نوێترین

recent

03/04/2019

بارزانى: له‌ پێكهێنانى حكومه‌تدا چیتر چاوه‌ڕوانى كه‌س ناكه‌ین


وڵات_ هه‌ولێر
مه‌سعود بارزانی لە میانی کردنەوەی چواردەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە شاری هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، پەرلەمان پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم یەکلایی دەکاتەوە و چیدی چاوەڕێ ناکەن.

 بارزانی لە سەرەتای قسەکانی رایگەیاند: "کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە هەولێر جێگای شانازییە و هەولێریش شانازی بەم پێشانگایە دەکات".

لە بارەی کێشەکانی شاری مووسڵ، بارزانی ووتی: "کاتی خۆی گووتم کە قۆناغی دوای ئازادکردنی شاری مووسڵ، سەختر دەبێت و دەبێت باسی لێوە بکرێت، بەڵام هێزە عێراقییەکان پێشێلیانکرد".

راشیگەیاند: "ئەو هێزانەی ئێستا لە مووسڵن، ئەو پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە تەرخان کرا، لەناو خۆیان بەشیان کرد".

ئاماژەی بەوەشدا: "روودانی کارەساتی نقووم بوونی بەلەمەکەی مووسڵ دەرەئەنجامی ئەو جۆرە کارانەن".

بارزانی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا رایگەیاند، پێشێلکردنی دەستوور زۆر هەلی باشترکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی نوێ هەیە تاکو بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین.

 بارزانی دووپاتیکردەوە کە هەولێر بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لەبارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان بارزانی رایگەیاند: "ھەرێمی كوردستان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی بە سەركەوتووی بەڕێكرد، ئەنجامەكانیش دەركەوتوون و ئارامیی زۆرمان گرت، ھەلی پێویست دراوە بە ھەموو لایەنەكان، بەڵام ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخێك كە چیتر چاوەڕێ نەكەین و پەرلەمان دەست دەكات بە كارەكانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆكی ھەرێم و ئاسانكاری بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085