

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەستگیركردنی كەسێكی راگەیاند كە خۆی وەكو ئەفسەر لە دەزگای هەواڵگری بە خەڵك ناساندووە و بە ناوی دامەزراندنەوە پارەی لێكێشاونەتەوە.
نووسینگەی پشكنەری گشتی لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند كەسێكیان دەستگیركردووە كە خۆی وەك عەمید لە دەزگای هەواڵگری بە خەڵك ناساندووە و بە ناوی دامەزراندنیان لە یەكێك لە وەزارەتە ئەمنییەكان بڕی پێنج هەزار دۆلاری لێوەرگرتوون.
روونیشكردەوە كە تۆمەتبارەكە لە كاتێكدا دەستگیركراوە كە لە بەرامبەر بەلێنی دامەزراندنی هاووڵاتییەكدا، بڕی پێنج هەزار دۆلاری لێوەرگرتووە.
لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی پشكنەری گشتی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە كە تۆمەتبارەكە لە كاتی لێكۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، ئەوەشی خستەڕوو كە لەگەڵ ئەوەی تۆمەتبارەكە بە فەرمانی دادوەر دەستگیركراوە، لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.