وڵات_ تایبەت
هوشیار عەبدوڵا لەبارەى ڕونکردنەوەکەى گۆڕان کە هەڵوێستى پەرلەمانتارەکانى بەخواندن وەسفکردبوو، ئاماژە بۆ ئەوەدکات هەر بەرگرییەک لە سیاسەتى نەوتى بەو شێوەیەى ئێستا "تاوانێکى گەورەیە"، ئەمەش سەرەتاى پلانێکە دژى ئەو دوو پەرلەمانتارە کە پێشتر خانەى ڕاپەڕاندن دایانناوە بۆ سزادانى ئەو دوو پەرلەمانتارە ئەگەر بێدەنگ نەبن.
رونکردنەوەیەک لە (هۆشیار عەبدوڵا) ەوە .
بزوتنەوەی گۆڕان لە دامەزراندنیەوە دژی ناشەفافیەت و بەهەدەردانی سامانی هەرێمی کوردستان بوە و هەرگیز لە سیاسەتی نەوتی هەرێم کە پڕیەتی لە تاڵان و بڕۆ رازی نەبوە و بەردەوامیش داوای گۆرینی ریشەیی تێداکردوە.
نەوت ؛ سامانێکی سروشتی و موڵکی خەڵکی کوردستانە. دەبێ داهاتەکەشی بۆ خەڵکی کوردستان بێت،هەر داکۆکیەک لە سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستان بەم شیوازەی ئێستای لە دیدی بەندەدا تاوانێکی نیشیمانیی گەورەیە.
هەڵبەتە لە بەغداد ، ئێمە داکۆکی لە مافی دەستوری هەرێم دەکەین لە بواری نەوت و وزە و چۆنێتی دابەشکردنی داهات لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بە شیوەیەک لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە بێدەنگ بین لەوەی لە ناوخۆی هەرێمدا خراپ مامەلەی پێوەبکرێت.
هوشیار عەبدوڵا: گۆڕان لەو نەفسە بێبەرییە ڕاگەیەنراوەکەى ئەمڕۆى پێنوسرابوو
ئێمە جگە لەوەی کە داوامانکردوە کێشەی نەوت بە دەستور و یاسا چارەسەر بکرێ و دوربگیرێ لە رێکەوتنی سیاسیی ژێر بە ژێر شتێکی ترمان نەگوتوە ئیدی ئەم هەمو هاوئاوازیە لەگەڵ مافیاکانی نەوت بۆ ؟!
ئەوانەی دژی ئەجێندای مافیاکانی نەوت دەوەستنەوە خەریکی خۆنواندن و موزایەدە نین بەڵکو ملیان لە چەقۆ دەسون و موجازەفە بە ژیانی خۆیان و ماڵ و منداڵیانەوە دەکەن ئەوەش تەنها لە پێناوی گوتنی راستیەکاندا،چونکە لە ئێستادا و لەم سەردەمە تاریکەی هەرێمدا هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە بێدەنگ بیت و دەست بەکڵاوەکەتەوە بگری با نەیبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان لەدایکبو بۆ ئەوەی کۆتایی بە بێدەنگی بهێنێت و دەبێ هەرواش بمێنیتەوە.
لێرەوە سەرلەبەری ئەو نەفەسە رەتدەکەمەوە کە رونکردنەوەکەی ئەمڕۆ(چوارشەممە)ی بزوتنەوەی گۆڕانی پێنوسراوە ، ئەم جۆرە لە پاکانەکردن بۆ سیاسەتی پڕ تاڵانی نەوتی هەرێم بزوتنەوەی گۆڕان بێبەریە لێی جا هەر کەسێک لە هەر ئاستێکی بزوتنەوەکەدا نوسیبێتی.
چاوەرێبوین و (بریاریش وابو)! کە گۆڕان بە رونکردنەوەیەک پشتیوانی هەوڵەکانمان بێت نەک بە کۆمەلێک قسەی لاستیکی داکۆکی لە سیاسەتی نەوتی هەرێم بکات و هیچ ئاماژیەک بەو هەمو تاڵانی و تاوانە نەدات کە بە نەوت و داهاتەکەیەوە دژی خەڵکی کوردستان کراو و دەکرێت .
هەرکەسێک بگەرێتەوە بۆ ئەرشیفی بزوتنەوەی گۆڕان،بەرنامە سیاسیەکەی،ئامانجەکانی،میدیاکەی دەزانێت کە ئەوەی ئێمە دەیکەین و دەیڵێن سیاسەتی راستەقینەی گۆڕانە،هەربۆیە بە بێ هیچ دودڵەیەک لەو هەوڵانەمان بەردەوام دەبین.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ بەفەرمانى خانەى ڕاپەڕاندن هوشیار عەبدوڵا و غالب محمەد گەمارۆى ڕاگەیاندنیان خراوەتە سەرو بەهیچ شێوەیەک نابێت لە کەناڵەکانى گۆڕانەوە دەربکەون، بۆیە ئێستا جگە لەوەى گۆڕان گەمارۆى خستونەتە سەر هاوکات پارتیش لەچەندین کەناڵەوە هەڕەشەیان لێدەکات و هەڵمەتێکى بەشەیتانى کردنى دژیان دەستپێکردووە.
بۆچى پارتى ئەم کارە بەرامبەر هوشیار غالب دەکات؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات _ لەماوەى ڕابردوودا ئەم دوو پەرلەمانتارە تاکە پەرلەمانتارن نەچوونەتە ژێر ڕێکێفى سیاسەتەکانى گۆڕانەوە بۆیە پارتى زۆر نیگەرانە بەرامبەر ئەو دۆخە و ترسى هەیە لەبارەى پرسى موچە و نەوتەوە لەگەڵ پەرلەمانتارکانى دیکە کوتلەیەک لەدەرەوەى پارتى پێکبهێنن کابینەکەى مەسرور بارزانى بخنە ژێر فشارەوە ئەوەش ئەو دەنگە بەهێز دەکات کە لەعێراق هەیە.
گۆڕان چى بەرامبەر غالب و هوشیار دەکات؟
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، غالب و هوشیار بەگوێرەى بڕیارێک کە جڤاتى نیشتمانى دەریکردووە سزا دەدرێن، بەوەى هەر کەس پابەندى ئەو بڕیارانە نەبێت پەیوەستن بە سیاسیەتى گۆڕانەوە سزادەدرێت ئەم ڕاگەیەنراوەش تەنها هۆشداریبووە بۆیان، تەنانەت ئێستا هەندێک لە ڕێکخستنەکانى گۆڕان گومانیان هەیە ئەم دوو پەرلەمانتارە سەربە قادرى حاجى و عوسمانى حاجى مەحمودبن، بۆیە بژاردەى سزادان تائاستى دوورخستنەوە ئەگەرى هەیە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات، غالب و هوشیار بەگوێرەى بڕیارێک کە جڤاتى نیشتمانى دەریکردووە سزا دەدرێن، بەوەى هەر کەس پابەندى ئەو بڕیارانە نەبێت پەیوەستن بە سیاسیەتى گۆڕانەوە سزادەدرێت ئەم ڕاگەیەنراوەش تەنها هۆشداریبووە بۆیان، تەنانەت ئێستا هەندێک لە ڕێکخستنەکانى گۆڕان گومانیان هەیە ئەم دوو پەرلەمانتارە سەربە قادرى حاجى و عوسمانى حاجى مەحمودبن، بۆیە بژاردەى سزادان تائاستى دوورخستنەوە ئەگەرى هەیە.

