نوێترین

recent

07/03/2019

"وڵات" ناوەڕۆكی ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی ئاشكرا دەكات

وڵات_ ساكۆحەمە |   هێشتاش مەترسی ئەوە ماوەی ڕێكەوتنی یەكێتی و پارتی وەكو خۆی جێبەجی بكرێت، "هاوكات" وڵات چەند زانیارییەكی تایبەت لەسەر ناوەڕۆكی ڕێكەوتنەكە ئاشكرا دەكات.

ڕۆژی 4 ی ئازار لە سەری ڕەش بەدەستپێشخەری ئەیاد عەلاوی سەركردەی سوننە لەعێراق و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كۆبونەوە گەیشتنە ڕێكەوتن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وڵات" كۆبونەوەكە سێ‌ گری كوێرەی كردوەتەوە، یەكەم پارێزگاری كەركوك كە بۆ یەكێتی دەبێت، دووەم وەزیری داد لەحكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سێهەم پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كە یەكێتی داوای دەكرد و ئێستا بۆ پارتی یەكلایی بوویەوە.

ئەم ڕێكەوتنە بچوكراوەیە ڕۆژی 5ی نیسان لەسەر مێزی دانوستانی هەردوو مەكتەبی سیاسی والاكرا و داوجار لق و پۆپی لێبونەوە.
خەسرەو گۆران ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوە ئاشكرا دەكات "ڕێكەوتنی نێوان یەكێتی پارتی پێكهاتووە لە 18 خاڵ ئەولەوییەتی رێككەوتنەكەش‌، پێكهێنانی حكومەت، كاراكردنەوەی رۆڵی كورد لە كەركووك و هەروەها هەماهەنگیی پارتی و یەكێتییە لە بەغدا بۆ وەدیهێنانی دەستكەوتی زیاتر.
بەگوێرەی زانیارییەكانی وڵات، یەكێتی و پارتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك ڕێكەوتوون لەسەر ئەوەی "ڕزگار عەلی" بۆ پارێزگاری كەركوك بێت لەبەرامبەردا بۆ هەڵبژاردنەكان دەبێت یەكێتی و پارتی پێكەوە دابەزین، سەرۆكی پەرلەمانیش بدرێت بە "ڕێواس فایەق"، دواتریش "سەرۆكی هەرێم بدرێت بە نیچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بكرێت بەجێگری"، ئەمە جگە لەپۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت و چەند وەزیرێك و دەیان بەرێوەبەرایەتی گشتی و نوێنەرایەتی دەرەوە.

عەدنانی حەمەی مینا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەبارەی دیاریكردنی كەسەكانەوە لەدیداری زانكۆی ئەمریكی ئەوەی ووت "تائَستا ناوەكان یەكلایی نەكراوەتەوە و تەنها ڕێكەوتنی مەبەدەئی كراوە".

"وڵات" زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە تەنانەت پۆستی وەزارەتی دادیش بۆ یەكێتی یەكلایی بووەتەوە بۆ دادوەرێك بەناوی "دادوەر سمكۆ".
"وڵات" وردەكاری ئەوەشی لایە كە پارێزگاری كەركوك و حكومەتی نوێ پێكەوە دەستبەكاردەبن، ئەمەش یەكلایی كراوەتەوە وەكو ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كەركوك بەلای یەكێتیەوە گرنگە.

پێشتریش ئاژانسی "ئیرنا"ی فەرمی ئێران ئەوەی بڵاوكردبویەوە، كە بارزنی و كۆسرەت ڕەسوڵ زەمینەسازی تەواویان لەبارەی ڕێكەوتنەكەی 5 ئازار كردووە.

هیشتا مەترسی لەسەر ڕێكەوتنەكە ماوە بەجۆرێك، لاهور شێخ جەنگی و بەشێك لەسەركردایەتی یەكێتی هەرچەندە نیگەرانن لە لاسەنگی ڕێكەوتنەكە بەلای پارتیدا هاوكاتی ئەوەش متمانەیان لاوازە بەڕێكەوتنەكە بۆیە كەوتونەتە جموجوڵی دیبلۆماسی، ئەگەر پۆسی پارێزگاری كەركوك وانەبوو كە یەكێتی ویستی چی بكەن.

لاهور شێخ جەنگی لەدیداری زانكۆی ئەمریكی ئەوەی نەشاردەوە ووتی  "لە رێككەوتنی پارتی و  یەكێتی باس لە دانانی پارێزگارێكی كورد كراوە بۆ كەركوك، ئەگەر رێككەوتنەكە جێبەجێنەكرێت ئەوا دەكەوێتە ئەستۆی كاك مەسعود و كاك كۆسرەت".

ئەمە ووتەیە لە پەیامی سیاسید جۆرێك لە بەدگومانی پیشان دەدات، بۆیە هەر دوای ووتەكان بۆ ئێوارەكەی "لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی" لە سلێمانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی كۆبونەتەوە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە ئەم پرسەیان لەگەڵ حەیدەرعەبادی باسكردبێت وەكو ئامادەكاری بۆ شكستی ڕێكەوتنەكە لەكەركوك.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وڵات" هەم بەشێكی پارتی نیگەرانن لەجوڵەكانی لاهور شێخ جەنگی، هەم بەشێكی یەكتی بەدگومانن لەجوڵەكانی پارتی، ئەمەش مەترسیە لەسەر ڕێكەوتنەكە

Picsart-24-02-23-21-31-09-085