
وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا ڕه‌تیده‌كاته‌وه مه‌سعود بارزانی داوای ئازادكردنی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاشی كردبێت و ده‌ڵێت بابه‌تێكی له‌و شێوه‌یه باس نه‌كراوه. نومان كورتوڵموش، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا، به ڕۆژنامه‌نوسانی ڕایگه‌یاند: له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ توركیا مه‌سعود بارزانی داوای ئازادكردنی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆكی هه‌ده‌په‌ی نه‌كردوه‌و ئه‌م جۆره بابه‌تانه باس نه‌كراون. ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه دوێنێ میدیاكانی پارتی بڵاویانكرده‌وه، گوایه بارزانی داوای له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كردوه ده‌میرتاش ئازاد بكه‌ن. وته‌بێژی حكومه‌تی توركیا، ئاماژه‌ی بهوهكردوه، پوخته‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بارزانی چاوخشاندنه‌وه بووه به هه‌ماهه‌نگی توركیا و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاشكراشیكردوه ته‌وه‌رێكی تری گفتوگۆكان به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی هاوبه‌شی دژی ڕێكخراوه تیرۆریستیه‌كان بووه، كه جگه له‌داعش مه‌به‌ست له په‌كه‌كه‌و یه‌په‌گه‌یه. مه‌سعود بارزانی له‌چه‌ند ڕۆژی رابردودا سه‌ردانی توركیای كرد‌و به‌پێی میدیاكانی ئه‌و وڵاته بێت، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌نقه‌ره له‌سه‌ر پرسی نه‌وتی كه‌ركوك و ناردنی پێشمه‌رگه‌كانی سه‌ر به ئه‌نه‌كه‌سه بۆ ڕۆژئاوا و پرسی شه‌نگال و موسڵ گفتوگۆیان كردووه. -