
لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزاییەکان لەبەرامبەر داگیرکردنی شارۆچکەی باشیک-ی باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، ئاشکرابوو، کە دەوڵەتی تورک لە شارەدێی زومار بارەگایەکی سەربازی نوێ دروست دەکات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی، لە سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بە ڕۆژنیوز دراوە و نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، دەوڵەتی تورک پاش شارۆچکەی باشیک، لە شارەدێی زومار و لە نزیک شەنگال بارەگایەکی سەربازی نوێ دروست دەکات.
هەرچەندە، هەتا ئێستا نە حکومەتی ناوەند و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیج لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەو بابەتە نەداوە، بەڵام بە وتەی سەرچاوەکەی ڕۆژنیوز، دروستکردنی ئەو بارەگا سەربازییە، لەچوارچێوەی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لە وەرزی بەهاردا لە دژی شەنگال.
هەر بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو بارەگا سەربازییەی، کە ئێستا تورکیا دروستی دەکات، نزیکە لە بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە، کە جەمال ئیمنیکی، سوپا سالاری پێشمەرگە فەرماندەیی دەکات.
دروستکردنی ئەو بارەگا نوێیە لەکاتێکدایە، کە لە باشوری کوردستان ناڕەزاییەکی زۆر هەیە لەبەرامبەر هەبوونی بارەگای سەربازی دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باشیک، سۆران، بادینان و چەندین کۆمیتە و کەمپەین راگەیەنداروە بۆچوونەوە دەرەوەی سوپای تورکیا،
زومار، سەر بە شارۆچکەی تەلەعفەر-ە و پارێزگای موسڵ، لە باکوری ڕۆژھەڵاتەوە لەگەڵ شاری زاخۆ، لە باشورەوە لەگەڵ تەلەعفەر و لە باشوری ڕۆژاواوە لەگەڵ شەنگال ھاوسنوورە.