ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاند، لەسەر ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی قەیاغەکەی موسڵ سێ گومانلێکراویان دەستگیرکردووە، کە خاوەنی شوێنە گەشتیارییەکەی موسڵن.
تارق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر راگەیاند، "ئەو سێ کەسەی دەستگیرمانکردوون پێکەوەبوون، چاوەڕوانین دادگای موسڵ داوایان بکەن و رادەستیان بکەین، ئەو کاتە ئەوان بڕیاریان لەسەر دەدەن".
وتیشی، وەک ئاسایش ڕیگە نادەن هەرێمی کوردستان ببێتە ئارامگەیەک بۆ تاوانباران کە لەو ناوچانە تاوانیان کردبێ و بۆ ناوچەکانی هەرێم هەڵهاتبن.
لە ڕاگەیەندراوێکیشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر ئاشکرایکردووە، لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا بەردەوامە و لەگەڵ بەغداش لە پەیوەندی و هەماهەنگیدان.
ئاسایشی هەولێر جەختیشیکردووەتەوە، هەرکەسێک لەسەر ئەم ڕووداوە داواکرابێت و لە سنوری دەسەڵاتی ئەواندا بێت دەستگیریدەکەن.
ئەمە لەکاتیکدایە، ڕۆژی ڕووداوەکەش فایەق زیدان سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ خاوەنی دوورگە گەشتیارییەکە و خاوەنی قەیاغەکە دەرچووە و لە ئێستادا نۆ کارمەندی قەیاغەکە دەستگیرکراون.
لە بەیاننامەکەدا ئەنجومەنی دادوەری داوای لە لایەنە بەرپرسەکان کردووە، بە زووترین کات ئەوانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە دەستگیریان بکات.
ڕۆژی ٢٤ی ئازاری ٢٠١٩ پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە لەسەر داوای عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەر کارلابردنی نەوفل عاگوب پارێزگاری نەینەوا و دوو جێگرەکەی خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
هاوکات پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا کە سەرجەم قوربانییەکانی ڕووداوەکەی موسڵ بە شەهید هەژمار بکرێن.
٢١ی ئازاری ٢٠١٩ و لە یەکەم ڕۆژی وەرزی بەهاردا، لەکاتێکدا خەڵکی بۆ گەشت و سەیران ڕوویان لە بەشی باکوری ڕووباری دیجلە کردبوو لە شاری موسڵ، قەیاغێک لەناو ڕووبارەکەدا ژێرئاوکەوت و بەو هۆیەوە زیاتر لە سەد کەس گیانیانلەدەستدا.
