "ئابورى سلێمانى بەرگەى جیابونەوە لەهەولێر ناگرێت".

_ نائارامى سیاسى بەشەیتانکردنى دۆخى سلێمانى: پارتى لەئاستى سیاسى و میدیایى خاوەنى ووشەى "ئیرهابى فکرى و شارى ئاژاوە و فیتنەیە" دژى سلێمانى، ئەم ووشەیە بەبڕواى بەشێکى زۆر لە شارەزایانى ئابورى ئەگەر ڕەهەندێکى سیاسى بێت ڕەهەندێکى ترى دروستکردنى نائارامى دەروونى و سیاسیە پیشاندانى شڵەژانە ئەمەش دواجار کاریگەرى گەورەى هەبووە لەسەر سەرمایەى ناوخۆى و بیانى بەگەر نەخرێت.

فەرامۆشکردنى سلێمانى لە پڕۆژە ستراتیژیەکان:
ئێستا سلێمانى بەراورد بەهەولێر توشى نەقس هاتووە، چونکە ئێستا بەهەموو پێوەرەکان بناغەى بیناسازى شارستانى کە لە ڕێگاوبانەوە سەرچاوە دەگرێت سلێمانى فەرامۆشکراوە لەسەردەمى نێچیرڤان بارزانى _دا  پێچەوانەى سەردەمى بەرهەم ساڵح کە دەیان پڕۆژەى گرنگ لە سلێمانى ئەنجام دران لەوانەش (کەمپى نوێى زانکۆى سلێمانى، بلوارى مەلیک مەحمود) کە دوو پڕۆژەى زۆر گرنگ بوون و لەهەولێر نەبوون، بەڵام کاتێک نێچێرڤان بارزانى دەسەڵاتى گرتە دەست هاوکێشەکە پێچەوانە بوویەوە، ئێستا خەڵکى سلێمانى پرسیار دەکەن، ئایا چۆن دەنگونجێت سلێمانى شەقامى ٦٠ مەترى تێپەڕنەکردووە، هەولێر ١٥٠ى دەستپێکردووە؟، کەس وەڵامى ئەو پرسیارەیان ناداتەوە.

بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى



گۆڕان، لویەکى شێرپەنجەى بۆ ئابورى سلێمانى!

ساڵى ٢٠٠٩ گەورەترین هەل بۆ ڕکابەرانى ئابورى ڕەخسا کە ئابورى سلێمانى بخەن، چونکە دروستبوونى گۆڕان واتاى کەوتنى ئابورى سلێمانى بوو.

سیروان محمەد سەرۆکى ژورى بازرگانى سلێمانى لەبارەى داتەپینى ئابورى سلێمانیەوە لەدیدارێکى ئابورى نێوان بازرگانان زۆر بەڕوونى ئەوەى ووت، لە ساڵى ٢٠١١ دواى خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات ئابورى سلێمانى کەوت چونکە سەدان بازرگان لەم شارە ڕایانکرد و دەیانى تریش سەرمایەکانیان کشاندەوە، یان قەبارەى وەبەرهێنانیان کەمکردەوە، ئەمە جگە لەو مەرجە قورسانەى لەهەولێرەوە لەسەر بازرگانان هەن.
بەبڕواى چەندین بازرگان کە ڕایان بۆ ئەم ڕاپۆرتە وەرگیراوە، "گۆڕان سلێمانى توشى سەدمەى ئابورى کرد"، چونکە نە خۆى ئەو پارەیى هەبوو ئابورى سلێمانى پێ ببوژێنێتەوە نەتوانى ئارامی بۆ سلێمانى و وبەرهێنان بڕەخسێنت دۆخەکە ڕاگیربکات.


دەوڵەمەندە چروک و هەڵهاتووەکانى سلێمانى؟


بەپێى دانپێدانانى فاروقى مەلا موستەفا ساڵى ٢٠١٠، بازرگانێکى وەکو فەرەیدوون عەبدولقادر سەرمایەکەى لەو زیاترە کە زیاتر لە ٣ ملیار دۆلارە، هاوکات بەگوێرەى دانپێدانانى شاسوار عەبدولواحیدش ئەویش سەرمایەکەى یەک ملیار دۆلارە.

بەگوێرەی ئامارێكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان لەهەرێمی كوردستان 13 كەس لەدوای ساڵی 2004ەوە بونەتە ملیاردێر سەرەڕای ئەمەش هەر لەساڵی 2004ەوە تاوەكو ئێستا ژمارەی ئەو كەسانەی خاوەنی زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلارن لەشاری هەولێر نزیكەی پێنج هەزار كەسە.

کەس نازانێت ئەمانە چەندیان بەر سلێمانى دەکەون، بەپێچەوانەوە ئێستا ملیۆنێر ملیاردێرەکانى سلێمانى پارەکانیان دەبەنە دەرەوەى وڵات لەوێنەى (فەرەیدوون عەبدولقادر) پارەیەکى بێشومارى لە سلێمانى کۆکردوەتەوە کەس نازانێت پارەکانى چۆن و لەکوێ بەگەڕدەخات، ئەمەش واتاى بردنە دەرەوەى ملیارەها دۆلار لەماوەى ئەم چەند ساڵەى ڕابردوودا کە هیچ سودى بۆ خەڵکى شارەکە نەبووە؟

فەرەیدوون عەبدولقادر زۆرترین پارەى سلێمانى بەهەدەرداوە

ئەمە جگە لە سەرمایەدارێکى وەکو (حاجى حسێن) هاوبەشەکەى قائمقامى سلێمانى کە چەندین ملیۆن دۆلارى لە سلێمانى بردە دەرەوە ئێستا لەتورکیا وەبەرهێنان دەکات.

د.خەیروڵا حەسەن بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمپانیاى قەیوان لەبارەى وەبەرهێنەرەکانى سلێمانیەوە بڕوایەکى سەیر دەگێڕێتەوە و پێى وایە ئیدارەى گشتى یەکێتى و کۆمپانیاى نۆکان، نەیانتوانى سود لە وەبەرهێنەرەکانى سلێمانى وەربگرن کەرتى تایبەت دروستبکەن، هاوکات وەبەرهێنەرەکانیش هیچ سودێکیان بۆ یەکێتى و ئیدارەى گشتى نەبووە، دەڵێت: "سەرکەوتوونەبوین لە ئیدارەدانى وەبەرهێنەرەکانى شارەکە، نەسودیان بۆ ئێمە نە سودیان بۆ خەڵکى شارەکە هەبوو".





لاهور شێخ جەنگى چى دەوێت؟

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، لاهور شێخ جەنگى دەستیکردووە بەپلانێکى گشتیر بۆ هەستانەوەى ئابورى سلێمانى لەماوەى ڕابردودا لەوبارەیەوە چەندین کۆبونەوەى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئەم سنورى و وەبەرهێنەران کردووە جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، ئامانجى ئەو تەنها "سەرپێخستنەوەى ئابورى سلێمانیە".

بەگوێرەى دواهەمین قسەکانى بێت، لاهور شێخ جەنگى دوو شتى دەوێت، یەکەم: "لامەرکەزیەتى ئیدارى بۆ سلێمانى کە دەسەڵاتە کارگیڕییەکانى بۆ بگەڕێتەوە، خەڵک و وەبەرهێنەران لەماندووبون ڕۆتین و سزا ڕزگار بکات، دووەم: "هێنانەوەى سەرمایە براوەکانى سلێمانى، کە هەندێک دەوڵەمەند ئیفلاسیان بە سلێمانى کردووە".

سلێمانى بۆ چوار ساڵى داهاتوو پێشبینى دەکرێت لە ١٠ ساڵى ڕابردوو جیاوازبێت، پلانە بەهێزەکەش ئەوەیە، حکومەت دەبێت زوڵم لەسەر سلێمانى هەڵبگرێت و یەکێتیش بەقەرزە کۆنەکانى دەچێتەوە لەگەڵ وەبەرهێنەران کە ماوەى ٨ ساڵە فەرامۆشى کردوون.





Picsart-24-02-23-21-31-09-085