بەپێی راپۆرتێكی دیوانی چاودێریی دارایی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان "مامەڵەیەكی یاسایی لە داهات و خەرجییەكانیدا نەكردووە" و "بەهەدەردانی گەورە و زێدەڕۆیی" لەسەر بودجەی گشتی بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەكان هەبووە. هەروەها گومان لە بڕوانامەی بەشێك لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەكات كە بەشێوەی نایاسایی خزمەتیان بۆ هەژمار كراوە.
راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی بە خەرجییە زیادەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە دەستپێدەكات و بڕگەی یەكەمی دەربارەی سندوقی بەڕێوەبەرایەتیەكەیە. بەگوێرەی راپۆرتەكە جیاوازی لە نێوان خەرجی و پارەی كاشی سندوقەكە هەیە لەگەڵ هەژماری بانكیی بەڕێوەبەرایەتییەكە كە پارە لەنێو سندوقی بەڕێوەبەرایەتییەكە ماوەتەوە و نەخراوەتە سەر هەژماری بانكیی تایبەت بە داهات لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لەبارەی خەرجییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمیشەوە، راپۆرتەكە باسی ئەوەی كردووە كە بەپێچەوانەی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی، ئیفادەكانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە مۆری هاتوویان لەسەر نییە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی مامەڵەیەكی یاسایی بەم خەرجییەوە نەكرێت.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "لە بڕگەكانی چاكسازی كارەبا، ئۆتۆمبێل، پێشوازی، مەراسیمەكان زیاتر لە 6 ملیۆن دینار بودجەی زیادی بۆ دیاریكراوە و خەرجیش كراوە، گومرگی هەرێم پارەی خواردنەوە كحولییەكانیشی لەسەر حكومەت حیساب كردووە. لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "پارەیەك لەسەر بڕگەی خواردنەوە كحولییەكان خەرجكراوە و وەسڵی مینی باڕێكی تێدایە، لەكاتێكدا بەپێی یاسا و رێنماییەكان نابێت ئەو پارەیە بۆ خواردنەوەی كحولی خەرج بكرێت".
گومرگی هەرێم پارەی خواردنەوە كحولییەكانیشی لەسەر حكومەت حیساب كردووە
بەهەدەردانێكی دیكە كە دیوانی چاودێریی دارایی بە گەورەی دادەنێت، بەپێی راپۆرتەكە ئەوەیە كە: "بەپێچەوانەی یاسا و رێنماییەكانی حكومەت دەرماڵەی (كرێ)ی پشكنین دراوە بە فەرمانبەران بەڕێژەی 25% بەبێ جیاوازی. ئەو پارەیە بەشێوەیەكی نایاسایی خەرجكراوە، چونكە ئەو رێژەیە بۆ (كاری زێدەگی)ـیە نەك بدرێت بە هەموو فەرمانبەران بەبێ جیاوازی. پاشان دەبێت ئەو فەرمانبەرانە وەریبگرن كە بەشێوەیەكی مەیدانی پشكنینی گومرگی دەكەن".
بەشی دووەمی راپۆرتەكەی دیوانی چاودێری دارایی پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران. لەم بەشەدا رەخنە لە پایەی بەڕێوەبەرەكان دەگرێت و دەڵێت: "پێچەوانەی یاسا 25%ـی دەرماڵەیان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان خەرجكردووە، لەكاتێدا رێژەی پایەی بەڕێوەبەری بەشەكان 15%ـی مووچەی بنەڕەتییە"
راپۆرتەكە رونکردنەوە دەدات و دەڵێت "لەبەر رۆشنایی رێنماییەكان دەبوو ئەم بەڕێوەبەرە لەبری 25% رێژەی پایەكەی 15% بێت، بۆیە دەبێت رێژەی پایەی ئاسایی بگەڕێتەوە ئاستی یاسایی خۆی و ئەو پارە زیادەش كە وەریانگرتووە لێیان وەربگیرێتەوە".
دیوانی چاودێریی دارایی بەدواداچوونی بۆ بڕوانامە و دۆسیەی ساختەی بەشێك لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكەش كردووە و داوای لێكوڵینەوە لە بڕوانامەكانیان دەكات: "هەندێك فەرمانبەر بڕوانامەكەیان ناگونجێت لەگەڵ ئەو بەشەی تێیدان. جگە لەوەش هەندێك لە بڕوانامەكان جێگەی گومانن، بۆیە داوای لێكۆڵینەوە دەكەین".
هەر لە راپۆرتەكەدا هاتووە: "ئەستۆپاكی و بەڵێننامە لە بەشێك لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان وەرنەگیراوە كە دوو مووچە وەرنەگرن یان كاتێك مۆڵەتی بێ مووچە دەكەن، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە داراییەكانە".


