نوێترین

recent

24/11/2016

سەرچاوەیەكی پارتی: فەرەیدون عەبدولقادر دەبێتە سەرۆكی حكومەت

سەرچاوەیەك رایدەگەیەنێت، تائێستا هیچ بابەتێك لەسەر پۆستی نوێی فەرەیدون عەبدولقادر ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەناو یەكێتیەكاندا ئاشكرا نەكراوە.
رۆژی 20ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكی بۆ كێشە سیاسی‌و ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان خستەڕوو، كە لەدەستپێشخەرییەكەدا داوای لەلایەنە سیاسییەكان كردووە، پەرلەمانی كوردستان كارابكەنەوەو دەستەیەكی سەرۆكایەتی نوێی بۆ هەڵبژێرن، دواتر حكومەتی نوێ‌ دروستبكەن‌ و تا هەڵبژاردنی داهاتوو كەسێكیش بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دەستنیشانبكەن.
لەبارەی گۆڕانكاری لە حكومەتی هەرێمدا، سەرچاوەیەكی نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی گۆڤاری "شارپرێس"ی ئاشكراكردوە، فەرەیدون عەبدولقادر، كە ئێستا لەگەل باڵی "ناوەندی بڕیار"ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كاردەكات، لە پێكهێنانەوەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستاندا پۆستێكی باڵا وەردەگرێت و ئەگەری زۆرە ئەو پۆستە باڵایە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
لەبارەی ئەو زانیارییەوە، سەرچاوەیەكی ئاگاداری نێو یەكێتی بە رادیۆی نەوای راگەیاند، هیچ شتێكی لەو بابەتە نییە و تەنها دەنگۆیەكە، ئەگەر شتێكی وا هەبێت ئێمە دەزانین.
بۆ بەدواداچونی زیاتری ئەو هەواڵە رادیۆی نەوا پەیوەندی كرد بە فەرەیدون عەبدولقادرەوە، بەڵام كەسێكی نزیكی وەڵامی دایەوەو وتی "لەئێستادا فەرەیدون عەبدولقادر لە سەفەرێكی كورتە، پاش گەڕانەوەی لەوبارەیەوە لێدوان دەدات".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085