
دووپشک
چارەسەری سەرەتایی بۆ پێوەدانی دووپشک پێش گەیاندنی تووشبوو بۆ نەخۆشخانە
کورتە زانیارییەک لەسەر جۆرەکانی دووپشک لەڕووی ژەهراویبوون:
۱-جۆری یەکەم ژەهراویبوونی سست:
ئەم جۆرە دووپشکانە ئەگرێتەوە کە کلکی درێژ و باریک وە چەنگالی پان و ئەستووریان هەیە ئازاری وەکو پێوەدانی مێشولەیە.
۲- جۆری دووەم ژەهراویبوونی مامناوەندی:
قەبارەی کلک و چەنگالی زۆر لە یەک نزیکە ئازاری پێوەدانی وەکو پێوەدانی زەنگەزۆرەیە.
۳- جۆری سێیەم ژەهراویبوون بە پلەی بەرز:
کلکی ئەستوور و چەنگالی باریک و بچوکی هەیە ئازاری وەکو پێوەدانی مارە.
نیشانەکان : دیاربوونی شوێنی پێوەدان وەکو خاڵێک، موروولە کردن، خوران، ئاوسان، سووربوونەوە، لە ئەگەری توندی ژەهراویبوون بە تایبەتی لە جۆری سێیەم گۆڕانکاری لە پاڵەپەستۆی خوێن، لێدانی دڵ و گەرمی جەستە روودەدات لەوانەیە رشانەوە، هەناسە توندی، سەرسووڕە، لیکاوکردن و بێهۆشبوونی لەگەل بێت.
تێبینی: رەنگی دووپشک گرنگی ئەوهای نیە لە کوشندەیی ژەهرەکە وەکو باس کراوە قەبارەی کلک و چەنگالەکە پێوەرە.
چی بکەین؟
۱- پێش هەموو شتێک ئەبێ هەراسان و مشەوەش نەبین وە بە لەسەر خۆی و دڵ دانەوەی کەسە تووش بووەکە دەست پێ بکەین.
۲- شۆردنی شوێنەکە بە ئاوی سارد و سابوون بۆ پاک بوونەوە و رێگری لە هەو کردن.
۳- خستنی پاڵەپەستۆێ سارد لە شوێنەکە بۆ ماوەی چەند خولەک.
٤- دەرکردنی دەزیلەی ژەهر ئەگەر هەبێت.
٥- ئەگەر شوێنی پێوەدانەکە لە دەست یان قاچ بێت بەرزکردنەوەی بە ئاراستەی بەرزی دڵ، ئەمەیان ڕێگری لە ئاوسان ئەکات.
٦- لە هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە کراوە ئەکرێت لۆکە یان کلینکسێک بە فاس (شلەی سپی کەرەوەی جل و بەرگ ) بکەین و شوێنەکە پێ چەور بکەین بۆ ماوەی پێنج خولەک ئەمەیان یارمەتیدەرە بۆ کەم کردنەوەی ژەهراوی بوون بە کارلێکی کیمیاوی لەگەل ژەهرەکە.
۷- دەرهێنانی خێرای ئەلقە و گوستیلە و بازنە.
۸- گەیاندنی تووشبوو بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ چارەسەری کۆتایی و پێدانی دژە ژەهر ئەگەر پێویستی کرد بە پێی ڕێنمایی پزیشک.
چی نەکەین؟
۱- نابێ ڕەفتاری ئەوها بکەین کەسی تووشبوو تووشی دڵەڕاوکێ و ترس بکات وەکوو قیژاندن و هەراسان بوون.
۲- لە ئەگەری بوونی دەزیلەی پێوەدان نابێ پێش شۆردن و سارد کردنەوەی شوێنەکە دەزیلەکە دەر بکرێت.
۳- نابێ شوێنەکە بریندار بکرێت یان کەسێک هەولی مژینی شوێنی پێوەدان بدات بە بەهانەی دەر کردنی ژەهر.
٤- نابێ هەول بدرێت بە بەستنەوەی دەست یان قاچ بە هیچ جۆرێک و لە هیچ سەرچاوەیەک ڕێگای پێ نەدراوە.
٥- لە کاتی گەیاندنی نەخۆش بۆ فریاکەوتن ئاگاداری هاژووشتنی ئوتومبێل بین تا تووشی رووداوی نەخوازراو نەبین.