
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی رایگەیاند بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی كشتوكاڵی و هاوكاریكردنی جووتیاران لە كڕینی پێداویستییەكانیان، وەزارەتی كشتوكاڵ 32 ملیار دیناری دابینكردووە.
شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی سلێمانی راگەیاند "لەو 32 ملیار دینارەی دابینكراوە، بڕی حەوت ملیار دینار بۆ سلێمانییە. لەو پارەیەی بۆمان دیاریكراوە؛ سێ ملیار دیناری بۆ كڕینی پەین تەرخان دەكەین و، بەرێژەی 50% كەمتر لە نرخی بازاڕ، دەیدەینەوە جووتیاران".
بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی سلێمانی، باسی لەوەش كرد؛ بەشێكی دیكە لەو پارەیەی بۆیان دابینكراوە بۆ هاوكاریكردنی 9 پڕۆژەی كشتوكاڵی خەرجی دەكەن، "بەشێكی پارەكە بە نەمام دەدەین و بە نرخێكی رەمزی دیدەینەوە جووتیاران، بۆ نموونە ئەگەر نەمامێكی زیتوون لە بازاڕدا بە 5 هەزار دینار بێت، ئێمە بە كەمتر لە هەزار دینار دەیدەینەوە جووتیاران".
دابینكردنی پارە بۆ هاوكاریكردنی جووتیاران بۆ پرۆژە جۆراوجۆرەكان بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە ساڵی 2015ـەوە وەستابوو.