
وڵات_ ساكۆ حەمە|
ئامانجی یەكەم و كۆتایی بڕیارەكەی نیچیرڤان بارزانی بۆ لادانی پاشەكەوتی موچە، ئەوەبوو خۆی لەئاوی تەمزیز هەڵكێشێت و كێشەیەك بۆ ڕكابەرەكەی دروستبكات، كە مەسرور بارزانیە.
ئامانجی یەكەم و كۆتایی بڕیارەكەی نیچیرڤان بارزانی بۆ لادانی پاشەكەوتی موچە، ئەوەبوو خۆی لەئاوی تەمزیز هەڵكێشێت و كێشەیەك بۆ ڕكابەرەكەی دروستبكات، كە مەسرور بارزانیە.
ڕۆژی 8ی مارس نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی سەرۆك و جێگرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەیان ئاشكراكرد بەجۆرێك لەمانگی كانوونی یەكەمەوە خەڵك دەتوانێت بەبێ پاشكەوت موچە وەربگرێت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدیداری زانكۆی ئەمریکی لە سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەكرد دەمێكە بڕیاری لادانی پاشەكەوتی موچە دراوە ووتی "پاشكەوت لادەبرێت و دۆخی دارایی باش دەكرێتەوە".
ئەمە ئاماژەی نیازێك بوو كە پێشتر هەبووە لەلای "نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی" بۆ لادانی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەران لەكۆتایی كابینەكەدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی "وڵات" نیچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی پێشتر ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی لە كۆتایی كابینەكەدا پاشكەوتی موچە لاببەن، ئەوەش وەكو بەڵێنێك كە پێشتر بە فەرمانبەرانی دابوو، چونكە پێشتر قوباد تاڵەبانی لە كەمپینی هەڵبژاردن ئەو بەڵێنەی دابوو، نێچیرڤان بارزانیش بەهەمان شێوە بەڵێنی بە ڕێكخستنەكانی پارتی دابووە، تەنانەت لەكۆبونەوەیەكی عەشیرەتەكاندا ووتبوی "ئەگەر خۆم پارەم پەیاكردبێت پاشەكەوتی موچە لادەبەم".
نێچیر بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جگە لەوەی ئامانجی ئەوەی هەبوو پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆكی هەرێم ڕابردووی خۆی سپی بكاتەوە، هاوكات كێشەیەكی قوڵی بۆ كابینەی دوایی خۆی بەجێهێشت كە مەسرور بارزانی بەڕێوەی دەبات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە نزیكە لە بڕیار بە دەستانی ئابووری لە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی بۆ "وڵات" باسكرد، "كاك نیچیرڤان بڕیارەكەی دا بەڵام دەبێت كاك مەسرور بڕیارەكە جێ بەجی بكات، بەڵام نازانرێت بڕیارەكە جێ بەجێ دەكات یان نا".
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی پەرلەمانی كوردستان پارەی پاشكەوتكراوی موچەی فەرمانبەران خۆی لە 7 ملیار دینار دەدات تا ساڵی 2017 .
مەسرو بارزانی ناچارە ئەو برە پارەیە بەهەر ڕێگەیەك بێت بیداتەوە بەفەرمانبەران، لەگەڵ ئەوەش ناچارە ئەكەر حكومەتی عێراق پارەش نەنێرێت ئەو موچە بەبێ پاشەكەوت بدات، شتێكی پەسەند نابێت دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پاشەكەوتی موچە.
نیچیرڤان بارزانی هەر لێرەوە كێشەی دروستنەكردووە، بەڵكو لەكۆبونەوەی كۆتایی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەكی ڕاسپاردوە بۆ گفتگۆ لەگەڵ بەغداد بۆ ڕێكەوتن لەسەر پرسی نەوت، گومانی زۆر دەكرێت نیچیرڤان بارزانی لەڕێگەی ئەم لیژنەیەوە زەمینە سازبكات بكات بۆ تێكدانی ئەو متمانەیەیی دروستبووە لەنێوان بەغداد و هەولێر، وە ئەم پرسەی بۆ كابینەی داهاتوو بەجێنەهێشت، بۆیە ئەگەری زۆر هەیە نێچیرڤان بارزانی لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت بەسەربەخۆ پەیوەندییە داراییەكانی بەغداد تێكبدات بۆ ئەوەی گرفتی دارایی بۆ حكومەتی هەرێم دروستبكات.
پێناچێت مەسرور بارزانی و مەسعود بارزانی ڕێگە بەم یارییە مەترسیدارەی نیچیرڤان بارزانی بدەن، بەڵام ڕەنگە ئەم دوو پرسە گرێوگۆڵی زۆر بۆ كابینەكەی مەسرور بارزانی جێبهێڵێت.