
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەو ژنانەی بەشداری لە ناوەندەكانی دەسەڵاتدا دەكەن، پێویستە نوێنەری راستەقینەی ژنان و چاككردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی ژنان بن دەشڵێت، هەندێك لە رێكخراوەكانی ژنان، یەكەم وشەیان ئەوەیە هێرش بكەنە سەر پیاوو بەبێ پیاویش ئیدارە ناكەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەبۆنەی هەشتی مارس رایگەیاند، “ژنانی كورد رۆڵێكی گەورەیان هەبووە لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە، دەبێت حسابیان بۆ بكرێت و ئەركیان پێبسپێردرێت، ئەو ژنانەی بەشداری لە ناوەندەكانی دەسەڵاتدا دەكەن، پێویستە نوێنەری راستەقینەی ژنان و چاككردنی بارودۆخی كۆمەڵایەتی ژنان بن”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، پێیباشە ژنان وابیرنەكەنەوە بە دوژمنداری لەگەڵ پیاوان دەتوانن مافەكانیان بەدەستبهێنن، “دەبێت هەوڵبدەن ژن و پیاو بەیەكەوە كاربكەن بۆ پاراستنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی.
سەعدی ئەحمەد پیرە دەشڵێت، هەندێك لە رێكخراوەكانی ژنان هەن، یەكەم وشەیان ئەوەیە هێرش بكەنە سەر پیاو و بە دڕندەزانینی پیاو، لەكاتێكدا بەبێ پیاویش ئیدارە ناكەن”.