وڵات _ چلانە قادر
لەکاتێکدا ١٠ساڵ لەمەوبەر خۆى بناغەى تێکدانى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و هەرێمى کوردستان داڕشت، ئەمڕۆ دەچێت بۆ بەغداد بە لوغزێکى پڕ سازشەوە ئامادەیى خۆى بۆ چاککردنەوەى پەیوەندییەکان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى دەردەبڕێت.
نێچیرڤان بارزانى ساڵى ٢٠٠٦ بووەتە سەرۆکى کابینەى یەکگرتووى نێوان هەولێر و سلێمانى، ئەو کاتێک کابینەکەى وەرگرت، کوردستان سەرەتاى گەشەسەندنى بازرگانى و سیاسى بوو و ساڵانە لەعێراقەوە ١٤ ترلیۆن دینارى بۆ دەهات، بەشداربوو لەهەموو ئەو (ئیعانانە دارایی)یانەى کە بەغداد پێشکەشى هاوڵاتیانى عێراقى دەکرد.
ئەو پلانێکى دیکەى داڕشت، ساڵى ٢٠٠٧ کاتێک ئەمریکیەکان لێدەپرسن پلانى بۆ کابینەکەى چیە، ئەو سێ جار بەسەر یەکەوە دەڵێت: "تورکیا و تورکیا و تورکیا"، ئەوە لەکاتێکدا بوو کە تورکیا گەمارۆى سەربازى کوردستانى دابوو بەهۆى ووتەیەکى مەسعود بارزانیەوە، کاتێک ووتى: "ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر کوردستان، ئەوا ئێمەش تەداخول لەناوخۆى تورکیا دەکەین".
بەڵام، پلانەکەى نێچیرڤان پێچەوانەى مامى بوو ئەویش ئەوەیە چۆن بتوانن وا لەتورکیا بکەن لە دراوسێیەکى خراپەوە ببێت بەدۆستێکى هەمیشەیى، ئەو پلانەش لە بۆچونێکى نەوشیروان موستەفاوە سەرچاوەى گرتبوو کە، پێویستە سەرنجى کۆمپانیا تورکیەکان ڕابکێشین بۆ هەرێمى کوردستان تاوەکو ئەگەر تورکیا هێرشى کردە سەر کوردستان پێش کوردستان ئەو زیان مەندى یەکەم بێت.
نێچیرڤان بارزانى: تورکیا و تورکیا و تورکیا
نێچیرڤان لەماوەى تەنها سێ ساڵى کابینەکەى توانى ساڵى ٢٠٠٩ واتە لەناوەڕاستى ئەو ساڵەدا نەوت بگەیەنێت بەتورکیا و بەندەرى جەیهان، ئەمە بۆتورکەکان وەکو دیارییەکى خوایى وابوو، چونکە لە دەرهێنان ئەوان پشکى یەکەمیان هەیە، لە هەناردەکردن ئەوان خاوەنی پڕۆسەکەن، لە فرۆشتین ئەوان قازانجى یەکەم دەکەن.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆکوەزیران بوو و ئێستا سەرۆککۆمارە لەبارەى نێچیرڤان بارزانیەوە ڕایەکى ڕوونى هەیە کە ئەو دۆستى تورکە و قازانجى بە دەوڵەتى تورکیا گەیاندووە، بۆیە پێنج شەممەى ڕابردوو کاتێک هەواڵى هاتنى نێچیرڤان بارزانى بە ڕۆژنامەنوساندا، ووتى: "دۆستێکى تایبەتم نێچیرڤان بارزانى دێت، پێشوازییەکى تایبەتى لێدەکەم".
هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاى دى ئین ئۆى نەرویجى، بەهەناردەکردنى بڕى ١٠ هەزار بەرمیل دەستیان پێکرد، بەڵام پلانەکە بۆ هەناردەى ملیۆنێک بوو.
سیاسەتى نێچیرڤان بارزانى کوردستانى توشى دەیان قەیران کرد
ئەمە عێراق و ئێرانى ترساند کە قازانجیان لە پڕۆسەکەدا نەبوو، بۆیە هەر لەسەرەتاى پڕۆسەکەوە دژایەتیان دەکرد.
یونس ڕەواندوزى ئەندازیارى هەناردەکردنى نەوتى کوردستان لە گیڕانەوەى پڕۆسەکەدا دەڵێت: "کۆمپانیاى نەوتى باکور دواى بێنە و بەردەیەکى زۆر هاتبوون بۆ هەناردەکردنى نەوتى کوردستان، بەڵام لەکاتى هەناردەکردنى نەوتەکەدا بۆ بیانویەک دەگەڕان تاوەکو پڕۆسەکە پەکى بکەوێت".
نەعلەتى نەوتەکەى نێچیرڤان چى بوو؟
نێچیرڤان بارزانى تەنها یەک ئامانجى هەبوو، ئەوەى خۆى وەکو ژمارە لە گۆڕەپانەکە دەرکەوێت، نەوت هەناردەبکات و پارەى دەستکەوێت، بەڵام کاردانەوە سیاسیەکانى ئەم پڕۆسەیە زۆر قورستربوون، ساڵى ٢٠١٣ کاتێک عێراق داواى ڕادەستکردنى نەوتى دەکرد ترسى لە جیابونەوەى کوردستان هەبوو، بەڵام نێچیرڤان بارزانى بێگوێدانە سیادەى عێراق هەموو پەیوەندییەکانى پچڕاند ئەوەش عێراقى هاندا کە ئەوکات نورى مالکى سەرۆکوەزیران بوو موچەى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان کۆى بودجە ببڕێت بەبیانوى هەناردەکردنى نەوت بەشێوەى سەربەخۆ.
پلانى نێچیرڤان بارزانى بۆ فرۆشتنى نەوت قەیرانى گەورەى بەسەر هەرێم هێنا
ساڵى ٢٠١٤ هەرێمى کوردستان، بودجەى لەدەستدا، وەبەرهێنانى لە ٤٦ ملیار دۆلارەوە بۆ ئاستى سفر دابەزى، تەنها ئەوەى مابوو هەناردەکردنى نەوت بوو کە نەیدەتوانى بەشى موچەى فەرمانبەران شەڕى داعش بکات، ئاستى قەرزکانى بۆ ٣٠ ملیار دۆلار کەڵەکەبوون.
بۆیە نێچیرڤان بارزانى مانگى نیسانى ٢٠١٤ بەفەرمى ڕایگەیاند: " کوردستان بەشێوەى سەربەخۆ نەوت هەناردە دەکات".
ئەمە سەرەتاى دروستبوونى ئاڵۆزییەکى دیکە بوو لەنێوان هەرێم و بەغداد، چونکە بەغدادا پێى وابوو کورد بەرەوە کشانەوە دەچن لە پڕۆسەى سیاسى عێراق، تەنانەت پێشبینى ڕیفراندۆمیش کرابوو، بۆیە تاوەکو توانیان کوردیان لە سلکە سەربازى و ئابورییەکانى عێراق دەرکرد، کوردستانیان لەناوەندى بڕیارى بەغداد لاوازکرد، ئەمە سەرەتاى شکستى گەورەبوو بۆ کورد لەناوەندى بڕیارى عێراق، لەناوخۆشدا کوردستان هەتاوەکو دەهات دۆخى دارایى خراپتر دەبوو بەهۆى بڕیارەکەى نێچیرڤان بارزانیەوە.
ساڵى ٢٠١٧، کاتێک بڕیارى ڕیفراندۆم درا بەشێکى زۆرى سیاسیەکان لەژێر ئەو کاریگەرییەى نێچیرڤان بارزانیدا بوون کە بەغدادا نایەوێت کێشەکانى هەرێم چارەسەربکات، دەیانویست وەکو کارتى فشار دژى بەغداد مامەڵە بەڕیفراندۆمەوە بکەن، بەڵام ئەمەش لە دەرئەنجامدا نەک کوردستانى گەڕاندەوە بۆ پێش ٢٠٠٣ هاوکات زیاتر لە ٥٠% داهات و خاکى کوردستانى کەمکردەوە کە پێکهاتبوون لە ٥٠٠ بیرە نەوت و هەزار و ٣٠ کیلۆمەتر خاکى کوردستان، بۆیە لەهەموو بارێکدا بڕیارەکەى نێچیرڤان بارزانى شکستى هێنا و نەیتوانى سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت و بەبێ بەغداد مامەڵە بکات.
نێچیرڤان بارزانى بۆ گەڕایەوە بەغداد؟
ئەمساڵ دوانەفسى کاریگەرى خراپى نێچیرڤان بارزانى دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغداد کاتێک سەرۆکى حکومەت بوو بەسەربەخۆ مامەڵەى دەکرد، چونکە لە ئێستا نە تورکەکان دەیانەوێت موجازەفە بە سیادەى عێراقەوە بکەن، نە عێراق دەیەوێت بەشەڕ و هاوار کێشەکان یەکلایى بکاتەوە بەڵکو هەموو کەیسەکان بونەتە یاسایى و دیبلۆماسى لەئاستى ناوخۆیى نێودەوڵەتى، هەموو کەیسەکانیش لەبەرژەوەندى عێراقە نە کوردستان، بۆیە نێچێرڤان بارزانى ڕۆژى پێنج شەممەى ڕابردو گەڕایەوە بەغداد، ووتى: "ئێمە ئامادەین نەوت ڕادەست بکەین".
"ئەم شەڕەى نێچیرڤان ١٠ ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ عێراق هەڵیگیرساند، ئەگەر نەیکردایە ڕەنگە ئێستا نە ئەو سازشەى بکردایە و نە هەرێمى کوردستانیش لەم سەختە پڕ سازشەدا بوایە بەرامبەر بەغداد".

