
ئهحمهد میره، نوسهر و رۆژنامهنوس رایدهگهیهنێت، هیچ حزبێکی سیاسی هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان کارتە سیاسییەکانی نەسوتاون، تا ئەو ئاستەی، کە ئەم حیزبە توشی دوڕیانێکی سیاسیی ناجۆر هاتووە دهشڵێت، هەرچی دەربارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، تا ئێستا لە چۆنێتیی دانوستاندن لەگەڵ پارتییدا سەرکەوتوو بووە.
میره له نوسینێكدا دهڵێت "دوای وەفاتی نەوشیروان مستەفا سەروبنی بزتنەوەی گۆڕان گۆڕاوە، تا ئەو ڕادەیەی هیچ شتێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستاندا هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، هیچ حیزبێکی تریش هێندەی بزوتنەوەی گۆڕان کارتە سیاسییەکانی نەسوتاون، تا ئەو ئاستەی، کە ئەم حیزبە توشی دوڕیانێکی سیاسیی ناجۆر هاتووە، ئەگەر بەشداریی کابینەی نۆهەم نەکات، ئەوە دەبێتە پارویەکی چەورو لە چوار ساڵی داهاتوودا یەکێتیی نیشتمانیی بەئاسانیی قوتیدەدات".
دهشڵێت "ئەگەر گۆڕان بەشداریی پێکهێنانی حکومەتیش بکات، بێگومان گوتارە ڕەسەنەکەی ناڕەزایی لەدەستدەدات و مەڵۆی نائومێدیی لە هەرێمی کوردستاندا قەبەتر دەبێت و دەتوانین بڵێین تا چەند ساڵێکی تر ڕەوتی ناڕەزایی لە هەرێمی کوردستاندا هەتیودەکەوێت. بەکورتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان شیش و کەبابدا یەکێکیان دەسوتێنێت، هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوەن، کە بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر بنەمای پابەندنەبوونی یەکێتیی بە ڕێکەوتنی نێوانیانەوە یەکەمیان هەڵدەبژێرێت و شەقام بە هەتیویی بەجێدەهێڵێت".
سهبارهت به یهكێتی، ئهحمهد میره دهڵێت، یهكێتی تا ئێستا لە چۆنێتیی دانوستاندن لەگەڵ پارتییدا سەرکەوتوو بووە، سەرەڕای گرێدانی کۆبوونەوەی (18) ی شوباتی پەرلەمانی کوردستان.
ئاماژه بهوهشدهكات كه دۆخی ناوخۆی یەکێتیی بە جۆرێک ئاڵۆزە، کە هیچ کەس خۆزگەی پێناخوازێت، تەنانەت ناتوانین لە ڕێکەوتنەکاندا متمانەی سەد لە سەدی پێبکەیت، چونکە باڵەکان هەر یەکەیان لەسەر ڕیتمێکی جیاواز شەقەیان دێت.
"لە هەموویشی مەترسیدارتر بەرژەوەندییە کەسییەکان زۆر جار ئاراستەی ڕێکەوتن و دانوستاندنەکان دەگۆڕن. بەکورتیی ئەگەر بێت و وەفدی دانوستانکاری یەکێتیی بە هەمان سیاسەتی ئێستاوە لەگەڵ پارتییدا بەردەوام بێت، ئەوە دەتوانێت کەمێک لەو باڵانسە شکاوەی لەسەردەمی بەهێزییدا لەدەستیداوە، بەدەستیبهێنێتەوە" ئهحمهد میره وادهڵێت.
ئهو نوسهره ئاماژهبهوهشدهكات "خراپی پەیوەندییەکانی یەکێتیی و گۆڕان لە دە ساڵی ڕابوردوودا هەمیشە مایەی خێر بوون بۆ پارتیی، واتا یە یەکێتیی و گۆڕان ساڵ لە دوای ساڵ پێگەی سیاسیی و ئابوریی و دیپلۆماسیی و جەماوەریی پارتییان بەهێزکردووە. باران و بای گۆڕان و یەکێتیی هەمیشە بەفری پارتییان بە بەستوویی هێشتووەتەوە".