نوێترین

recent

17/06/2017

ڕیفراندۆمەکەى بارزانى و فەشەلى پارتى


د.بەختیار شاوەیس (1) 

زۆڵە کورد ئەوەیە کە لەگەڵ دروستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆ نەبێت بۆ نەتەوەکەى ، جا ئیتر ئەو کەسە لەهەر شوێنێکى دونیا بێت ، لەناوخۆى کوردستان یان لەدەرەوە. بەڵام ئەم ڕیفراندۆمەى کەلەدواى کۆبوونەوەکەى رۆژى 7ى حوزەیران وەک کەناڵەکانى راگەیاندن بڵاویانکردەوە کە بارزانى بریارى لەسەرداوە ، جگەلە شاردنەوەى فەشەلەگەورەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان لە حوکمرانى و سیاسى و سەربازى ، شتی تریشى لەپشتەوەیە. ئەوەتا هۆشیار زیبارى خاڵى بارزانى و ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى کە ئێستا کراوەتە بەرپرسى لیژنەى باڵاى ریفراندۆم زۆر بەروونى قسە راستەکەى کردوو وتى: ریفراندۆمەکەمان بۆ سەربەخۆیى نیە و دەمانەوێت بیکەینە وەرەقەى بەهێزبونمان لەگەڵ بەغداد. لەدواى ئەم قسەیەى زێبارى کە ئیحراجى زۆرى کادیرانى پارتى لێکەوتەوە ، هەندێک ویستیان بارەکەى راستبکەنەوە و گوتیان کاک هۆشیار مەبەستى ئەوە بوە کە دواى ریفراندۆم مفاوەزات لەگەڵ بەغداد دەکەین لەسەر سەربەخۆیى. لێرەدا دوو خاڵ هەیە: 

1. لەکوێى دونیادا دەوڵەتێک رازیبوە گفتوگۆ بکات لەسەر لەتکردنى وڵاتەکەى؟ 

2. دەسەڵاتدارانى بەغداد بە جێبەجێکردنى مادەى 140 ى دەستوور رازینەبوون کە خۆیان دەنگیان پێداوە ، ئیتر نازانم پارتى بەم پەیوەندیە شلۆقەوە کەهەیەتى لەگەڵ حیزبە عیراقیەکان چۆن ئەم زەمانەتەى وەرگرتوە، ببورن بیرتانبخەمەوە کاک هۆشیار کەدەیەوێت مفاوەزات بکات، زۆرینەى فراکسیۆنە سیاسیە عیراقیەکان رازینەبوون وەک وەزیر لەبەغداد بێت و بە ئیقالە ناردیانەوە بۆ هەرێم ئیتر نازانم بۆ پارچەپارچەکردنى وڵاتەکەیان بەرپرسە عیراقیەکان چۆن لەگەڵى دادەنیشن؟؟!! 

(2) ئەى کەواتە مەسەلەکە چیە؟ 

لەئێستادا پارتى دەیەوێت لەرێگەى ریفراندۆمەوە، فەشەلەکانى خۆى بشارێتەوە و بیانکاتە دەستکەوتى حیزبى بۆ خۆى. پارتى دیموکراتى کوردستان لەماوەى ئەزمونى حوکمڕانى کوردستاندا کە نزیکەى چارەکەسەدەیەکە بەشى شێرى لەدەسەڵاتى ئیدرایى و مالى بەرکەوتوە بەجۆرێک کە لەکۆى 111 کورسى پەرلەمان خاوەنى 38 کورسیە واتە رێژەى %34 ى بەردەکەوێت بەڵام نزیکەى %70 جومگە هەستیارەکانى دەسەڵاتى قۆرخکردووە، کە خۆى دەبینێتەوە لە: 

1. سەرۆکى هەرێم بۆماوەى 12 ساڵ ( بەساڵانى شەرعیبون و شەرعینەبونیەوە). 

2. سەرۆکى حکومەت بۆماوەى 12 ساڵ جگەلە دوو ساڵى کابینەى شەشەمى د.بەرهەم ساڵح. 

3. سەرۆکى ئەنجومەنى ئاسایش و پاراستنى هەرێمى کوردستان. 

4. وەزارەتى سامانە سروشتیەکان بەدرێژایى عومرى دامەزراندنى وەزارەتەکەى. 
5. وەزارەتى ناوخۆ. 

6. وەزارەتى پلاندانان. 

7. مەلەفى پەیوەندیە دەرەکیەکانى حکومەتى هەرێم. 

8. مەلەفى دادگا و ئەنجومەنى شوراى هەرێمى کوردستان. 

9. پارێزگا و ئەنجومەنى پارێزگاى هەولێر. 

10. پارێزگار و ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک. 

(3) 

سەرەراى هەموو ئەمانە دەبینین هیچ کاتێک هەرێمى کوردستان وەک ئێستا لەقەیرانى گەورە و قەبارە زلدا نەبوە ، تەنانەت لەو کاتانەشى کە شەڕى ناوخۆى کوردستان گەشتە ئەوپەرى ئاستى لە 31 ى ئابى ساڵى 1996، چونکە: 

1. ئێستا پەرلەمان پەکخراوە و بوونى نیە و شەرعیەتى یاسایى لەهەرێم لەژێر پرسیاردایە. 

2. ئێستا لەرووى سیاسیەوە گەراوینەتەوە بۆ سەردەمى بەرلەدروستکردنى بەرەى کوردستانى لەساڵى 1987 کە مامجەلال ئەندازیارى دروستکردنى بوو ، چونکە بەر لەپێکهێنانى بەرەى کوردستانى هەموو حیزبە سیاسیەکانى کوردستان پێکەوە کۆنەدەبوونەوە، هەمان دۆخێک کە حاڵى حازر هەیە و دوو هێزى وەک گۆران و کۆمەڵ تەنانەت ئامادەنین لەسەر مەسەلەى ریفرادۆم لەگەڵ پارتى و هێزەکانى تر کۆببنەوە. 

3. ئێستا حکومەت ناتوانێت موچەى کارمەندەکانى بەتەواوى بدات و بەهۆى سیاسەتى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانیەوە نزیکەى 20 ملیار دۆلار قەرزارەو هەر تاو ناتاوێکیش کۆمپانیاى دانە غاز گرەوێکى تر لەحکومەت دەباتەوە و جەردەیەکى تر پارەى قەرز دەخاتە سەرشانى داهاتووى منداڵە بێتاوانەکانى ئەم وڵاتە. 

(4) 

بێجگە لەم دۆخە نالەبارە ناوخۆیە، یەک دەوڵەتى دونیا پشتیوانى بۆ ریفراندۆم دەرنەبریوە، بەپێچەوانەوە ( ئەمریکاى هاوپەیمانمان لەشەرى داعش ، ڕوسیاو تورکیاى شەریکمان لە مەلەفى نەوت، ئیران، بەریتانیا،فەرەنسا، ئەڵمانیا، نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان، دەوڵەتانى عەرەبى) بەئاشکرا ریفراندۆمەکە رەتدەکەنەوە. خۆ ئەگەر مەسەلەکە ئەوە بێت کە میللەتى کورد ئامادەیە برسیبوون قبوڵ بکات لە پێناوى دەوڵەت وەک ئەوەى کە بارزانى دەیڵێت ، ئەوا دڵنیام تاکە کەسانێک برسى نابن لەم تەنگژەیەدا تەنانەت ئەندامانى حیزبەکەى بارزانى نین بەڵکو ئەندامانى بنەماڵەکەى دەبن و ئەم پڕوپاگەندەیەش هەموو کەسێکى وریا لێیتێدەگات. 

(5) 

پارتى دیموکراتى کوردستان و بارزانى بەکارتى ریفراندۆم هەر ئەم فەشەلانەى سەرەوە ناشارنەوە ، بەڵکو دواى ریفراندۆمەکەش دەیکەنە مادەیەک بۆ پروپاگەندەى هەڵبژاردنى داهاتوو و لە هەڵبژاردنى کوردستان دەڵێن ئێمە دەوڵەتتان بۆ دروست دەکەین و ڕاپرسیەکەیشیمان کردوە و لە هەڵبژاردنى عیراقیش یەزیدى و شەبەک و کلد و ئاشوورى و کەمەنەتەوەییەکانى ترى پێڕاادەکێشن کە ئبَستا بەهۆى کارەساتى چۆڵکردنى شەنگالەوە لەم حیزبە دوورکەوتوونەوە و چاوەرواندەکرێت کە ژمارەى کورسیەکانى پارتى لە 25 دابەزێت بۆ 18 – 19 کورسى. هەر بۆیە لەئێستاوە کەوتونەتە بەخشینەوەى کارتى نیشتمانپەروەرى و دەڵێن ئەوەى لەگەڵ ریفراندۆم نەبێت خائینە. 

(کۆتایى) 

ئەگەر بارزانى دەیەوێت هاوڵاتیانى کوردستان ، ئەوانەى کە ئەنفالکران و کیمیابارانکران و ماڵ و حاڵیان وێران وتاڵانکرا خائین دەرنەچن بەقەولى هەندێک لە زورناژەنەکان کە لەئێستاوە کەوتونەتە بڵاوکردنەوەى ئەم جۆرەتۆمەتانە و هەموو پێکەوە بچن بۆ ریفراندۆم و بە بەڵێ دەنگ بدەن بە (دەوڵەتى کوردستان) ، پێویستە پەرلەمان کارابکرێتەوە و شەرعیەت بداتە پرۆسەى ریفراندۆم و موچەى فەرمانبەران چاکبکرێت و خەڵک سزانەدرێت و لانى کەم بەشێک لە وڵاتانى دەرەکى قانع بکرێت و دەسەڵاتەکانى پارتیش وەک قەبارەى دەنگەکانى لێبێت و لەو غرورە سیاسیە وازبهێنێت کە ئەم وڵات و دەوڵەتە بەتاپۆى خۆى بزانێت و هەرکاتێک بیەوێت وەزیر بنێرێتە ماڵەوە ، غەدر لەو حیزبە سیاسیە بکات کە بەحساب رێکەوتنى ستراتیژى لەگەڵ هەیە بەڵام لەناو هەولێرى پایتەختدا مامەڵەى پلە دوو لەگەڵ کادیر و جەماوەرى سەوزبکات.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085