نوێترین

recent

05/03/2019

24 كاتژمێرى هه‌ستیار بۆ كابینه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانى

وڵات _ ساكۆ حەمە |    ئێستا هیچ بەربەستێك لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت نەماوەتەوە، پاش ئەوەی یەكێتی و پارتی ڕێكەوتن لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پرسی كەركوك.

ڕۆژی 4ی ئازاری 2019 نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی و كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، ڕێكەوتنێكیان واژووكرد..

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وڵات" هێڵە گشتیەكانی ڕێكەوتنەكە پەیوەستە بە پێگەی یەكێتی و پارتی لەحكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان و پرسی كەركوك، بەجۆرێك پێشتریش وڵات ئەوەی ئاشكراكردبوو، بارزانی و كۆسرەت ڕەسوڵ لەبارەی پرسی كەركوكەوە ڕێكەوتوون ڕێكەوتنەكەش بەجۆرێك پارێزگاری كەركوك هەركەس هەیە "نابێت دژی پارتی بێت" و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەكانی پارتی بپارێزێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "لەماوەی ئەم 24" كاتژمێرەدا یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە پشتیوانی خۆیی بۆ ڕێكەوتنەكە دەردەبڕێت و رزگار عەلی بۆ پارێزگاری كەركوك دەستنیشان دەكات.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان "كۆمیتەیەكی تایبەت ڕادەسپێرێت بۆ چالاكردنی بڕگەكانی ڕێكکەوتنەكە بەهاوبەشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان".

دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەیەوە ڕونیكردەوە پارتی چاوەڕوانی كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە و لەوبارەیەوە ڕێكارەكانی خۆ یەكلایكردنەوە ئەنجام بدات ووتیشی "هاوتای یەكێتی ئێمە ڕێكەوتنمان لەگەڵ گۆرانیش كردووە ئەوانیش ئامادەن بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دیموكرات لەبارەی وادەی پێكهێنانی حكومەتەوە ووتی "هیچ بەربەستێك لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەماوە، بەمزوانە حكومەتی هەرێم پێكدێت، چونكە هەموو ئامادەكارییەك لەوبارەیەوە كراوە".

سەرچاوەیەكی بەرپرس ئەوەی بۆ "وڵات" ڕونكردەوە ئەگەری بەهێز ئەوەیە پێش نەورۆزی ئەمساڵ بەرایی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت پێكبێت ئەوەش وەكو موژدە بدرێت بەهاوڵاتیان، پاشان دوای نەورۆز ڕێكارەكانی دیكە یەكلایی بكرێنەوە كابینەكە بكەوێتە سەرپێی خۆیی پاش ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە سوێندی یاسایی خوارد.





Picsart-24-02-23-21-31-09-085