

پارتی دیموكراتی كوردستان دەیەوێ بۆ جیابوونەوە لە عێراق هەنگاوی نوێ بهاوێت. هەنگاوێک کە لەنێو ئەو حیزبەدا کۆدەنگیی دروستکردووە. زۆرینەی هەرە زۆری سەرکردایەتی بە بارزانیشەوە دەیانەوێ پارتی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی عێراقدا بەشداریی نەکات.
پارتی جێی وەزیرەکانی لە بەغدا، بە پۆستی وەزیری داراییشەوە، پڕناکاتەوە. نەک هەر ئەوەندە، بگرە ئیدی هیچ پۆستێکی دیکەش لە بەغدا وەرناگرێ.
جەعفەر ئیبراهیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به رووداوی راگەیاند "پارتی بە جددی باسی ئەوە دەکات ئایا بەشداری بکات لەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق یان نا! چونکە ئێستا رایەکی زاڵ لەنێو پارتیدا هەیە کە چیدیکە بەشداری نەکەن لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا و ئەم رایە زۆر بەهێزە".
هاتنی شاندی هاوپەیمانی نیشتمانیی شیعە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ هەولێر، بڕیاری پارتی بۆ کشانەوەی زووتر لە بەغدا هەڵپەسارد. عەمار حەکیم، کە بە پیاوە میانەڕەوەکەی شیعەکان دادەنرێت، داوایکردووە هەولێر چانسێکی دیکە بداتەوە بەغدا.
بڕیاری کشانەوە لە بەغدا و بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، تەنیا ویستی پارتییە، بەڵام حیزبەکانی کوردستان هەموو وەکو پارتی بیرناکەنەوە. یەکێتی هیچ شتێک بە پاساو نازانێت بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی عێراقدا.
ئارێز عەبدوڵلا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە پەرلەمانتاری ئەو حیزبەیە لە بەغدا سیاسەتی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق راگەیاندووه "بێگومان تاوەکو بەشێک بین لە دەوڵەتی عێراق بەشداری دەکەین لە هەڵبژاردنەکانی عێراق و پێویستیشە بەشداربین. ناکرێ بەدەستی خۆمان، خۆمان فەرامۆش بکەین، ئێستاش هەوڵ هەیە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا چارەسەر بکرێن".