نوێترین

recent

29/07/2019

وەزارەتى پێشمەرگە لە بەڵگەنامەکانى دیوانى چاودێرى دارایدا


وڵات _ تایبەت 

دیوانی چاودێری دارایی لە ڕاپۆرتێكی نهێنیدا باسی بەشێك لەگەندەڵی‌و بەهەدەردانە داراییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەكات كە هەموویان سەرپێچی‌و لادانن لە بنەماكانی وەزارەت، ئەوە ئاشكرا دەكات وەزارەت پێچەوانەی ڕێنماییەكانی وەزارەتی دارایی كاریكردووە‌و بڕی پێنج ملیار دیناری بەشێوەی ڕاستەوخۆ خەرجكردووە بۆ كۆمپانیایەكی جل‌و بەرگ.

ڕاپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی كە ڕاپۆرتێكی (پایەندكەرە) (الزامی) چەندین سەرپێچی گەورە لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماردەكات‌و كە نیشانەی گەندەڵی‌و بەهەدەردانن‌و پێچەوانەی ڕێنماییەكانن.

ڕاپۆرتەكە لەسەرەتادا باسی سیستمی لامەركەزی وەزارەت دەكات، یەكەم ڕەخنەشی ئەوەیە، كەلوپەلەكانی هەردوو وەزارەتی پێشووی پێشمەرگەی سەردەمی دوو ئیدارەیی تۆمارنەكراون.



كەلوپەلەكانی هەردوو وەزارەتی پێشووی پێشمەرگەی سەردەمی دوو ئیدارەیی تۆمارنەكراون

بەڕای لیژنەكەی دیوانی چاودێری دارایی ئەو كارانەی وەزارەتی پێشمەرگە دەچنە خانەی سەرپێچیەوە، سەرەتاش باسی بە پسوڵەیەكی ژمێریاری دەكات، بەوەی وەزارەت بە پسوڵەیەكی كڕین لەدارتاشێكی شاری هەولێر بەكوژمەی نزیكەی ٧ ملیۆن دینار كەلوپەلی كڕیوە، دیوان ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پسوڵەكە دەرخستەی پێوەنیە‌و هاوكاتی ئەوەش نەدەبوو بەش بەش بكرێت بۆ ٦ پسوڵەی جۆراوجۆر، ئەوەش واتە بەش بەشكردنی پسوڵەكە‌و پێچەوانەی ڕێنمایی وەزارەتی داراییە.

هاوكات دیوان باسی كڕینی كەل‌و پەل دەكات بە گوژمەی ٤١ ملیۆن‌و ٣٩٦ هەزار دینار، بەگوێرەی ووتەی دیوان: "ئەم گوژمەیە دەرخستەی بۆ كراوە، بەڵام ئاماژە بەناوی وەزارەت نەكراوە‌و لەگەڵ ئەوەش بەروار‌و واژووی لیژنەی كڕینی لەسەر نیە".

دیوان لە خاڵێكی دیكەدا باسی گەندەڵیەكی نویسنگەی جێگری سەرۆك ئەركان دەكات، كە بەبەهای ٦٦٩ هەزار‌و ٦٠٠ دینار كەلوپەلی كڕیوە بۆ كاتی مانەوە دوای دەوامی فەرمی، بەڵام دواتر ئاماژە بەوەكراوە بەبەهای ٢٤٤ هەزار كارتی مۆبایل كڕدراوە بۆ كەسێكی نەناسراو.

 

لەگەڵ ئەوەش دیوان باسی ئەوەیكردووە، ١٤٤ هەزار دینار دراوە بە كرێكار بۆ پاككردنەوەی بینای وەزارەت بەڵام واژووی كرێكار نیە‌و تەنها لیژنەی خەرجی كراوە.
لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا دیوانی چاودێری دارایی چەندین گەندەڵی دیكەی وەزارەت دەگرێت جەخت لەسەر ئەوەدەكاتەوە، وەزارەت لە بڕگە‌و ڕێنماییە داراییەكان بەشێوەیەكی گشتی لایداوە.

دیوان دەنوسێت "بەگوێرەی نوسراوەی ژمار ٢١٢ بڕی ٥ ملیار دینار دانراوە بۆ كڕینی كەلو پەلی سەربازی، بەگوێرەی بەڵگەنامەی خەرجی ژمارە ٥٩٩ ی وەزارەت ٢ ملیۆن‌و ٥٩٦‌و ٣٢٠ هەزار دیناری خەرجكراوە لەڕێگەی بانگهێشتی ڕاستەوخۆوە هاوكات بەگوێرەی بەڵگەنامەی خەرجی ژمارە ٢٥٢ گوژمەیەكی تری بە بڕی (٢٠٦ ملیۆن‌و ١٠٠ هەزار) خەرجكراوە بۆ هەمان مەبەست لەڕێگای بانگهێشتی ڕاستەوخۆوە بەڵام تەنها كۆمپانیای جێبەجێكار كراوە كە كۆمپانیای (زێوە) یە، ئەوەش سەرپێچیە‌و هیچ بانگهێشتێكی ترمان بەرچاوو نەكەوت".



دیوانی چاودێری دارایی: پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە پێچەوانەی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی نەجوڵێتەوە دەبێت لەكاتی كڕیندا دەرخستە وەربگیرێت

دیوانی چاودێری دارایی، لەبارەی كڕێنی ئۆتۆمێبلەكانی وەزارەتی پێشمەرگەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ئۆتۆمبیلەكانی وەزارەت بەشێكیان لەلایەن وەزارەتی دارایی‌و بەشەكەی دیكەش لەلایەن ئەمریكیەكانەوە لەڕێگەی حكومەتی فیدراڵیەوە دەكڕدرێن، بەڵام هیچ بەراییەك نەبوو بۆ چەسپاندنی نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە، بەڵام سەرباری ئەوە سوپاسی بەشی میرە دەكات كە پیناسی ئۆمبێلەكان‌و شوێنی كاركردنیانی دەستنیشان كردووە.

دوای ڕاپۆرتەكە (ئیلزامیەكە) دیوانی چاودێری دارایی بەنهێنی ڕاپۆرتێكی تایبەت (گوتاری ئیدارای) ئاڕاستەی وەزارەت دەكات، لەوبارەیەوە وەزارەتی پێشمەرگە پابەند دەكات بە باشكردنی ئەو هەڵانەی كەكراون.

بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە ڕادەسپێرێت بەوەی، پێچەوانەی ڕێنمایی ژمارە ١٠ی وەزارەتی دارایی نەجوڵێتەوە دەبێت لەكاتی كڕیندا دەرخستە وەربگیرێت‌و نابێت كڕین بەش بەش بكرێت، هاوكات پێش كڕین دەبێت دەرخستە هەبێت‌و سەرۆكی فەرمانگەش ڕەزامەندی بدات لەسەر كڕینەكە، ئەمە جگە لەوەی لەكاتی وەرگرتنی هەر پێشینەیەك دەبێت بۆ ئەو شتە خەرج بكرێت نەك بۆ شتێكی دیكە.


دیوان ڕاسپاردەی ئەوەشی داوە بەوەزارەت نابێت، كڕینی جل‌و بەرگ نابێت موناقەسە بكرێت‌و بەش بەش بكرێت، وە هەوڵبدرێت بەتۆماركردنی داتاكانی هەردوو وەزارەتەكانی پێشوو لەتۆماری وەزارەت، لەگەڵ ئەوەش پێویستە گرنگی بەبەشی وردبینی بدرێت ئەویش بە دانانی فەرمانبەری پێویست‌و دەرچوونی بەشی ژمێریاری.

دیوانی چاودێری دارایی جەخت لەسەر پێنج ملیار دینارەكە دەكاتەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، پێویستە بۆ كڕینی كەلوپەل لەڕێگەی بانگهێشتی ڕاستەوخۆوە سێ بانگهێشتكراو كەمتر نەبێت ئەوەش بەگوێرەی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.

هاوكات باسی گوژمەیەك پارە دەكات كە بەناوی (ئەمانات) بۆ گۆڤار‌و وەرزشەوە لەكارمەندانی وەزارەت دەبڕدرێت، دیوان داوا دەكات بەزوترین كات ئەو كوژمەیە چارەسەر بكرێت.

  هاوكات لەبارەی كڕینی بەنزین‌و جوڵانەوەی ئۆتۆمبێلیشەوە، دیوانی چاودێری دارایی ڕاسپاردەی ئەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەنێرێت پێویستە پوسڵەكانیان مەرجی پێویستی لەسەربێت‌و هاوكات جوڵاندنی ئۆتۆمبێلیش بۆ كاری پێویست‌و بەگوێرەی سیستمێكی دیاریكراوبێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085