
هۆشیارعەبدوڵا ڕایدەگەیەنێت، هەتا ئەو کاتەی پارتی بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ بە بنەماڵەیی کردنی حوکم لە کوردستان، ئەوا لە هەموو جوڵەیەکیدا دەمانبینێت کە لەبەردەم و بەرامبەریان وەستاوینەتەوە.
هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لەئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لەڕاگەیەندراوێکدا دەلێت، وەک بزوتنەوەی گۆڕان ئامانجمان ئەوەیە، کیان و هەرێمێکمان هەبێت کە لەسەر بنەمای هاوڵاتی بون و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بونیاد نرابێت نەک لەسەر عەقڵیەتی خێڵ و عەشرەت وبنەماڵە.
ئاماژە بەوەشدەکات، کێشەی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی ئەوەیە، دەرگیری عەقڵیەتێکی بنەماڵەیی بوە ، ئامادەیە هەموو خێر و بێری وڵات ، سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی بۆخۆی بەرێت بەڵام ئامادە نیە موچە و ژیانێکی هەرە ئاسایی بدات بە خەڵک و هاونیشتیمانیان.
ئەو پەرلەمانتارەى فراکسیۆنى گۆڕان جەخت دەکات، پارتی ، دەتوانێ سینارێۆمان لە دژ بکات ، دەتوانێ بە هەموو جۆرە ئالیەتێکی نامەدەنی و نایاسایی بکەوێتە دژایەتیمان تەنانەت ئەتوانێ تیرۆریشمان بکات و بمانکۆژێ ، بەڵام مومکین نیە بتوانێ ڕوبەڕوی ئەو گوتار و فکرە ببێتەوە کە هەڵمانگرتوە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر فراواندەبێت، ئەزمونی دوای ساڵی ۱۹۹۱ ئەو ڕاستیەی لای خەڵک سەلماند کە بنەماڵە سیاسیەکان هەموو باشیەکیان بۆ خۆیان دەوێت لەسەر حسابی ژیانی خەڵک و متمانەیان بە تەواوی لای خەڵک لەدەست داوە.
هۆشیار عەبدوڵا دەشڵێت، ئێستا ئیدی کاتیەتی کە عەقڵیەتێکی نوێ ئیدارەی ئەم هەرێمە بکات دور لە عەقڵەتی بناماڵەیی و شەرعیەتی شۆڕشکێری ئەوانەی لە دوای ڕاپەرینەوە شکستیان سەلماوە.
