نوێترین

recent

03/04/2019

بۆ یەكەمجار بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتە سێ هەزار و 600 مێگاوات


دوای بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەردوو بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، بۆ یەكەمجار بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی گەیشتە 3،600 مێگاوات.

وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لە ئەنجامی رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ و بەرزی ئاستی ئاوی هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان؛ رێژەی بەردانەوەی ئاو لە هەردوو بەنداوەكە زیادیكردووە، بەو هۆیەشەوە توانراوە سەرجەم یەكەكانی كارۆئاوی بەرهەمهێنانی كارەبا لەو دوو وێستگەیە ئیشپێبكرێت.

لە بەنداوی دووكان رێژەی بەرهەمهێنانی كارەبا گەیشتووەتە 280 مێگاوات و لە دەربەندیخانیش 240 مێگاوات كارەبا، بەوەش بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمینجار دەگاتە سێ هەزار و 600 مێگاوات كارەبا ، ئەوەش بە بە پشتبەستن بەسەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا.

وەزارەتی كارەبا دەڵێت، لەم مانگەدا ماوەكانی پێدانی كارەبا بە هاونیشتمانیان بۆ 16 كاژێر بەرزبووەتەوە.

وەزارەتی كارەبا راشیگەیاندووە، بۆ سەلامەتی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەردوو بەنداوی دووكان و دەربەندیخان بە وردی رەچاوی سەلامەتی وێستگەكە و كاری چاكسازیی تێیدا دەكات و هەر بەم هۆیەشەوە لە ئێستادا توانراوە هەموو یەكەكان کاریان پێبكرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085