بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی گرووپێكی تۆمەتباری ڕاگەیاند كە مەترسیدار بوون و چەندین تاوانیان ئەنجامداوە.
حەسەن نوری بەڕێوەبەری ئاسایسی سلێمانی ڕوونیكردەوە، ئەو تۆمەتبارانە لەسەر ڕێگەكان ئۆتۆمبێلی باشی هاووڵاتیانیان دزیوە و خاوەنەكانیشیان ڕفاندووە و دووریان خستوونەوە.
دەشڵێت: خاوەن ئۆتۆمبێلێكیان كوشتووە و تەرمەكەیان شاردووەتەوە، كە پیشەی بەقاڵ بووە و لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا دەماقاڵێی لەگەڵدا كردوون، سەرەتا فیشەكیان بە لاقیەوە ناوە و برینداریان كردووە و دواتریش خنكاندوویانە و تەرمەكەیان شاردووەتەوە”.
ئاشكراشیكرد ئەو گرووپە پەیوەندییان لەگەڵ گرووپی دیكەوە هەبووە لە باشوری عیراق و ئۆتۆمبێلە دزراوەكانیان بۆ ناردوون بۆ پارێزگەی بەسرە.
ڕاشیگەیاند، هۆكاری نیشاندانی ئەو تۆمەتبارانە بۆ ئەوەیە كە خەڵك بیانناسێت و هەر كەسێك سكاڵای لەسەریان هەیە و تاوانیان بەرامبەر كردوون، بێن سكاڵا تۆمار بكەن، تا مافیان بۆ وەربگرنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو تۆمەتبارانە پێشتریش چەند تاوانێكیان ئەنجامداوە و لە ئەنجامی بەدواداچوون بۆ ڕفاندنی ئۆتۆمبێلێك و خاوەنەكەی كە كچێك بووە، دۆزرانەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تۆمەتبارانە تا ئێستا دوو هاووڵاتیان كوشتووە و بە ڕەگەز كوردن.
