ئایا کەسێک کە حوکم دراوە و لە بەندیخانەدایە بەپێی یاسا مافی هەیە چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی و میدیایی ئەنجام بدات  ؟ 
👈ئاشکرایە کەسانی بەندی و حوکمدراو لە چاکسازیەکان دا دەبێت پابەندی یاساو ڕێنماییەکانی چاکسازی “ بەندیخانە “ بن لەبەر ئەوەی بە بڕیاری دادگا حوکمدراون و بەندکراون و ملکەچن لە ماوەی بەسەربردنی حوکمەکەیاندا و وەک کەسێکی ئاسایی ناتوانن ژیان بکەن، ئەمەش لەلایەک وەک سزایەک بۆی و لەپێناو ێکخستن و کۆنتڕۆڵ کردنی زیندانیانی ناو چاکسازیەکان و پاراستنی ئەمنیەت و سەلامەتییان لەلایەکی دیکەوە.
👈ئەمەش لە هەرێمی کوردستان دا ڕێکخراوە بە یاسایەک بەناوی یاسای سیستمی چاکسازیە کۆمەڵایەتیەکان لە هەرێم بە ژمارە “ 1 “ ی ساڵی “ 2008 “ کە تیایدا سەرجەم کاروبارەکانی زیندانیان و بەڕێوبەران و سەرپەرشتیاری زیندانیانی ڕێکخستوە  و لە لایەکی دیکەشەوە مافەکانی زیندانی دیاریکردوە لە چوار بەش دا کە بریتین لە مافی “ کارکردن ، خوێندن  ، سەردانیکردن ، چاودێری تەندروستی ، مۆڵەتدانی ماڵەوە “ کە لەماددەکانی “ 25 و 33 و 38 و 39 و 40 “ لە یاساکەدا جێکراونەتەوە کە ئەمانە بە وردی و چونە ناو ناوەڕۆکەوە لە یاساکەدا باسکراون و کراونەتە مافی یاسایی کەسی بەندکراو.
👈سەبارەت بە ڕێگەدان بەچاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی و میدیایی و داخل بون لەبەرنامەی ڕاستەوخۆ و ئەنجامدانی کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی سیستمەکە بەهیچ جۆرێک لە هیچ کام لە بەش و دەق و ماددەکانی دا ئەم مافەی بەکەسی زیندانیکراو نەداوە ! ، جا ئەو کەسە ئاسایی یان سیاسی یان دیبلۆماتی یان ئایینی یان کۆمەڵایەتی بێت.
👈🏽کەواتە لێرەوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت ئەنجامدانی کارە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانە و تەواوی مافە ئاساییەکانمان لە چاکسازیەکان دا ناتوانین پەیڕەو بکەین بۆیە هەر بەپێی یاساکە لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی لەم لایەنە و هەر لایەنێکی دیکەی ڕێنمایی ناو زیندان دەسەڵاتی پاراستن و ئەمنیەتی زیندان بۆی هەیە سزای کەسی زیندانی بدات بەپێی ماددە “ 27 “ لە هەمان یاسا کە سزاکان لە بێبەشکردن لە هەندێک چالاکی دەگرێتەوە تا سزای بەندکردنی تاکە کەسی “ حجز  الانفرادی “ لە چاکسازیەکان دا . 
👈لە کۆتایی دا دەرکەوت ئەمە دەقی یاسایە و هەموشمان لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساین لەم هەرێمە دا بەڵام ناکرێت کاتێک یاسایەک دژە لەگەڵ بەرژەوندیەکانمان بابەتەکە ببەینەوە بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ و یاسایەکیش کە هاوشان بوو بە خۆمان بە یاسای باشی بزانین ! ، وە دەبێت ئەوەش بپرسین ئایا ئەوانەی تاوان دەکەن و دەچنە زیندانەکان و مافی خەڵک پێشێل دەکەن هەموو ڕۆژێک بێنە سەر تیڤیەکان و خیطاب بۆ خەڵک بدەن چ مانایەک بۆ دادگا و چاکسازی و مافی سکاڵاکار و مافی گشتی دەمێنێتەوە و کوێی ئەمە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئازادی بیروڕاو و مافی مرۆڤ ؟ 
شاڵاو ئەبوبەکر، پارێزەر
                        
