ناوم رێكارە!
بە رووداوی هاتوچۆ نەمردم، شەوێك لە لالەزار كوژرام؟سوتێنرام؟ دیلكرام؟ جارێ لێیگەڕێن بۆ مێژوو، ئێستا لە پزیشكی دادوەرییەوە دەمبەنەوە بۆ زێدی خۆم و ناناسرێمەوە، 74 رۆژی ساردكەرەوەی مەیتخانە فینكی نەكردمەوە، تا ئێستا گڕ هەر باوەشی پیاكردووم و لێم نابێتەوە، لێم گەڕێن لە زێی دووكان پشوویەك بدەم و فێنكم بێتەوە.
گوێم لە دەنگتانە، لە فاتیحاو نزاكانتان، چیرۆكی خراپترین جۆری مردنمان بۆ یەكتری دەگێڕنەوە، ئێوە هەموو رۆژێ بەبەردەم تەرمەكەم تێپەڕ دەبوون سڵاوێكتان نەكرد؟، ئەو رۆژانی ناو ساردكەرەوەكەتان لەگەڵمدا نەژمارد، خەمسارد بەرامبەر فرمێسكەكانی باوكم، بووم بە چیرۆكی تەرمێكی نەناسراوی جەنگێك كە مێژووی سلێمانی بیر ناچێتەوە.
لەناو ئەمولانسەكە بە شەقامەكانتان، بە بەردەم ماڵ و بارەگای حزب و پرۆژەكانتان تێپەڕ دەبم، بوەستنن ئەوە وێنەی كاندیدو دروشمەكانتانە، كوا وێنەی سووتاوی هاوڕێكانم؟ نەفرەت لەو بێدەنگییە سامناكەی كەناڵ و كاندیدەكان، لە بێباكیتان بەرامبەر بازرگانی بە خۆێنی بەناهەق ڕژاوی ئەو گەنجانە، كە تەنها هەلی كاری ئاسانی ئەم نیشتمانە چەكداریی بێت.
سەربازگەكانتان دەبینم، بە پۆشاك و چەكی جیاواز، بە بازگەكانتان تێدەپەڕم، گەنجێك نزیكە لە تەمەنمەوە سڵاوم لێدەكات، دەرفەرت نییە پێی بڵێم ئاواتە خواز نییم گوللەیەك دڵت كون بكات و بۆمبی دەبابەیەك بتكا بە خەڵوز، بارزگانانی جەنگ بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و زۆربوونی سامانەكانیان بتكەنە تەنیا ژمارەیەك لە ناو لیستی كوژراو.
دەمبەنەوە گۆڕستانی باڵەكایەتی، روخساری هاورێكانم دەبینم، وێنەم دەگرن، دەگرین، خۆڵ دەكەن بەسەر جەستەی ماندووما، گوێم لە دەنگی باوكمە دەڵێت: گەردنی ئازا كەن، پرسیار دەكەم: كوا گەردنم باوكە گیان؟.
دەنووم، ماندووم پرسەم بۆ دادەنێن، چلەم بۆ دەكەن، لە لیستی دایەری نفوس و یادەوەری دەمسڕنەوە، باوكم دەچێت شەهیدانەم بۆ دەكات، پێی دەڵێن: لە شەهادەی وەفاتەكەی نوسراوە بە فیشەكی وێڵ گیانی لەدەستداوە...................ڕەحمان غەریب
