
سەرۆكایەتیی شارەوانیی دەربەندیخان لەبارەی
بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاو لە ناوەندی شار و شەقامە گشتی و ناوچە نزمەكانی شارەكە
هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان و داوایان لێدەكات نەچنە شوێنە چۆڵ و بەرزاییەکانی
ناوچەکە.
سەرۆكایەتیی شارەوانی دەربەندیخان، لە ڕاگەیەندراوێكدا
ڕای گەیاندووە "بەپێی پێشبینییەكانی
كەشوهەوا، ناوچەكەمان دەكەوێتە ژێر كاریگەریی پاڵەپەستۆی نزمی هەردوو دەریای سوو و
دەریای سپیی ناوەڕاست و بارانی بەخوڕ و بەهێز و هەورە بروسكە لەخۆ دەگرێت و چاوەڕوان
دەكرێت ڕێژەیەكی زۆر باران ببارێت و ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوەندی
شار و شەقامە گشتی و ناوچە نزم و چاڵەكان".
شارەوانیی دەربەندیخان، داوا لە هاوڵاتیان دەكات
"لە كاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ماڵەكانتان بمێننەوە تا تیمە فریاگوزارییەكان
دەگەنە لاتان، هەروەها خۆتان لە مانەوە لە ناوچە بەرز و چۆڵ و شاخاوییەكان بپارێزن،
چونكە شەپۆلەكە بارگاوییە بە هەورە بروسكەی بارگە كارەبایی بەرز".
لە ڕاگەیەندراوەكەدا داوا كراوە "ئەو هاوڵاتییانەی پیشەیان بەخێوكردنی
ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتە خۆیان بپارێزن لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەكانیان
بۆ شوێنە بەرز و دوورە دەستەكات و هەوڵ بدرێت قەرەباڵغی لەسەر شەقامەكان دروست نەكرێت
تا تیمە فریاگوزارییەكان بە زووترین كات بگەنە ئەو شوێنانەی پێویستیان بە هاوكاری
هەیە".
سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەش
داوە "داوا لەو هاوڵاتییانە دەكەین كە لە دەرەوەی سنووری شارەوانین و دەكەونە
نزیك ڕێڕەوی لافاو، خۆیان بپارێزن و بە زووترین كات پەیوەندی بكەن بەلایەنە پەیوەندیدارەكانەوە
و شۆفێرانیش بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت ڕێگاكانی دەرەوەی شار بەكار نەهێنن".