بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی حکومەتی هەرێمی
کوردستان نرخی حەجی ئەمساڵی دیاریکرد و داوادەکات ئەوانەی ناویان بۆ فەریزەکە دەرچووە لە
سبەینێوە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بکەن بۆ راییکردنی کارەکانیان.
شێخ قاسم بەرزنجی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی حەج و عومرە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەوکەسانەی ناویان
لە تیروپشک دەرچووە، سبەی (سێشەممە، 2-4-2019) سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە
بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان".
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە دەڵێت
"ئەو تیروپشکەی ساڵی 2017 بۆ ناوی حاجییان ئەنجامدرابوو، ئەمساڵ کۆتایی دێت و
ساڵی داهاتوو تیروپشکی نوێ ئەنجامدەدرێت بۆ ئەو ناوانەی پێشتر تۆمارکراون".
جەختیشی کردەوە لەوەی هەر حاجییەک ئەمساڵ پێویستی بە بڕی
4 هەزار و 200 دۆلارە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج و، پشکی کەسوکاری شەهیدانیش 100
پشک بووە، کە ناوەکانیان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆیان نێردراوە.
پشکی حاجیانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان چوار هەزار
و 80 حاجیە و بڕیارە یەکەم گەشتی حەجیش لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە لە
10-7-2019 دەستپێبکات.
