
ئەحمەد میرە
دوای هەڵبژاردنی (19) ی ئایاری ساڵی (1991)، لە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی یەکهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دانانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، پارتیی جەختی لەوە دەکردەوە، کە پێویستە سەرۆکی حکومەت بۆ یەکێتیی بێت و سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ پارتیی بێت، چونکە ئەو کاتە لەوە تێنەدەگەیشت، کە حکومەت دەروازەیەکی باشە بۆ خۆقەبەکردن و دەستگرتن بەسەر داهاتی هەرێمدا.
بەڵام دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەولێر و سلێمانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرگیز پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتیی گرنگ نەبووەو تەنها ماوەی دوو ساڵ ئەو پۆستە بە دەست پارتییەوە بووە، ئەو دوو ساڵەیش لەبەر ئەوە بوو، بە پێی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتیی و پارتیی، سەرۆکی حکومەت لای یەکێتیی نیشتمانیی بوو. هۆکاری سەرەکیی ئەو جۆرە تێڕوانینەی پارتیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەو حیزبە هەمیشە لە پەرلەمانی کوردستاندا بە هۆی کورسیی کۆتاو پاشکۆکانیەوە هەمیشە زۆرینە بووەو توانیویەتی بڕیار و یاساکان بەپێی ویستی خۆی تێبپەڕێنێت، دەستی چەوریش بە سەر سەرۆک پەرلەمانەکانی یەکێتییدا بسڕێت. تەنها لە خولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان لە کۆنترۆڵی پارتیی دەرچوو، بەپێی بەرنامەی سیاسیی ئەو مامەڵەینەکرد، لە ئەنجامی ئەوەیشدا کودەتا شوومەکەی (15) ی ئۆکتۆبەری بەسەر پەرلەماندا هێنا.
ڕەنگە کاتێک ئەم وتارە دەخوێنیتەوە، یەکێتیی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرتبێت و کار لە کار ترازابێت. هەرچەندە ئاگاداری ئەوە نیم، کە کام ئاراستەو باڵەی ناو یەکێتیی پێشنیازی ئەوەی کردووە، کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەرنەگرن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕاستترین بۆچوونەو دوورخستنەوەی ئەو حیزبەیە لە گێژاوێکی سیاسیی قووڵ لە ئایندەدا، چونکە لە هیچ خولێکی پەرلەماندا پارتیی هێندەی ئەم خولە باڵادەست نیە، هەم بە هۆی زۆریی کورسییەکانی خۆی و پاشکۆو کۆتاکانەوە، هەم بە هۆی ئەوەوە، کە لە ئێستادا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەلایەن کەسە نزیکەکانی مەسروور بارزانییەوە قۆرخکراوە، لە بارودۆخێکی لەو جۆرەدا هیچ سەرۆک پەرلەمانێک ناتوانێت پڕۆژە یاسایەک تێبپەڕێنێت، یاخود بیخاتە دەنگدانەوە بەبێ ڕەزامەندیی پارتیی.
واتا پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە هەر حیزبێک بێت، جگە لە دەستکەوتی کەسیی بۆ خودی سەرۆک، دەبێتە بەڵایەکی گەورە بۆ حیزبەکەی، بە تایبەتیی لەم خولەدا، کە خولی داڕشتنەوەو تێپەڕاندنی دەستووری هەرێمی کوردستان و هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر یەکێتیی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان قبوڵبکات، لە ئێستاوە دەبێت خۆی ئامادەبکات بۆ چەندین (30) ی حوزەیرانی تر لە بەرژەوەندیی بارزانیی و حیزبەکەیدا.
تەنانەت هەندێک کادری پارتیی باس لەوە دەکەن، کە پێش ئەوەی یەکێتیی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت، پێویستە یاسای سەرۆکایەتیی هەمواربکرێتەوەو چەند پڕۆژە یاسایەکی گرنگ بەپەلە تێبپەڕێنێت. واتا پارتیی پەرلەمان تەنها وەک دەستگایەک بۆ شەرعیەتدان بە کارەکانی خۆی دادەنێت و کاری سەرۆک پەرلەمانیش دەبێت تەنها ئارایشکردنی کارە نایاساییەکانی پارتیی بێت، دەنا لە بازگەی پردێ تووشی کێشەو دەردیسەریی دێت.
پێشتر گوتبوومان، ئەگەر لەم خولەی پەرلەماندا پارتیی هەر شتێک بخاتە پەرلەمانەوە، یاخود بیەوێت ڕەتیبکاتەوە، بێ هیچ کۆسپ و لەمپەرێک دەتوانێت ئەنجامیبدات، بۆیە لۆژیکیترین بۆچوونی سیاسیی ئەوەیە، کە یەکێتیی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەک خەڵاتێک ببەخشێتەوە بە پارتیی.