بەرێوەبەرایەتى گشتى بەرگرى شارستانى لە بەغدا تەواوى تیمەکانى خستووەتە ئامادەباشیەوە بۆ ڕوودانی هەر حاڵەتێکى نەخوازراو لە دواى بەردانەوەى ئاوى زیاتری بەنداوى موسڵ.
کازم سەلمان بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى بەرگرى شارستانى بەغدا ئاماژەی بەوەکردووە، تەواوى تیمەکانى ئاگادارکردووەتەوە بۆ چاودێریکردنى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاوى ڕووبارى دیجلە لە هەردوو بەرى ڕەسافە و کەرخ.
کازم سەلمان داواشى لە تەواوى ئەو خێزانانە کردووە کە خانوەکانیان لە نزیک ڕووبارى دیجلەیە بۆ سەلامەتى خۆیان ماڵەکانیان جێبهێڵن بە تایبەتى دواى بەردانەوەى ئاوى زیاتر لە بەنداوى موسڵ.
پێشتر بەڕێوەبەرى فەرمانگەى سەرچاوە ئاوییەکانى موسڵ هۆشدارى دابووە هاوڵاتیان و خاوەن پڕۆژە گەشتیاریەکانى نزیک بە ڕووبارى دیجلە کە لە ئەمڕۆ یەکشەمەوە بەنداوى موسڵ ئاوى زیاترى بەرداوەتەوە کە دوو هەزار و ٧٥٠ مەتر سێجایە لە هەر چرکەیەکدا ئەوەش مەترسى هەیە ئاستى ئاوى ڕوبارى دیجلە زیاتر بەرزبێتەوە و زیان بە ئەو ماڵانە بگەیەنێت کە نزیکن لە ڕۆخى ڕووبارەکە.
